باوەڕبوون بە پێغەمبەران
بەروار: 2010/07/19سەردارن: 4132نوسەر: الشيخ عبد العزيز بن عبد الله بن باز/وەرگێڕانی/مامۆستا: خلیل أحمد

پێویستە باوەڕمان بە پێغەمبەران هەبێ‌ ، بە كورتی : باوەڕمان هەیە كە خوای گەورە پێغەمبەری بۆ بەندەكانی ناردووە بۆ ئەوەی مژدەی بەهەشت بە چاكە كاران بدەن ، و خراپە كارانیان بە دۆزەخ بترسینن ، وە بانگەواز كاربن بۆ هەق ، هەر كەس وەڵامیان بداتەوە دەگاتە خۆشبەختی ڕۆژی دوایی ، وە ئەوەش كە دژیان بوەستێ‌ تووشی پەشیمانی و نائومێدی دەبێ‌ ، كۆتا و باشترینی پێغەمبەران پێغەمبەری خۆمانە صلى الله عليه وسلم .
خوای گەورە دەفەرمووێ‌ :[ وَلَقَدْ بَعَثْنَا فِي كُلِّ أُمَّةٍ رَسُولاً أَنِ اعْبُدُوا اللَّهَ وَاجْتَنِبُوا الطَّاغُوتَ] [النحل: الآية36] . واتە : بەڕاستی ئێمە لە ناو هەر ئومەتێكدا پێغەمبەرێكمان ناردووە بۆ ئەوەی خوای پەروەردگار بە تەنها بپەرستن و دووركەونەوە لە پەرستنی جگە لە خوا ، وەكو شەیتان و بت و جادووگەر و ... هتد .
وە دەفەرمووێ‌ : [رُّسُلاً مُّبَشِّرِينَ وَمُنذِرِينَ لِئَلاَّ يَكُونَ لِلنَّاسِ عَلَى اللّهِ حُجَّةٌ بَعْدَ الرُّسُلِ] [النساء : 165] . واتە : پێغەمبەرانێ‌ كە مژدە دەر و ترسێنەر بوون بۆ ئەوەی خەڵك دوای ناردنی ئەم پێغەمبەرانە هیچ بەڵگە و بیانویەكیان نەمێنێ‌ .
وە دەفەرمووێ‌ :[ مَّا كَانَ مُحَمَّدٌ أَبَا أَحَدٍ مِّن رِّجَالِكُمْ وَلَكِن رَّسُولَ اللَّهِ وَخَاتَمَ النَّبِيِّينَ ] [الأحزاب : 40] . واتە : موحەممەد باوكی هیچ یەك لە پیاوانی ئێوە نیە ـ واتە : باوكی ڕاستەقینەی زەید كوڕی حاریسە نیە ـ خوای لێ‌ ڕازی بێت ـ بەڵام ئەو پێغەمبەری خوایە و دوایین پێغەمبەریشە .
خوای گەورە لە قورئاندا هەركامیانی ناو بردبێ‌ و پێغەمبەریش صلى الله عليه وسلم لە سوننەتدا ، ئێمە باوەڕی پێدەكەین وەكو نووح و هود و صاڵح و ئیبراهیم و ئەوانی تر ـ دروود و سڵاوی خوایان لە سەر بێت ـ .