چەند ئامۆژگارییەك بۆ ئەوكەسانەی كەوا دەیانەوێت تەوبە بكەن
بەروار: 2014/05/17سەردارن: 3638نوسەر: محمد نجم صالح

چەند ئامۆژگارییەك بۆ ئەوكەسانەی كەوا دەیانەوێت تەوبە بكەن
بەناوی خوای بەخشندەو میهرەبان
خوشك و برای بەڕێزم گومانی تیادا نیە كەوا هەریەكێك لەئێمە تاوان دەكات و سەرپێچی خوای پەروەردگار دەكات, بەڵام پێویستە لەسەر هەریەكێك لەئێمە زووبەزوو بگەڕێتەوە لای خوای پەروەردگارو پەشیمان ببێتەوە,وە پێغەمبەری خواش صلى الله عليه وسلم لەفەرموودەیەكی ڕاستدا دەفەرموێت(هەموو بەنی ئادەمێك تاوان دەكات,بەڵام باشترینی تاوانباران ئەوانەن كەوا تەوبە دەكەن و پەشیمان دەبنەوە) ,ئەمەش كۆمەڵێك ئامۆژگارییە كەوا یارمەتی تۆی بەنرخ دەدات كەوا تەوبەیەكی ڕاست و دروست بكەیت و پاشانیش بەردەوامبیت لەسەری بەیارمەتی خوای گەورە:-
1-سوپاسی خوابكە كەوا خوای پەروەردگار یارمەتی داویت كەتەوبە بكەیت و بگەڕێیتەوە,وە گیانی نەكێشاویت لەكاتێكدا كەوا هێشتا تۆ لەسەرتاوانیت.
2-بزانە كەوا تۆ مردوویەك بوویت و خوای گەورە بەهۆی ئەم تەوبەیەوە زیندووی كردوویتەوە بەنووری هیدایەت.
3-ئایا تۆ دەزانیت كەوا خوای پەروەردگار زۆر پێی خۆشە كە تۆ تەوبە دەكەیت و دەگەڕێیتەوە بۆ لای.
4-ئایادەزانیت كەوا خوای پەروەردگار هەموو خراپەكانت بۆ دەكات بە چاكە ئەگەر تەوبەیەكی ڕاستەقینە بكەیت.
5-ئایا دەزانیت تۆ ئێستا لەوكەسانەیت كەوا خوای پەروەردگار خۆشی دەوێن و ڕێزیان لێدەگرێت.
6-ئامۆژگاریت دەكەم بەوەی كەوا ڕاستگۆبیت لەتەوبەكردنەكەتدا.
7-وازبێنە و دووركەوە لەهاوڕێ و هاودەمی خراپ و لەمەودوا وازبێنە لەدانیشتن لەگەڵیاندا و تەنانەت ژمارەی مۆبایلەكانیشیان بسڕەوە,وە دووركەوە لەهەموو شتێك كەوا ئەوانت یاد دەخاتەوە بەڕاستی ئا ئەوانە ژەهرێكی كوشندەن.وە هەوڵبدە هەرلەئێستاوە كۆمەڵێك هاوڕێی چاك و لەخواترس بۆخۆت پەیدابكەیت و لێیان نزیك بەرەوە و داوای ئامۆژگارییان لێبكە.
8-زۆر دوعابكەو زۆر بپاڕێوە و داوابكە لەخوای گەورە كەوا بەردەوامی و دامەزراویت پێببەخشێت لەسەر چاكەكاری.
9-هەرگیز لایەنی ترس مەگرەو مەڵێ خوا لێم خۆش نابێت,وە چاك بزانە كەوا خوای گەورە زۆر بەڕەحم و میهرەبانەو لەهەموو تاوانەكانت خۆش دەبێت ئەگەر بەڕاستی تەوبەبكەیت.
10-هەموو ئەوشتانەی ڕابردووت لابەرە كەوا هانیان دەدایت لەسەر خراپەكاری ,وەكو (وێنە, گۆڤار, ڤیدیۆ,كتێب,كاسێت...هتد).
11-دڵنیابە لەسەرەتاوە تەوبەكردن و وازهێنان لەتاوانەكان قورسییەكی تیادایە,وە لەوانەشە هەندێك لەهاوڕێ و كەسەنزیكەكانت گاڵتەت پێبكەن,بەڵام تۆ پشت بەخوای خۆت ببەستەو بزانە كەوا خوای پەروەردگار دەرگای ڕەحمەت و ئاسانكاری فراوانە بۆ ئەو كەسانەی كەوا بەرەو لای ئەو دەگەڕێنەوە.
12-هەر لەسەرەتاوە هەوڵبدە هەڵسو كەوت و گوفتارت بگۆڕیت لەگەڵ خانەوادەكەت و دەوروبەرەكەتدا,بۆ ئەوەی چێژ و لەززەتی تەوبە بكەیت و دەوروبەرەكەت دڵخۆشبن بەتەوبەكردنەكەت.
13-هەوڵبدە هەر لەسەرەتاوە دەستبكەیت بە ئەنجامدانی نوێژە سوننەتەكان و قورئان خوێندنەوە و ڕۆژووی سوننەت وكتێبی بەسود خویندنەوە.
14-باشتروایە سەردانی ئەوشوێنانە بكەیت كەوا دڵت نەرم دەكەن و نازو نیعمەتی خوات بەسەرەوە بیردەخەنەوە,وەكو (نەخۆشخانەكان,سەرقەبران,شوێنی مردوو شۆردنەوە).
15-وە چاك بزانە كە ژیانی دونیا زۆر بچوكە و ئەوە ناهێنێ كەكاتەكانی تەمەنی خۆمانی تیادا بەسەرببەین و دونیاش جێگەی مانەوەو حەسانەوەمان نیە.
16-پەلەمەكە لەحوكمدان بەسەر خەڵكیەوەو هەوڵبدە بەلەسەرخۆیی و هێمنیەوە نەهی لەخەراپە بكەیت.
17-ڕابردووت بكە بەدەرس و پەند بۆ داهاتووت وهەرگیز وامەزانە لەبەرئەوەی تۆ خراپەی زۆرت كردووە نابیتە كەسێكی گەورە و لێهاتوو(سەیری هاوەڵان بكە پێش ئیسلام كەسانی هاوەڵبڕیاردەربوون بەڵام دوای گەڕانەوەیان بۆ باوەشی ئیسلام چەند پایەبەرز و بڵندبوون).
18-هەوڵبدە بەرنامەڕێژی بكەیت بۆ پڕۆژەی گەورە لەژیانتدا(وەكو زەواج , قورئان لەبەركردن, عومرەكردن , ئامۆژگاری كەسانی تر..هتد).
لەكۆتایشدا دەمەوێت بیرت بخەمەوە كەوا هەموومان لەسەر ڕێگەی مردنین و بەرەو گۆڕستان هەنگاو دەنێین,بۆیە پێتدەڵێم ئەی خوشك و برای لاوم(ئەگەر پێت بوترێت ئەمڕۆ كۆتا ڕۆژە لەتەمەنتدا ئایا حەزدەكەیت چی ئەنجامبدەیت لەم ڕۆژەدا؟!!)..