الحمدلله وحده، والصلاة والسلام على من لا نبـي بعده :
لەگەڵ زاڵبوونی ماددە و بایەخ نەدان بە لایەنی ڕووحی ، شەڕ و ناكۆكی و دووبەرەكیش لە نێوان مرۆڤەكاندا زیاد دەبێت ، و وای لێدێت كەسەكان نەك هەر هەڵەی یەكتر قبوڵ ناكەن بەڵكو بە هەڵەیەكی گەورەتریش ڕووبەڕووی یەكتر دەبنەوە ، و شەڕ و ئاژاوەی گەورە لە نێوانیاندا دروست دەبێت، وەكو ئێستا بە چاوی خۆمان دەیبینین كە لە جیهاندا ڕۆژانە سەدەها مرۆڤ دەبنە قوربانی .
قورئان وەكو كۆتا كتێبی ئاسمانی لە چەندین ئایەتدا گرنگی بە چارەسەركردنی ئەو ناكۆكیانە داوە ، خوای گەورە فەرموویەتی :[وَلَا تَسْتَوِي الْحَسَنَةُ وَلَا السَّيِّئَةُ ۚ ادْفَعْ بِالّتِي هِيَ أَحْسَنُ فَإِذَا الّذِي بَيْنَكَ وَبَيْنَهُ عَدَاوَةٌ كَأَنَّهُ وَلِيٌّ حَمِيمٌ ] (فصلت : 34 ) .واتە : هەرگیز چاكەو خراپە یەكسان نین، بێگومان خوا یەكەمی خۆش دەوێ و، ڕقی لەدووەمە ، پاڵنێ بە خراپەوە بە جوانترین ئاكار، واتە: بە ئاكاری جوان و جوانتر وەڵامی خراپەكار بدەرەوە ، ئەوسا دەبینی ئەو كەسەی كە لەنێوان تۆو ئەودا دوژمنایەتیەك هەیە ، وای لێدێ دەڵێی دۆستێكی نزیك و بەسۆزە .
كەواتە بۆ ئەوەی كێشەكانت گەورەتر نەبن و كەسانی تر نەبن بە دوژمنت هەوڵ بدە ئەگەر كەسێك خراپەیەكیشی بەرامبەر كردیت ، لێی ببوریت و چاكەی بەرامبەر بكەیت ، نموونەیەكی زۆر جوانیش لەسەر ئەم بابەتە بەسەرهاتی ئەو پێغەمبەرەیە – علیه السلام – كە پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم بۆمان دەگێڕێتەوە كە گەلەكەی خوێناوییان كردووە ئەویش بە بێ هیچ كاردانەوەیەكی خراپ خوێنەكەی لابردووە و فەرمویەتی (( اللهم اغفر لقومي فإنهم لا يعلمون )) واتە : خوایە لە گەلەكەم ببورە چونكە ئەوان نازانن( رواه البخاري : 3477 ).ئەم پێغەمبەرە صلى الله عليه وسلم جگە لەوەی لە گەلەكەی خۆشبوو لەو تاوانە گەورەیەی بەرامبەریان كرد ، داوای لێخۆشبوونیشی لە خوای گەورە بۆ كردن ، و عوزری ئەوەی بۆ هێنانەوە كە ئەوان نازانن بۆیە وای لێدەكەن .
با لە خۆمان بپرسین ئەگەر كەسێك تاوانێكی لەو شێوەیەمان بەرامبەر ئەنجام بدات كاردانەوەمان چی دەبێت؟
سوودەكانی وەڵامدانەوەی خراپە بە چاكە
1 . پتەوبوونی برایەتی و خۆشەویستی لە نێوان تاكەكانی كۆمەڵگا و پاشانیش دروستبوونی كۆمەڵگایەكی ئیسلامی تۆكمە و بەهێز .
2 . دەبێتە هۆی حەوانەوەی دەروون و پاك بوونەوەی لە ڕق و كینە و ئیرەیی .
3 . دەستكەوتنی پاداشتی گەورە و نەبڕاوە و پلەی بەرز لای خوای گەورە .
4 . خۆشەویستت دەكات لای خوای گەورە ، و پاشانیش لای خەڵكی .
5 . دۆست و خۆشەویستت زیاد دەكات و دوژمنت كەم دەبێتەوە .
بەپێچەوانەشەوە وەڵامدانەوەی خراپە بە خراپە یان بە خراپتر دەبێتە هۆی لاوازبوونی برایەتی و ناڕەحەتی دەروونی و لە دەستدانی پاداشت و پلەی بەرز لای خوای گەورە .
خوای گەورە دڵپاك و سنگ فراوان و لێبووردەمان بكات بەرامبەر بە یەكتر آمین .
والحمدلله رب العالمین