سودەكانی ڕۆژووی ڕەمەزان
بەروار: 2010/08/14سەردارن: 4062نوسەر: هاوار عبدالله

كاتێك پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی :((يا معشر الشباب من استطاع منكم الباءة فليتزوج فإنه أغض للبصر وأحصن للفرج ومن لم يستطع فعليه بالصوم فإنه له وجاء)) ( متفق عليه ) ، واتە : ئەی كۆمەڵی لاوان هەركام لەئێوە توانای ژن هێنانی هەبوو با ژن بهێنێت ، چونكە زیاتر چاو دەپارێزێت لە بینینی ناڕەوا ، و پارێزەریشە لە كەوتنە داوێن پیسیەوە ، ئەوەش توانای ژن هێنانی نەبوو با پەنا بەرێتە بە ڕۆژوو گرتن ، چونكە سەركوت كەرەوەی ئارەزوەكانە .
دیارە حیكمەتێكی تیایە بۆیە ڕۆژوو گرتنی كردۆتە ( بدیل ) جێگرەوەی هاوسەر گیری . ئەم وتە بە نرخەیش پێویستە وەك گوارەیەك لە گوێی بكەین چونكە ڕۆژوو گرتن چەندین سود و قازانجی تیایە كە ئەتوانین سودەكانی ڕۆژو بكەینە دوو بەشەوە : لە ڕوی ئاینی و تەندروستی .
[لە ڕوی ئاینیەوە] :
* نەفسمان پاك ڕائەگرێ‌ و خۆیشمان ئەپارێزێ‌ و ئاگری شەهوەت لە جەستەمان ئەكوژێنێتەوە ، بە مەش لە ئەنجامدانی تاوانی گەورە ئەمانپارێزێت و تاوان كەمتر ئەكەین .
* تۆوی ڕحمەت و بەزەیی لە هۆش و ویژدان و دڵەكانمان ئەنێژێ‌ و فێری ئارامگرتنمان ئەكات .
* وامان لێدەكات هەردەم هەژارانمان لە یاد بێت و دەستی یارمەتیان بۆ درێژ بكەین .
* فێری چاكە كاریمان ئەكات و لە درۆ و دوو ڕووی و زمان پیسی ئەمان پارێزێ‌ .
* فێری لە خوا ترسان و خوا پەرستی ڕاستەقینەمان ئەكات .
* دڵەكانمان نەرم ئەكا و گوێیەكانمان ڕائەهێنێ‌ بۆ زیاتر گوێگرتن لە قورئان و ئامۆژگاری .
* باشترین ڕێگایە بۆ ڕزگار بوون لەتاوان .
* لە پلانە هەمیشەییەكانی شەیتان ئەمانپارێزێ‌ .
* هۆكارێكە بۆ چونە بەهەشت و لێخۆشبوونی پەروەردگار لێمان .
[لە ڕوی تەندروستیەوە] :
جەستەمان لـــە چەندین نەخۆشی ئەپارێزێت : هەروەك دكتۆر ( عبدالعزیز أحمد ) لە وتارێكی دا ئەڵێت : (( بە شێوەیەكی زانستیانە دەركەوتوە كە ڕۆژوو وەسیلەیەكی سروشتی یە بۆ پاراستنی لەش لەهەندێ‌ دەرد و نەخۆشی ، ئەمەش لەژیانی یەكە یەكەی ئەو خەڵكەدا بەدی دەكرێت ) ، هەروەها لەپاش تاقیكردنەوەیەكی زۆر لە سەر ئاژەڵ و گیاندارانی تردا دكتۆر ( روجية ) گەیشتە ئەم ئەنجامە : ئەو گیاندارانەی بۆ ماوەیەكی دیاریكرا و خواردن و خواردنەوەیان لێ‌ قەدەغە بكرێت بەرگری و بەرەنگاریان بۆ نەخۆشی زۆرتر دەبێت تا لەپێش قەدەغە كردنەكە .
هەروەها ( ماكفارۆن ) كە یەكێكە لە پزیشكە ناودارەكان و زانایەكی پسپۆرە لە پزیشكی دا دەڵێت : (( باشترین شت بۆ پارێزگاری كردن لە لەش ساغی و چاك بوونەوە لە نەخۆشی ڕۆژووە )) .
هەروەها ئەم زانایە (( ڕایسپاردوە كە لە هەموو هەفتەیەكدا ڕۆژێك ڕۆژوو پێویستە بۆ هەموو مرۆڤێك خۆیشی لە هەفتەیەكدا ڕۆژێك یان دو ڕۆژ بەڕۆژوو دەبوو ، وای دانابوو بەلای كەمەوە لەساڵێك دا (30) ڕۆژ ڕۆژوو پێویستە )) .
هەروەها ئەم زانایە و ئەم پزیشكانەش (( تنەر ، كرسكۆم ، سەنگلەر ، ئەسكەندەر خۆر )) ڕۆژویان گرتوە و بۆ چارەسەری زۆر نەخۆشیش ڕۆژویان بەكارهێناوە .
پاشان دكتۆر ( عبدالعزیز أحمد ) ئەڵێت : ڕۆژوو بۆ ئەم دەردانەی خوارەوە باشترین دەرمانە ( قەڵەوی ، پەیدا بوونی ورگ ، گرێ‌ گرێ‌ بوونی دەمارەكان ، كۆبوونەوەی ترشی میز لە دەمەرەكاندا ، لمی گورچیلە ، لمی زراو ، سەرئێشەی زۆر ( شقیقە ) لەگەڵ تێكچوونی هەرس ، بەرزبونەوەی پەستانی خوێن ( ضغط ) ، تێكچوونی هەمیشەیی ڕیخۆڵەكان ، نەخۆشی جومگە و چەندەها نەخۆشی تریش )) .
هەروەها دكتۆرە ( إبتسام عبدالحلیم ) دەڵێ : ( ماكفادۆن ) ی زانای بەناوبانگی ئەمریكی لە كتێبەكەی دا نوسیویەتی دەڵێ‌ : هەموو مرۆڤێك پێویستی بە ڕۆژوو هەیە با نەخۆشیش نەبێ‌ ، چونكە كۆبونەوەی ژەهری خۆراك و داودەرمان لە لەشدا ، ئادەمیزاد وەك نەخۆش لێدەكات ، كاتێ‌ كە بەڕۆژوو بوو كێشی ( وزن ) ی كەم دەبێتەوە و ئەو ژەهرانەش لە لەشیدا نامێنن .
هەروەها دكتۆرە ( إبتسام عبدالحلیم ) ئەڵێ : هەندێ‌ لە دكتۆرەكانی پسپۆری پێست باسی سودی ڕۆژویان كردوە بۆ پاراستنی پێست لە نەخۆشی و ئەڵێن : پەیوەندی خواردن بە نەخۆشیەكانی پێستەوە بەتینە ، لەبەر ئەوەی خۆگرتن لە خواردن و خواردنەوە بۆ ماوەیەك ، ڕێژەی ئاو و خوێن لە لەشدا كەم دەكاتەوە ئەمەش دەبێتە هۆی كەم بوونی ئاو لە پێستدا ، لە ئەنجامدا بەرگری پێست ـ بۆ نەخۆشی یە بە ئازارەكانی زۆر دەبێ‌ .
لە هەموویشی گرنگتر هەموو پەرستشەكانمان بۆ خۆمانە تەنها ڕۆژوو نەبێت كە بۆ خوای پەروەردگارە ، دەبا هەوڵ بدەین بە پاكترین و جوانترین و باشترین شێوە ڕۆژوەكانمان بڕازێنینەوە و پێشكەشی پەروەردگارمانی بكەین ، بە ئومێدی ئەوەی لە هەموومانی وەربگرێ (اللهم آمين ) .