جۆرەكانی زمان لە مانگی ڕەمەزان
بەروار: 2010/08/30سەردارن: 3763نوسەر: هاوار عبدالله

[زمانێك لە خزمەتی پەروەردگار و زمانێك لە خزمەتی شەیتان]
الحمد لله وحده ، و الصلاة والسلام على من لا نبي بعده ، و بعد : موسڵمانانی یەك خوا پەرست ، گەر ڕۆژوو گرتن تەنها خۆگرتنەوە بوایە لە خواردن و خواردنەوە ئەوا لە ڕۆژوو گرتن ئاسان تر نەدەبوو ، بەڵام ئەم هەڵە تێگەیشتنەی زۆرێكمان وای كردوە لەگەڵ تەواو بوونی ڕەمەزان زۆرێكمان تەنها برسێتی و تینوێتیەكەمان بۆ ئەمێنێتەوە لەگەڵ تاوانێكی زۆر ، هۆكاری سەرەكی ئەم ئەنجامەش پارچە گۆشتێكی بچوكە كە ڕەنگەی بەشی تێربوونی پشیلەیەكی برسی نەكات كەچی بەهۆیەوە مرۆڤێكی چوارشانە ئەچێتە دۆزەخەوە . بە واتایەكی تر یەكێك لە هۆكارە سەرەكیەكانی خۆشبەختی و كوێرەوەری ژیان مرۆڤ ( زمانە ) . هەروەك پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم بە ( معاذ بن جبل ) ی ووت : لە باری دایكت بچوبایەیت ، ئایا هەموو ئەو كەسانەی كە لە سەر ڕووخساریان فڕێ‌ دەدرێنە ناو ئاگری دۆزەخەوە مەگەر بەروبومی قسە خراپەكانیان نیە ! وە ئەفەرموێت : زۆرترین شتێك خەڵكی بخاتە دۆزەخەوە زمان و داوێنە . هەروەها ئەفەرموێت : زینای زمان قسە كردنە .
[جۆری یەكەمی زمان]
ئەم جۆرە زمانە كۆمەڵە تاوانێك ئەكات سەرئەنجام خاوەنەكەی بەرەو دۆزەخ ڕاپێچ ئەكات ، لەو تاوانانەش :
1 ـ درۆ كردن : ئەمەش زۆر مەترسیدارە ، چونكە خوای پەروەردگار فەرمـــانمــان پێ‌ ئـــەكات بـــە دور كـــەوتنەوە لـــە درۆ وەك ئــــەفـــەرموێت : [ وَاجْتَنِبُوا قَوْلَ الزُّورِ ] ( الحج : 30 ) ، واتە : هەروەها خۆتان بپارێزن لە قسەی درۆ و ناڕەوا .
پێغەمبەری خوایش صلى الله عليه وسلم فەرمویەتی : باوەڕی هیچ بەندەیەك تەواو نابێت تاكو واز نەهێنێت لە درۆكردن لە كاتی گاڵتە و دەمەقاڵە و موجادەلەدا ، ئەگەر ڕاستیش بكات .
هەروەها ئەفەرموێت : بەردەوام بن لەسەر ڕاستگۆیی و دور بگرن لە درۆ ، چونكە درۆكردن ڕێخۆشكارە بۆ خراپەكاری و خراپەكاریش ئاكامی دۆزەخە .
لە هەمویشی ترسناك تر پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی : ئەگەر ڕۆژووان وازنەهێنێ‌ لە ووتەی درۆ و كردەوەپێ كردنی ، خوای گەورە پێویستی بەوە نیە واز لەخواردن و خواردنەوەكەی بێنێت لەبەر خوا .
2 ـ غەیبەت كردن : زۆرێك لە موسڵمانان خوا هیدایەتیان بدات هەر لەگەڵ هەستانیان بۆ پارشێو لەسەر سفرەی نان خواردن غەیبەتی خەڵك ئەكەن هەتاوەكو بانگی ئێوارە بەربانگ ئەكەنەوە ، خوای پەروەردگاریش ئەفەرموێت :[ وَلَا يَغْتَبْ بَعْضُكُمْ بَعْضًا أَيُحِبُّ أَحَدُكُمْ أَنْ يَأْكُلَ لَحْمَ أَخِيهِ مَيْتًا فَكَرِهْتُمُوهُ وَاتَّقُوا اللَّهَ ] ( الحجرات : 12 ) ، واتە : غەیبەتی یەكتر مەكەن و بەشوێن كەموكوڕی یەكتردا مەگەڕێنەوە لە پاشملە بە خراپی باسی یەكتر مەكەن ، ئایا یەكێ‌ لە ئێوە ئامادەیە گوشتی برای خۆی بە مردوویی بخوات ؟!! بێ‌ گومان ئەمەتان زۆر پێ‌ ناخۆشە وپێتان ناكرێ‌ ، كەواتە خۆتان بپارێزن و لە خوا بترسن .
هەروەها پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی : ئایا دەزانن غەیبەت چییە ؟ ووتیان خودا و پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم باش دەزانن ، پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم لە وەڵامدا فەرمووی : باسكردنی براكەتە بەو شتەی كە پێی ناخۆشە ، ئەوانیش وتیان : ئەی ئەگەر ئەوەی كە ئێمە دەیڵێین لەبراكەماندا هەبوو ؟ پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم فەرمووی : ئەگەر ئەوەی ئێوە دەیڵێن لەبراكەتاندا هەبوو ئەوە غەیبەتان كردووە .
وە ( رجا‌ء ) ی كوڕی ( أبو سلمة ) فەرموی : لە ( مجاهد ) م پرسی : غەیبەت كردن دەستنوێژ بەتاڵ ئەكاتەوە ؟!!! فەرمووی : بەڵێ‌ هەروەها ڕۆژویش بەتاڵ ئەكاتەوە !!!!!
هەروەها ( مجاهد ) ئەفەرموێت : ئەوەی پێی خۆشە ڕۆژووەكەی سەلامەت بێت با خۆی لە غەیبەت و درۆ كردن بپارێزێت .
وە لە ( عَبیدە السلمانی ) فەرمویەتی : خۆتان بپارێزن لەو دوو شتەی ڕۆژوو بەتاڵ ئەكەنەوە غەیبەت و درۆ كردن .
3 ـ گێڕانەوەی نوكتە : ئەمەش جۆرێكی ترە لە تاوانەكانی زمان ، زۆر جاریش بەزمان نایڵێن ، بەنامەی مۆبایل بۆ یەكتری ئەنێرن بەڵام هەمان حوكمی زمانی هەیە و زۆر مەترسیدارە ، چونكە پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم (3) جار لەسەر یەك فەرموویەتی : وەیل بۆ ئەو كەسەی كە قسە بۆ خەڵك دەكات و تێیدا درۆ دەدات بۆ ئەوەی خەڵكی پێبكەنن ، ( وەیل : دۆڵێكە لە دۆڵەكانی دۆزەخ ) .
4 ـ قسەی پڕوپوچ و گاڵتەكردن بە خەڵكی : ئـــەمـــەش زۆر مـــەترسیدارە ، چـــونكە خــوای پــــــەروەردگـــار ئـــەفـــەرموێت : [ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا يَسْخَرْ قَوْمٌ مِنْ قَـوْمٍ عَسَى أَنْ يَكُونُوا خَيْرًا مِنْهُمْ وَلَا نِسَاءٌ مِنْ نِسَاءٍ عَسَى أَنْ يَكُنَّ خَيْرًا مِنْهُنَّ ] ( سورة الحجرات : 11 ) .
5 ـ جوێن دان : ئەمەش بەناوی گاڵتە كردنەوە بوەتە نەریتێكی باوی نێو گەنجان !! تەنانەت لەناو پیرانیشدا هەیە !! و زۆر كارێكی ترسناكە چونكە پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم ئەفەرموێت : جوێندان بە مرۆڤی موسڵمان دەبێتە هۆی فاسق بوونی جوێن دەرەكە .
هەروەها ئەفەرمووێت : یەكێك لە تاوانە گەورەكان ئەوەیە ئادەمیزاد جوێن بە دایك و باوكی خۆی بدات ، وترا ئەی پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم : ئایا كەس جوین بە دایك و باوكی خۆی دەدات ؟! ئەویش فەرمووی : جوێن دەدات بە باوكی كەسێك ، كەسەكەش جوێن دەداتەوە بە باوكی ئەو ، وە جوێن دەدات بە دایكی كەسێك كەسەكەش جوێن دەدات بە دایكی ئەو .
6 ـ گۆرانی وتن : ئەمـەش زۆر باوە لەنێو لاوان ، گۆرانی وتنیش یەكێكە لە تاوانە گەورەكانی زمـــان ، لـــەم بارەیەوە خوای پەروەردگار ئەفەرموێ‌ :[ وَمِنَ النَّاسِ مَن يَشْتَرِي لَهْوَ الْحَدِيثِ لِيُضِلَّ عَن سَبِيلِ اللَّهِ ] ( لقمان : 6 ) .
( ابن مسعود ) ئەفەرموێت : ( والله الذي لا اله الا غيره هو الغناء ) ، پێشەوا ( القرطبي ) ش ئەفەرموێت : ناكۆكی نیە لەسەر حەرامێتی گۆرانی چونكە لەهۆیەكانی ڕابواردن و گاڵتەچێتی یە و سەرزەنشت كراوە بەڕێكەوتنی ( زانایان ) ، وە ( عبدالله ) ی كوڕی ( مسعود ) ئەفەرموێت : گۆرانی دووڕوویی لەدڵدا دەچێنێت .
7 ـ بوختان كردن : ئەمەش زۆر مەترسیدارە چونكە هاوەڵان لە پێغەمبەری خوایان پرسی ئەگەر ئەوەی كە ئێمە دەیڵێین لەبراكەماندا هەبوو ؟ پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم فەرمووی : ئەوە غەیبەتان كردووە ، خۆ ئەگەر وانەبوو ئەوا بوهتانتان كردووە ( درۆتان بۆ هەڵبەستوە ) . ئەوانەش كە بوختان ئەكەن دوچاری چەند سزایەك ئەبن لەوانەش (80 ) جەڵدەیان لێدەدرێ‌ ـ ئەگەر بوختیانەكە بە داوێن پیسی بێت بۆ ئافرەتان ـ و شایەتیان قبوڵ ناكرێ‌ و فاسقن هەروەها لە دونیا و قیامەتیشدا نەفرەت لێكراون و لە قیامەت سزایەكی سەخت چاوەڕانیانە هەروەك خوای پەروەردگار ئەفەرموێت :[ وَالَّذِينَ يَرْمُونَ الْمُحْصَنَاتِ ثُمَّ لَمْ يَأْتُوا بِأَرْبَعَةِ شُهَدَاء فَاجْلِدُوهُمْ ثَمَانِينَ جَلْدَةً وَلَا تَقْبَلُوا لَهُمْ شَهَادَةً أَبَداً وَأُوْلَئِكَ هُمُ الْفَاسِقُونَ ] ( النور : 4 ) .
هەروەها ئەفەرموێت : [ إِنَّ الَّذِينَ يَرْمُونَ الْمُحْصَنَاتِ الْغَافِلَاتِ الْمُؤْمِنَاتِ لُعِنُوا فِي الدُّنْيَا وَالْآخِرَةِ وَلَهُمْ عَذَابٌ عَظِيمٌ ] ( النور : 23 ) .
8 ـ قسەگێڕی لەنێوان خەڵكی ( نمیمە ) : لەم بارەیەوە خوای پەروەردگار ئەفەرموێت :[ وَيْلٌ لِّكُلِّ هُمَزَةٍ لُّمَزَةٍ ] . پێغەمبەری خوایش صلى الله عليه وسلم دەفەرمێت : خراپترین خەڵك لە بەندەكانی خوای گەورە لەم ئوممەتەدا ئەوانەن كە سەرقاڵی هێنان ‌و بردنی قسە و باسی خەڵكن ‌و دەبنە هۆی لێك جیا كردنەوەی خۆشەویستەكان لەیەكتر .
وە ( حذیفە ) ش ئەفەرموێت : گوێم لێبوو پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم ئەیفەرموو : قسە گێڕان ناچنە بەهەشتەوە .
( عبدالله ) ی كوڕی عەباس رضي الله عنه ئەفەرموێت : ڕۆژێكیان پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم بەلای دوو گۆڕدا تێپەڕی پاشان فەرمووی : ئەم دوو مردووە سزا دەدرێن وە ... یەكێكیان گوناهەكەی ئەوە بوو قسەگێڕی دەكرد لە نێوان خەڵكدا .
[جۆری دووەمی زمان]
ئەم جۆرە زمانە كۆمەڵە كارێكی خێر ئەنجام ئەدات سەرئەنجام خاوەنەكەی بەرە و بەهەشت ئەبات ، لەو كردەوانەش :
1 ـ یادكرنەوەی خوای پەروەردگار ( ذكر ) : خوای پەروەردگار ئەفەرموێت : [ أَلاَ بِذِكْرِ اللّهِ تَطْمَئِنُّ الْقُلُوبُ ] ( الرعد : 28 ) .
پێغەمبەری خوایش صلى الله عليه وسلم ئەفەرموێت : ئایا پێتان ڕاگەیەنم كەوا چ كردەوەیەكتان باشترین و پاكترین كردەوەتانە لای پەروەردگارتان ، و لە هەمووشی پلەی بەرزترە ، وە لە بەخشینی زێڕ و زیو چاكترە بۆتان ، و باشتر بێت بۆتان لەوەی لە كاتی جیهاد و تێكۆشاندا ڕوو بەڕووی دووژمنتان ببنەوە و لە ملیان بدەن و لە ملتان بدەن ؟ فەرموویان : بەڵێ ئەی پەیامبەری خوا صلى الله عليه وسلم ، فەرمووی : زیكری خوای پەروەردگار .
هەروەها ( عبدالله ) ی كوری ( بسر ) رضي الله عنه ئەگێرێتەوە كە پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم بە پیاوێكی وت : با هەموو كاتێك زمانت تەڕ و پاراو بێت بە زیكری خوداوە .
2 ـ پاڕانەوە لە خوای پەروەردگار ( دعا‌ء ) : بە تایبەت لە مانگێكی پیرۆزی ڕەمەزان كە پاڕانەوە تیایدا گیرایە وەك پێغەمبەرمان صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی : سێ‌ پاڕانەوە هەن وەڵام ئەدرێنەوە لەوانەش : پاڕانەوەی ڕۆژووان .
هەروەها فەرموویەتی : خوای پەروەردگار لە هەموو ڕۆژو و شەوێكی مانگی ڕەمەزاندا چەندەها كەس لەئاگر ڕزگار ئەكات ، هەروەها بۆ هەموو بەندەیەك پاڕانەوەیەك هەیە تیایدا وەڵام ئەدرێتەوە .
3 ـ قورئان خوێندن : پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم دەفەرمووێت : قورئان بخوێنن ، چونكە لە ڕۆژی قیامەتدا تكاكارە بۆ خاوەنەكانی .
هەروەها ئەفەرموێت : هەركەسێك پیتێك لـە قورئانی پیرۆز بخوێنێت بە هەموو پیتێكی چاكەیەكی بۆ دەنووسرێت ، چـــاكەی لـــە لای خـــوای پـــەروەردگـــار بە دە ئەوەندەی خۆیەتی و چەند جار دەكرێتەوە ، ناڵێم [ الم ] بە پیتێك دەژمێردرێت ، بەڵكو [ أَلِف ] پیتێكە و [ ڵام ] پیتێكە ، و [ مِیم ] پیتێكە .
هەربۆیە گرنگی و گەورەیی قورئان وای كردبوو كە ( سفيان الثوري ) وازی لە هەموو شتێك ئەهێناو گرنگی بە قورئان خوێندن ئەدا ، ( قتادە ) لە ڕەمەزان لە سێ‌ ڕۆژدا خەتمەیەكی ئەكرد ، ئیمامی ( الزهری ) كە ڕەمەزانی بەسەردا ئەهات وازی لە هەموو زانستێكی شەرعی ئەهێنا و ڕوی ئەكردە قورئان خوێندن .
لە جۆرەكانی تری قورئان خوێندن : ئەوەیە خەڵكی فێر بكەیت ئەمەش پاداشتێكی زۆری هەیە هەروەك پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم ئەفەرموێت : هیچ كۆمەڵە كەسێك لە ماڵێك لە ماڵەكانی خوا كۆ نابنەوە بۆ خوێندنەوەی قورئان و لە نێوان خۆیاندا باسی دەكەن ئیللا ئارامییان بەسەردا دادەبەزێت ، و ڕەحمەت دایاندەپۆشێت ، وفریشتەكان دەورەیان دەدەن ، و خوای گەورەش لای فریشتەكان باسیان دەكات .
هەروەها ئەفەرموێت : باشترین كەستان ئەوانەن فێری قورئان ئەبێ‌ پاشان خەڵكیش فێری قورئان خوێندن ئەكات .
4 ـ خوێندنەوەی كتێب : بەتایبەت ئەو كتێبانەی پەیوەستن بەڕۆژوو و بە مانگی ڕەمەزان وەكو كتێبی ( چۆنێتی ڕۆژووی پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم لە ڕەمەزاندا ) .
5 ـ گەڕانەوە بۆ لای خوا بە ئیستغفاركردن : خوای پەروەردگار ئەفەرموێ‌ : [ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا تُوبُوا إِلَى اللَّهِ تَوْبَةً نَّصُوحاً عَسَى رَبُّكُمْ أَن يُكَفِّرَ عَنكُمْ سَيِّئَاتِكُمْ ] ( التحريم : 8 ) .
6 ـ بانگەواز كردن بە زمان : قواستنەوی هەلی ئەم مانگە پیرۆزە بۆ ئامۆژگاری كردنی خەڵك و بانگەشە كردن بۆ ئاینی ئیسلام كە ئەركی هەموو موسڵمانێكە بە زمانی بانگەشە بكات بۆ ئاینی ئیسلام هەروەك خوای پەروەردگار ئەفەرموێ‌ :[ وَمَنْ أَحْسَنُ قَوْلاً مِّمَّن دَعَا إِلَى اللَّهِ وَعَمِلَ صَالِحاً ] ( فصلت : 33 ) ، واتــە : كێ‌ وتـــەی چاكتر و بەجێ ترە لـــەو كــــەسە ( خەڵك ) بۆ لای خوا بانگ ئەكات و كاری چاكە ئەكات .
وە ئەگەر ئەم بانگەشە كردنە لەمانگی ڕەمەزاندا بوو ئەوا خێرەكەی لەمانگەكانی تر زۆرترە چونكە چاكە كردن لە ڕەمەزان چەن جارەیە .
وتەی كۆتایی
موسڵمانان لە خوا بترسن و ئاگاتان لە زمانتان بێت لەو قسانەی ئەیكەن ، چونكە خوای گەورە دەفەرمێت : [ مَا يَلْفِظُ مِنْ قَوْلٍ إِلَّا لَدَيْهِ رَقِيبٌ عَتِيدٌ ] ( ق : 18 ) ، واتە : هیچ وتەیەك لە دەمی ئادەمیزاد دەرناچێ‌ ئیللا فریشتەیەك چاودێر و گۆێ‌ بیستی قسەكەیەتی وتۆماری دەكات .
پێغەمبەری خوایش صلى الله عليه وسلم ئەفەرموێ : ڕەنگە ڕۆژوانی واهەبێ جگە لە برسێتی و تینوێتی هیچی تری بۆ نەمێنێتەوە لە ڕۆژووەكەی .
زانای پایەبەرز ( ابن القیم ) فەرموویەتی : (( كل صيام لا يصان عن قول الزور والعمل به لا يورث صاحبه إلا مقتاً و رداً )) .
وَآخِرُ دَعْوَانا أَنِ الْحَمْدُ لِلّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ