الحمدلله رب العالمين والصلاة والسلام على خاتم الأنبياء والمرسلين وصلى الله على محمد وعلى آله وصحبه اجمعين وبعد:
خوشك و برا ئیمانیەكانم خودای گەورە لە سورەتی الژاریات ئایەتی 55 دا دەفەرموێــــت:[وَذَكِّرْ فَإِنَّ الذِّكْرَيٰ تَنْفَعُ الْمُؤْمِنِينَ] واتە: ئەی پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم بەردەوام ئامۆژگاری بكە، چونكە ئامۆژگاری هەمیشە كەڵك بەبڕواداران ئەگەیەنێ ئەگەرچی بێباوەڕانیش سوودی لێوەرنەگرن. بێگومان چەندین كاری چاك هەیە بەڵام ئەبێت هەمیشە فەرموودە ئاڵتونییەكانی پێغەمبەری خوامان صلى الله عليه وسلم لەبیر بێت كە پێمانی ڕاگەیاندووە: ((وَاعْلَمُوا أَنَّ أَحَبَّ الْعَمَلِ إِلَي اللَّهِ أَدْوَمُهُ وَإِنْ قَلَّ)).[بخاري / الرقاق/ ٦٠٩٩] واتە: بیشزانن خۆشەویستترین كردار لای خوا بەردەوامترینیانە باكەمیش بێت. لەبەر ئەوە كاتێك كارێكی باش دەكەیت سەیری بچوكی كارەكە مەكە دڵنیابە لەوەی خوای پەروەردگار زۆر بە گەورەی تەماشای كارەكەت دەكات و پاداشتت دەداتەوە لەسەری ئەگەر بەدڵسۆزی بۆ خودای بكەیت و پێچەوانەی سوننەتەكانی پێغەمبەرەكەی نەبێت صلى الله عليه وسلم و بەپێی توانات بەردەوام بە لەسەری هەروەك پێغەمبەرمان صلى الله عليه وسلم دەفەرموێت: ((فَإِذَا أَمَرْتُكُمْ بِشَيْءٍ فَأْتُوا مِنْهُ مَا اسْتَطَعْتُمْ)).[بخاري / الاعتصام بالكتاب و السنة]
واتە: ئەگەر فەرمانی شتێكم پێكردن چەندەتان توانی ئەنجامی بدەن.بە پشتیوانی خوا لێرەدا كۆمەڵێك كاری ئاسان و سادە باس دەكەین كە ئەگەر بەردەوام بین لەسەری ئەوا چەندین خێرمان دەست دەكەوێت كە ئەوانیش:
1. زانستی شەرعی: (هەفتانە)
أ. لەبەركردنی 5 ئایەت بە تەفسیرەوە.
ب. لەبەركردنی فەرموودەیەك.
ت. خوێندنەوەی 5 لاپەڕەی كتێبێكی شەرعی.
ث. گوێگرتن لە وتاری بەسود.
2. سوننەتەكان:
أ. مانگی 3 ڕۆژ بەڕۆژوبون.
ب. شەونوێژكردن.
ت. سەردانیكردنی گۆڕستان.
ث. كردنی سوننەتەكانی پێش و پاشی نوێژە فەرزەكان.
3. بەجێهێنانی سیلەی ڕەحم:
أ. سەردانیكردنی هەفتانە بۆ ماڵی خزم و دۆستان و دراوسێكانت بەتایبەت ئەوانەی سەردانت ناكەن.
ب. بەشداریكردن لە خۆشی و ناخۆشییەكانی دۆستان و دراوسێكانت.
4. پەروەردەكردنی منداڵ:
أ. دانیشتنی هەفتانە لەگەڵ منداڵەكانت بۆ ڕوونكردنەوەی زیاتری ئایەت و فەرموودەكانی پێغەمبەرمان صلى الله عليه وسلم
ب. فێركردنی منداڵەكانت بە ئەو بەهاو ڕەوشتانەی كە پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم و هاوەڵانی لەسەر بووەن.
5. بانگەوازیكردن:
أ. بەخشینی كتێب و نامیلكە و ... بەو كەسانەی كە پێویستیانە.
ب. گەیاندنی ئەو زانستەی كە پێتە بە كەسانی دەورووبەرت.
ت. بەردەوام بوون لەسەر فەرمان كردن بە چاكە و نەهی كردن لە خراپە بە گوێرەی شەرعی خوای گەورە.
6. خێركردن:
أ. بەخشینی ئەگەرچی بڕێكی زۆر كەمیش بێت لە پارە بۆ هەژار و كەمدەرامەت.
ب. كۆكردنەوەی پارە بە جیا لە دەغیلەیەكدا تا هەركات كەسێك پێویستی بوو بیبەخشیت.
7. كەمكردنەوەی خووی خراپ:
أ. وازهێنان لە غەیبەت كردن و قسە هێنان و بردن.
ب. گوێ نەگرتن لە گۆرانی و سروودی بە ناو ئاینی.
ت. سەیرنەكردنی فیلم و زنجیرە.
ث. بایەخنەدان بە خۆڕازاندنەوە بە جل و بەرگی نەشیاو و ناشەرعی بەتایبەت بۆ خوشكان.
داواكارم لەخوای پەروەردگار دڵی هەموومان پاك بكاتەوە و یارمەتی دەرمان بێت بۆ بەردەوامبوون لە كردنی كاری چاك.
وصلى الله على نبينا محمد وعلى آله وأصحابه والتابعين لهم باحسان.