پایەكانی ئیسلام
بەروار: 2012/03/14سەردارن: 5570نوسەر: شێخ محمد صالح العثيمين/وەرگێڕانی:مامۆستا محمد عبد الرحمن

پایەكانی ئیسلام : بریتییە لەو بنچینانەی كەوا ئاینی ئیسلامی لە سەر بنیات نراوە و بریتییە لە پێنج پایە كە باسكراون لەو فەرموودەیەی كە (ابن عمر رضي الله عنه) لە پێغەمبەرەوە صلى الله عليه وسلم دەیگێڕێتەوە كەوا فەرموویەتی : ((بُنِيَ الإِسْلاَمُ عَلَى خَمْسَةٍ : عَلَى أَنْ يُوَحَّدَ اللَّهُ ـ وفي رواية : عَلَى خَمْسٍ ـ : شَهَادَةِ أَنْ لاَ إِلَهَ إِلاَّ اللَّهُ وَأَنَّ مُحَمَّدَاً عَبْدُهُ وَرَسُولُهُ ، وَإِقَامِ الصَّلاَةِ ، وَإِيتَاءِ الزَّكَاةِ ، وَصِيَامِ رَمَضَانَ ، وَالْحَجِّ)) ، فَقَالَ رَجُلٌ : الْحَجِّ وَصِيَامِ رَمَضَانَ ، قَالَ : لاَ ، ((صِيَامِ رَمَضَانَ وَالْحَجِّ)) هَكَذَا سَمِعْتُهُ مِنْ رَسُولِ اللَّهِ (صلى الله عليه وسلم)(1)
واتە : ئیسلام بنیات نراوە لە سەر پێنج پایە : لە سەر ئەوەی كەوا خوا بە تەنها بپەرسترێت ـ وە لە ریوایەتێكی تردا هاتووە : شایەتی دان بەوەی كەوا هیچ پەرستراوێك نییە شایستەی پەرستن بێت جگە لە خوا ، وە بەڕاستی (مُحمَّد صلى الله عليه وسلم) عەبد و پێغەمبەری خوایە ، و ئەنجامدانی نوێژ ، و زەكات دان ، و ڕۆژووی ڕەمەزان ، و حەج كردن ، پیاوێك وتی : حەج كردن و ڕۆژووی ڕەمەزان ، (ابن عمر) فەرمووی : نەخێر ، ڕۆژووی ڕەمەزان و حەج كردن ، بەم شێوە بیستوومە لە پێغەمبەرەوە صلى الله عليه وسلم .
1 ـ شایەتی دان بەوەی كەوا هیچ پەرستراوێك نییە شایستەی پەرستن بێت جگە لە خوا ، وە بەڕاستی (مُحمَّد صلى الله عليه وسلم) عەبد و پێغەمبەری خوایە : بریتییە لە باوەڕێكی یەكلا و بێ‌گومان كەوا بە شایەتی دان بە زمان دەریدەبڕێت ، ئەوەندە یەكلا و بێ‌گومانە لەو باوەڕەیدا وەكو بڵێی بە چاو دەیبینێت ، وە ئەم شایەتی دانە كراوە بە یەك پایە لە گەڵا ئەوەی كە شایەتی پێ‌دراو لە دانەیەك زیاترە :
ئەمەش یان لە بەر ئەوەیە كەوا پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم ڕاگەیەنەرە لە لایەن خوای گەورەوە ، ئەوا شایەتی دان بۆی بە عەبدایەتی و پێغەمبەرایەتی لە تەواوكەری شایەتی دانە بەوەی كە هیچ پەرستراوێك نییە شایستەی پەرستن بێت جگە لە خوا .
وە یان لە بەر ئەوەیە كەوا ئەم دوو شایەتی دانە بنچینە و بنەمای ڕاست و دروستێتی و قەبوڵاكردنی كردەوەكانە ، چونكە هیچ كردەوەیەك ڕاست و دروست نییە و قەبوڵیش ناكرێت ئیللا بە نیەت پاكی بۆ خوای گەورە و شوێنكەوتنیش بۆ پێغەمبەرەكەی صلى الله عليه وسلم نەبێت :
چونكە بە (نیەت پاكی بۆ خوای گەورە / الإخلاص لله) شایەتی (هیچ پەرستراوێك نییە شایستەی پەرستن بێت جگە لە خوا) بە دی دێت ، وە بە (شوێنكەوتن بۆ پێغەمبەرەكەی صلى الله عليه وسلم) شایەتی (بەڕاستی مُحمَّد صلى الله عليه وسلم عەبد و پێغەمبەری خوایە) بە دی دێت .
وە لە بەرهەمەكانی ئەم شایەتومانە گەورەیە : ئازادكردنی دڵ و دەروونە لە بەندایەتی كردن بۆ دروستكراوەكان و هەروەها لە شوێنكەوتنیش بۆ جگە لە پێغەمبەران .
2 ـ وە ئەنجامدانی نوێژ بە ڕێكوپێكی بریتییە لە : پەرستنی خوای گەورە بە كردنی نوێژەكان لە سەر شێوازێكی ڕێك و ڕاست و بەردەوام و تەواو و كامڵ لە ڕووی كاتەكان و شێوەی ئەنجامدانیەوە .
وە لە بەرهەمەكانی نوێژ كردن : فراوان بوونی سنگ و ئۆقرەگرتنی چاو و ڕێگری كردن لە خراپەكاری و تاوان .
3 ـ زەكات دان بریتییە لە : پەرستنی خوای گەورە بە بەخشینی ئەندازەی واجب كراو لەو ماڵانەدا كەوا حەقی زەكاتی تێدایە .
وە لە بەرهەمەكانی زەكات دان : پاك كردنەوەی دەروونە لە ڕەوشتی سوكی ڕەزیلی و چاوچنۆكی ، هەروەها پڕكردنەوەی پێداویستی ئیسلام و موسڵمانان .
4 ـ ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان بریتییە لە : پەرستنی خوای گەورە بە خۆگرتنەوە لە بەتاڵكەرەوەكانی ڕۆژوو لە ڕۆژی ڕەمەزاندا .
وە لە بەرهەمەكانی ڕۆژوو : ڕاهێنانی دەروونە لە سەر وازهێنان لە شتە خۆش و خوازراوەكان بە مەبەستی دەستخستنی ڕەزامەندی خوای گەورە .
5 ـ حەج كردنی ماڵی خوا بریتییە لە : پەرستنی خوای گەورە بە ڕۆیشتن بۆ ماڵە حورمەتگیراوەكەی بۆ ئەنجامدانی دروشمەكانی حەج .
وە لە بەرهەمەكانی حەج كردن : ڕاهێنانی دەروونە لە سەر بەخشینی توانای ماڵی و جەستەیی لە گوێــڕایەڵـی كردنی خـوای گەورە ، لە بەر ئەمە
حەج كردن جۆرێكە لە جیهاد و تێكۆشان لە پێناوی خوای گەورە .
ئەم بەرهەمانەی كە باسمان كردن بۆ ئەم پایە و بنەمایانەی ئیسلام و ئەوانەش كە باسمان نەكردوون ئەم ئوممەتە وا لێدەكات كەوا ببێت بە ئوممەتێكی موسڵمانی پاك و بێ‌گەرد و دینداری ئەنجامبدات بۆ خوا بە دینی حەق و ڕاستی ، وە ڕەفتار بكات لە گەڵ دروستكراوەكانی خوادا بە دادپەروەری و ڕاستگۆیەتی ، چونكە دروشم و ئەحكامە شەرعیەكانی تری جگە لەم پایانە چاك دەبێت بە چاك بوونی ئەمانە ، وە بارودۆخ و حاڵی ئوممەت چاك دەبێت بە چاك بوونی باری ئاینی ئوممەت ، وە بە ئەندازەی لە دەست چوونی چاكێتی باری ئاینی ئوممەت چاكێتی و باش بوونی حاڵ و بارودۆخی لە دەست دەچێت و دەفەوتێت .
جا هەر كەسێك دەیەوێت ئەمەی بۆ ڕوونببێتەوە ئەوا با ئەم ئایەتانە بخوێنێتەوە :
خوای گەورە فەرموویەتی : [وَلَوْ أَنَّ أَهْلَ الْقُرَى آمَنُوا وَاتَّقَوْا لَفَتَحْنَا عَلَيْهِمْ بَرَكَاتٍ مِنْ السَّمَاءِ وَالأَرْضِ لَفَتَحْنَا عَلَيْهِمْ بَرَكَاتٍ مِنْ السَّمَاءِ وَالأَرْضِ وَلَكِنْ كَذَّبُوا فَأَخَذْنَاهُمْ بِمَا كَانُوا يَكْسِبُونَ (96) أَفَأَمِنَ أَهْلُ الْقُرَى أَنْ يَأْتِيَهُمْ بَأْسُنَا بَيَاتاً وَهُمْ نَائِمُونَ (97) أَوَأَمِنَ أَهْلُ الْقُرَى أَنْ يَأْتِيَهُمْ بَأْسُنَا ضُحًى وَهُمْ يَلْعَبُونَ (98) أَفَأَمِنُوا مَكْرَ اللَّهِ فَلا يَأْمَنُ مَكْرَ اللَّهِ إِلاَّ الْقَوْمُ الْخَاسِرُونَ (99)](الأعراف) .
واتە : بەڕاستی ئەگەر خەڵكی شار و دێهاتەكان باوەڕبێنن و لە خوا بترسن و خۆپارێزی بكەن لە تاوان ئەوا ئێمە دەرگاكانی خێر و فەڕی ئاسمان و زەوییان بۆ دەكەینەوە بەڵام ئەوان حەق و ڕاستیان بە درۆ خستەوە بۆیە ئێمەش لەناویانمان برد بە هۆی كردەوەكانی خۆیانەوە ، ئایا خەڵكی شار و دێهاتەكان دڵنیان لەوەی كەوا لە شەودا سزامان نایانگرێتەوە لە كاتێكدا كە خەوتوون ؟ یان ئایا خەڵكی شار و دێهاتەكان دڵنیان لەوەی كەوا لە كاتی چێشتەنگاودا سزامان نایانگرێـتەوە لە كاتێكدا كە یاری دەكەن ؟ ئایا ئەوان دڵنیان لە مەكری خوا بەڕاستی كەس دڵنیا نییە لە مەكری خوا ئیللا خەڵكانێـكی خەسارۆمـەند نەبن .
وە با بڕوانێتە مێژووی خەڵكانی ڕابردوو ، چونكە بەڕاستی مێژوو پەند و ئامۆژگارییە بۆ خاوەن بیر و هۆشەكان ، وە چاو ڕۆشنییە بۆ ئەوانەی كەوا پەردە سەر دڵی نەگرتوون ، خواش یارمەتیدەرە .
=======================
(1) رواه البخاري ، كتاب الإيـمان ، باب الإيـمان وقول النبي صلى الله عليه وسلم : "بُنِيَ الإسلام على خمس" ، رقم : (8) ، ورواه مسلم ، كتاب الإيـمان ، باب بيان أركان الإسلام ودعائمه العظام ، رقم : (111) .