ماڵپەری بەهەشت

بەشە سەرەکیەکان
پرسیار و وەڵامی شەرعی
ئاماری ماڵپەڕ




ڕێکلام
هەندێك بەڵگەی عەقڵیی سەبارەت بە پێغەمبەرێتی محمد (صلى الله عليه وسلم)

لەو ڕۆژەوەی كە خوای گەورە موحەممەد (صلى الله عليه وسلم) ی ناردووە بۆ مرۆڤایەتیی وهەڵیبژاردووە بۆ گەیاندنی پەیامەكەی خۆی بەسەر زەوی ئیدیی هەموو ئەوانەی كە ئیسلامیان بە مەترسی داناوە بۆ بەرژەوەندییەكانیان ـ بەرژەوەندییەكەیان هەر جۆرێك بێت ـ كەوتوونەتە بەرهەڵستیی كردنی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) وپەیامە پیرۆزەكەی، و هیچ درێغییان نەكردووە و هەموو ڕێگەیەكیان بەكارهێناوە بۆ گەیشتن بە مەبەستەكانیان، بەڵام ئەوەی گرنگە وجێی داخە ئەوەیە كە بەهۆی ئەو گومان وقسە هەڵبەستراوانەی دوژمنانی ئیسلام دروستیی دەكەن، هەندێك ڕۆڵەی موسوڵمان پێیان كاریگەر دەبن و بیروباوەڕیان لاواز دەبێت، وەهۆكاری ئەمەش زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە موسوڵمانان بە گشتیی و گەنجان بەتایبەتی ڕۆشنبیریی ئیسلامییان زۆر كەمە، و ئەوەش بەهۆی دووری موسوڵمانانەوەیە لە سەرچاوە زانستییە ڕەسەنە ئیسلامییەكان و لەبەرامبەریشدا ڕووكردنیانە لە گوێگرتن لە هەندێ بۆچوون وخوێندنەوەی جۆرێك لە كتێب كە بە حیسابی خۆیان بۆ سوود وەرگرتن وخۆ ڕۆشنبیركردنە، بەڵام لە ڕاستییدا ئەو جۆرە سەرچاوانە وەك دەرمانی ماوە بەسەر چوو (ئیكسپایەر) وان و لە بریی سوودگەیاندن تەنها زیانیان پێ دەگەیەنێت و دەیانبینیت وردەوردە بە بیانووی خۆڕۆشنبیركردن زیاتر لە دین دووردەكەونەوە و زیاتر دەكەونە ژێر كاریگەریی ئەو گومانانەی كە دڵنەخۆشەكان بڵاوی دەكەنەوە، و یەكێك لەو گومانانەش سەبارەت بە پێغەمبەرێتی موحەممەدە صلى الله عليه وسلم ولێرەدا پشتیوان بە خوا هەندێك لەو بەڵگانە دەخەینە ڕوو (وەرمان گێڕاون بەكەمێك دەستكارييەوه ‌) كە هەر كەسێك لە ئێمە بیری پێ بدات ودڵ بخاتە لای بە ڕوونی بۆی دەردەكەوێت كە موحەممەد (صلى الله عليه وسلم) پێغەمبەرونێردراوی خوایە و ئەو پەیامەی كە هێناویەتی دەستنووسی خۆی نییە وبەرنامەی خوای گەورەیە بۆ ئێمەی مرۆڤی ناردووە، بەو هیوایەی ببێتەمایەی سوود گەیاندن، لەو بەڵگانەش:
1. وەك ئاشكرایە دۆست ودوژمن شاهێدیی ڕاستگۆییان بۆی داوە صلى الله عليه وسلم و ناوبانگی ڕاستگۆیی و دەست پاكیی هەبووە لە پێش پێغەمبەرێتیی، جا ئەگەر كەسێك درۆی لەگەل خەڵك ودەربارەی خەڵكی ئاسایی نەكردبێت ئایا دەكرێت و رێی تێدەچێت درۆ بە ناو خوای گەورەوه بكات ؟ وە خوای گەورەش خۆی بپارێزێت لە دەستیی دوژمنانی وپەیامەكەشی بپارێزێت لە نەمان ولەناوچوون تا ڕۆژی دوایی ؟
2. ئەگەر نێردراوی خوای گەورە نەبووایە بۆچی تەنها بانگەوازیی بۆ پەرستن و بەرز ڕاگرتنی خوا دەكردو دژایەتی هەموو پەرستراوەكانی دیكەی جگە لە خوای گەورە دەكرد بەتایبەتیش ئەوانەی لەمەككە و دەوروبەریدا بوون و بۆ ساتێكیش سازشیی لەسەر ئەو بابەتە (یەكتاپەرستیی) نەكردووە، لەو كاتەوە كە خۆی تەنهابووە تائەو كاتەش كە دەوڵەتی ئیسلامی دامەزراو تاوەفاتیی كرد صلى الله عليه وسلم هەڵوێستێكی نەگۆڕیی هەبووە بەرامبەر بە هاوەڵدانان.
3. هەرلەیەكەم ساتی بانگەوازەكەیەوە فەرموویەتی من بۆ ڕەش وسوور (هەموومرۆڤایەتی) نێردراوم و سەرەڕای ئەوەی قورئان بە زمانی عەرەبیی بووە كە چی نەپێغەمبەر صلى الله عليه وسلم و نەقورئانیش بانگەشەی عەرەبچێتییان نەكردووە و هەمیشە ئەوە دووپات كراوەتەوە كە بەڕێزترینتان لای خوای گەورە ئەو كەسەتانە كە زیاتر لە خوا دەترسێت و زیاتر چاكەكارە و ئەمەش تەنها لە ئایینێكی پەروەردگارانە و لە پێغەمبەرێك دەوەشێتەوە.
4. دەبینین كە هەوڵی داوە ئاسانكاریی بكرێت وموسوڵمان موژدەدەر بێت و ترسێنەر نەبێت و باری كەس قورس نەكرێت بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا هیچ كات ڕێگەی نەداوە سنوورەكانی خوای گەورە بشكێنرێن و هەمیشە موسوڵمانی هانداوە بۆ گوێڕایەڵیی خواو ئەنجامدانی كاری چاكە و ڕێگریی كردووە لە خراپەو تێكدەریی.
5. لە كاتێكدا كە پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم بە دەقی قورئان لای موسوڵمانان لە خۆیان لەبەرترە بۆیان و لە ماڵو منداڵیان خۆشەویستترە بەڵام دەبینین قورئان تەنها چوار جار ناوی هێناوەو ناوی هیچ كام لە هاوسەرەكانی و منداڵەكانی نەهاتووە كەچی هەر بۆ نموونە زیاتر لە (50) جار ناوی پێغەمبەر ئیبراهیم عليه السلام هاتووە و هەروەها ناوی ئافرەتی دیكە و ودەیان كەسایەتیی تر هاتووە.
6. ئەگەر بڕوانینە هەڵسوكەوتی دەبینین زۆر لەوە زیاتر كە فەرمانی بە موسوڵمانان كردووە ئەنجامی بدەن خۆی جێبە جێی كردووە و بە هیچ شێوەیەك لە ئەنجامدانی كاری چاكە و پەرستشەكاندا كەمتەر خەمیی نەكردووە، بۆ نموونە باشترین كەس بووە بۆ خێزانەكانی و زۆرترین نوێژ و ڕۆژووی زیكرو... هتد، ئەنجام داوە، ئەمەش تەنها سیفەتی پێغەمبەرانە.
7. دادپەروەرترین كەس بووە بۆ جێبەجێ كردنی حدودەكان وفەرموویەتی ئەگەر فاتیمەی كچی موحەممەد دزیی بكات دەستیی دەبڕم.
8. بەهەشتی لە خۆڕا بۆ كەس مسۆگەر نەكردووە وتەنانەت فەرموویەتی باوكم لە ئاگردایە ومامي كە تامردني پارێزگاري لێ كرد بە هەمان شێوە دەڵێت لە ئاگردايه ‌و ئەسكڵێك لە ژێر پێيدايە و مێشكي دەكوڵێت، هەروەها بە خزمە نزیكەكانی و بە فاتیمەی كچی خۆی فەرمووە من لە لای خوا بەكەڵكتان نایەم بۆیە خۆتان ڕزگاركەن لە ئاگر.
9. دووركەوتنەوەی لە هەموو شێوازەكانی خۆش گوزەرانی وەك كۆشك و تەلار و زێڕ و زیو و ماڵ و سامان و زەوی و زار و باخ وباخات و.. هتد و نەك هەر ئەمە بەڵكو جاری وا هەبووە بە مانگ و دوو مانگ ئاگر لە ماڵەكانیدا نەكراوەتەوە و دواتریش فەرمانكردنیی بەوەی لە دوای خۆی هیچ بە میرات جێناهێڵێ، ئەگەر ئەمانە هەمووی لەبەر ئەوە نەبێت بەتەمای دواڕۆژبێت ئەی دەبێت لە پێناوی چیدا ئەمەی كردبێت ؟
10. باسكردنی هەندێك بابەتی گەورەی شاراوە (غیب) ی وەك شەوڕەویی (إسراء و معراج) و باسی بینینی بەهەشت و دۆزەخ و نیشانەكانی قیامەت و باسی ڕۆژیی دوایی كە هۆكارێك بووە بۆ ئەوەی دوژمنانی بە درۆی بخەنەوە و دووریش نەبووە دۆستانی لێی دووربكەونەوە تەنها كاری پێغەمبەرێكە پشت ئەستوور بێت بە خوا، كاری (كەسی عاقڵ و عەبقەریی) نییە.
11. لەكاتێكدا كە هەردوو ئاینیی جوولەكە و گاور بە حیساب دوو ئاینی ئاسمانی ئەو كاتە بوون كەچی هەر لە یەكەم هاتنیەوە ئیسلام هەواڵیی ئەوەی دا كە ئەو ئایینانە تێكدراون و هەمیشە هەوڵی ئەوەی داوە موسوڵمانان پێچەوانەیان بكەن لە كارو كردەوەیاندا لەگەڵ ئەوەشدا هەواڵی داوە كە قورئان دەستكاریی ناكرێت و تا ئێستاش ودوای چواردە سەدە هەربەو شێوەیە.
12. هیچ لایەنێك لە لایەنەكانی ژیان نەماوە باسی نەكات هەر لە باسی چوونە سەرئاو و شێوازی سەڵاو كردن و سەردان وخواردن وخواردنەوە تا دەگاتە هەمووكایەكانی تری ژیان، تەنانەت هانی موسوڵمانی داوە بۆ لادانی چڵە دارێك لەسەر ڕێگا و زەردەخەنەكردن بە ڕووی برای موسوڵمانیداو ئەمەش بەرنامەیەكی تەواوو گشتگیری ژیانە و كاری پاشایەك، یان یاساناسێك یان سەركردە و فەیلەسوفێك نییە بەڵكو تەنها پەیامێكی خواییە.
13. هەواڵی بابەتگەلێكی دابوو كە ڕوودەدەن وەك ڕزگاركردنی فارس و ڕۆم و بڵاوبوونەوەی ئیسلام بەسەرزەویدا، ئەوەبوو لەدوای وەفاتی صلى الله عليه وسلم ئەوانە ڕوویانداو ئایینەكەشی بەردەوام بوو بەڵكو بەر فراوانتر بوو وە تائێستاش هەر بڵاوەدەكات و دەبینین كەسانێك لە ناو جەرگەی خانەوادە گاورەكانەوە دێن ونەك هەر موسوڵمان دەبن بەڵكو دەبنە بانگەوازكارێكیش بۆ ئایینەكەی.
لە كۆتاییشدا هیوادارین گەنجی موسوڵمان بە شێوەیەكی بابەتیی و دوور لە هەڵچوون و شوێنكەوتنی ئارەزوو لە ئیسلام بكۆڵێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت بگاتە ئەوەی بڕیارێكی دروست بدات و دەست بە ئایینەكەیەوە بگرێت و خوای گەورەش پشتیوانی هەموولایەك بێت.
ئامادەكردن ووەرگێڕان بە دەستكارييەوە
م.سوران رفیق

www.ba8.org

بینێرە بۆ هاوڕێکەت
چاپکردن
ستایڵ
  • قەبارەی فۆنت
    • گەورەکردن:
    • zoomin
    • بچوک کردنەوە:
    • zoomout
  • جۆری فۆنت
    • ههەڵبژاردن:
  • ڕەنگی فۆنت
    • هەڵبژاردن:
  • بنەڕەتی کردنەوە
    • بنەرەتی
ڕێکلام