كورتە باسێك سەبارەت بە بیدعە ( * )
بیدعە چیە ؟
(البدعة) : لەزمانی عەرەبیدا بە شتێك دەگوترێت بێتە بوونەوە، كە لەوەو پێش نەبوبێ ، زیاتریش بۆ (ذم) – كەم كردنەوەی ڕێز - بەكار دەهێنرێت .
بیدعە لە ڕووە شەرعیەكەیەوە :
بە هەموو ئەو ڕێگا و شێوازانەی عیبادەت دەگوترێت كە داهێنراوبن ، و لە ئەصلی شەرعدا نەبن ، و لە قورئان و سوننەتدا ئاماژەیان بۆ نەكرابێت ، و هیچ بەڵگەیەكی ڕاست و دروستی شەرعی لەسەر نەبێت ، و مەبەسـت پێی نزیــك بوونەوە لە پەروەردگار و دەست كەوتنی خێر بێت.
بەپێی ئەم پێناسەیە : هەر داهێنراوێك مەبەست پێی عیبادەت و نزیك بوونەوە لە پەروەردگار نەبێت ، وەك داهێنراوە دوونیاییەكان ، ناكەونە ژێر ئەم بەخراپ زانین و حەرامیەتەوە .
موسڵمانی بەڕێز ، بزانە لە بنچینەكانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام كە ئیمان بەبێ ئەو دانامەزرێت باوەڕبوونی تەواوەتی یە بەوەی كە ئەم دینە پەروەردگارمان بەبێ كەم و كورتی دایڕشتوە و پێغەمبەرییش صلى الله عليه وسلم هەربەو تەواوەتیە بە موسڵمانانی ڕاگەیاندووە، و هیچی لێ زیاد و كەم نەكردووە ، و بە ئاشكرا بانگەوازی بۆ كردووە. ئەركی سەرشانی موسڵمانیش گوێڕایەڵی و پەیڕەوی كردنە – السمع و الطاعة – و هیچی تر نا!
خوای گەورە دەفەرموێت :[ الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ وَأَتْمَمْتُ عَلَيْكُمْ نِعْمَتِي وَرَضِيتُ لَكُمُ الْأِسْلامَ دِيناً] . واتە: ئەمڕۆ- لە حجة الوداع- دینەكەتانم بۆ كامڵا كرد بەڕوونكردنەوەی دین بۆتان بە تەواوی و سەرخستنتان بەسەر هاوەڵ بڕیاردەرەكاندا ، هەروەها تەواو نیعمەتی خۆمم بەسەردا ڕشتن و ڕازی بووم بە ئیسلام كە ئاینتان بێ .
پێغهمبهری خوا صلى الله عليه وسلم (( إنــي قـدتركتـكم عـلى مثـل البيضـاء ليـلهـا كنهارها لا يزيغ عنها بعدى إلا هالك)) أخرجه احمد وصححه الألباني واتە: بەڕاستی و بێ گومان من لەسەر ڕۆشناییەك ئێوەم جێ هێشتووە، شەوی وەك ڕۆژی وەهایە ،هەركەسێك دوای من لێی لابدات ، بێگومان تیاچووە.
داهێنان و زیاد كردن لەدیندا ڕێگەی پێ نەدراوە
1/ شەرع دانان – التشریع – تەنها مافی پەروەردگارە، بەندەكان بۆیان نیە لە دین و شەرعی پەروەردگار زیاد بكەن .
2/ فەرمان و ئەركی سەرشانی خەڵكی تەنها گوێڕایەلێ و پەیڕەویكردنی شەرعە ، و نابێت نە لێی زیا بكرێت نە كەم .
3/ پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم دەروازەی بیدعە و زیاد كردنی لە دیندا بە ڕووی هەموو كەسێكدا بۆ هەتا هەتایی داخستووە ، وەكو فەرموویەتی : (( من عمل عملاً ليس عليه امرنا فهو رد)) أخرجه مسلم. واتە: هەر كەسێك كردەوەیەك - عیبادەتێك - بكات و فەرمانی ئەم دینەی ئێمەی لەسەر نەبێت ، ئەوا لێی وەرناگیرێت .
چۆن بیدعە بناسین ؟!
(ابن تیمیة - رحمه الله -) بنچینە و بنەمایەكی داڕشتووە ، كە بەهۆیەوە بتوانین بیدعە بناسینەوە ، و لە كتێبی (العبودیة) دا فەرموویەتی :
كاكڵە و كرۆكی دین لەسەر دوو بنچینەیە :
1/ هیچ كەس و هیچ شتێك نەپەرستین تەنها ( الله ) نەبێت .
2/ بەو شێوەیەش بیپەرستین كە خۆی بۆی داناوین .
وە لە كتێبی (اقتضاء الصراط المستقيم : ص269) دا فەرموویەتی :
بنچینە لە هەموو عیبادەتەكاندا ئەوەیە: هیچ عیبادەتێك نەكرێت بە شەرع تەنها ئەوە نەبێت كە پەروەردگار كردوویەتی بەشەرع .
وە لە عاداتیشدا ئەوەیە : هیچ عادەتێك نەكرێت ، تەنها ئەوە نەبێت كە پەروەردگار ڕێگەی پێداوە و مخالەفەی شەرع نیە.
جا كردەوە بۆ ئەوەی چاك بێت و وەرگیراو بێت ، پێویستە دوو مەرجی گەورەی تێدا بێت :
یەكەمیان : خاوەن كردەوەكە مەبەستی پێی ڕەزامەندی پەروەردگار بێت .
دووەمیان : دەبێت كردەوەكە بەپێی ئەو شەرعە بێت كە پەروەردگار لە قورئاندا دای ڕشتووە ، یاخود پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم لە فەرموودەكانیدا ڕوونی كردووەتەوە.
هەر كردەوەیەك ئەو دوو مەرجەی تیادا نەبێت ئەوە بیدعە و گومڕاییە .
ئەو كەسەی دەڵێت كردەوەی چاك تەنها بە نیەتی چاكە ، ئەوە ڕاست ناكات ، چونكە نیەتی چاك بەتەنها بەس نیە بۆ چاكێتی كردەوە ، بەڵكو پێویستە لەگەڵ نیەتە چاكەكەشدا ، لایەنی شەرعیشی تێدا ڕەچاو كرابێت ، چونكە كردەوەی خراپ ڕەوا نیە ئەگەر چی نیەتی بكەرەكەی چاكیش بێت.
جۆرەكانی بیدعە
بیدعە لەدیندا دووجۆرە :
جۆری یەكەم : بیدعەی بیرو باوەڕ و گوفتار : وەك ووتەكانی (الجهمية والمعتزلة والرافضة) و هەموو فیرقە گومڕاكانی تر.
جۆری دووەم : بیدعە لە عیبادەتەكاندا : ئەویش پەرستنی پەروەردگارە بەعیبادەتێك كە خۆی بەشەرعی دا نەنابێت .
ئەمانەی خوارەوەش چەند جۆرێكن لەو بیدعانە :
1/ ئەو بیدعەیەی لە بنچینەی عیبادەتەكەدایە : وەكو ئەوەی عیبادەتێك بهێنێتە كایەوە ، كە هیچ بنچینەیەكی نەبێ لەشەرعدا ، وەك نوێژێك زیاد بكات ، ڕۆژوویەك زیاد بكات ،جەژنێك زیاد بكات، وەك جەژنی سەری ساڵ و جەژنی ئیسرا و میعراج و بەرات و… هتد.
2/ زیادكردنەكە لەسەر عیبادەتە شەرعیەكە بێت : وەك زیاد كردنی ڕكاتی پێنجەم لە نوێژە چواریەكاندا .
3/ بیدعەی شێوەی ئەنجامدانی عیبادەتێك : وەكو زیكر كردنی بە كۆمەڵ بە دەنگی بەرز ، یاخود زۆر زیادەڕەوی لە عیبادەتدا ، بە شێوەیەك لە سوننەتی پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم دەربچێت .
4/ دیاری كردنی كاتێك بۆ عیبادەتێك كە ئەو كاتە جێگەی ئەو عیبادەتە نەبێ و شەرع دیاری نەكردبێ ، چونكە ئەصڵ لە عیبادەتی نوێژ و ڕۆژوو ئەوەیە كە شەرعیە و درووستە ، بەڵام كاتەكانی پێویستی بە بەڵگەیەكی شەرعی هەیە ، وەكو نوێژی سوننەتی پێش نوێژی جومعە كە (بیدعە)یە.
هۆكارەكانی درووست بوونی بیدعە
1/ نەزانینی سوننەت و زانستی زاراوەی فەرموودە - علم مصطلح الحديث - ، كە بووەتە هۆی جیانەكردنەوەی فەرمودەی (صحیح) و (ضعیف) لە لایەن زۆربەی موسڵمانانەوە .
2/ كەسانێك بوونەتە موفتی ، و پرس و ڕای شەرعیان پێ دەكرێت ، و دەرس بە خەڵكی دەڵێنەوە كە عیلمی شەرعیان پێ نیە ، و بە حەزوو ئارەزووی خۆیان فەتوا دەدەن .
3/ زۆر خوو و نەریت - عادات - كراون بەدین و شەرع ، بەبێ هیچ بەڵگەیەكی ڕاست لە قورئان و سوننەتدا ، وەكو كۆڕی تەعزیە دانان و بیدعەی ڕەش بینی بەرامبەر مانگی سەفەر و زۆر شتی تریش .
4/ شـوێن كـەوتنی كوێرانـەی زۆربـەی خەڵك بۆ كەسانێك كە بە مەعصوم و پیاو چاكیان دادەنێن و هەرچی ئەوان بیكەن ئەمان بە دین و شەرعی دەزانن ، ئەگەر پێچەوانەی قورئان و فەرموودەی صەحیحی پێغەمبەریش بێت صلى الله عليه وسلم .
5/ شوێن كەوتن هەندێك كەسی بەناو زانا بۆ ئەو ئایەت و فەرمودانەی كە لە ڕواڵەتدا شوبهەیان تێدایە ، (متشابه)ن و چەند تەفسیرێك هەڵدەگرن ، و خەڵكی پێدەخەنە گومانەوە و گومڕایان دەكەن.
چۆن خۆمان لە بیدعە بپارێزین
بۆ خۆپاراستن لە بیدعەكان پێویستمان بەوەیە چەند ڕێو شوێنێك بگرینە بەر :
یەكەم: بزانین سوننەتی ڕاستی پێغەمبەر چیە ، پاشان شوێنی بكەوین .
دووەم: هەموو بیدعەكان بە گەورە و بچوكەوە بزانین ، بۆ ئەوەی خۆمانی لێ بپارێزین و تێی نەكەین و گومڕا نەبین ، چونكە هەركەسێك نەزانێت خراپە چیە و چۆنە ، بێگومان تێی دەكەوێت
============================
(*) ئەم بابەتە مامۆستا (عدنان بارا م) نوسیویەتی ، و لە گۆڤاری (ڕێگای ڕاست) دا بڵاوی كردووەتەوە ، ئێمەش بە ئیزنی جەنابی هەڵساوین بە كورتكردنەوە ، و دەستكاریكردنی ، و لەم بابەتە بڵاومان كردووەتەوە .