ماڵپەری بەهەشت

بەشە سەرەکیەکان
پرسیار و وەڵامی شەرعی
ئاماری ماڵپەڕ




ڕێکلام

پرسیاری ژمارە ٢٨٦:بسم الله الرحمن الرحیم پرسیار: خۆشەویستانى سایتى بەهەشت سڵاوى خواتان لێبێت و ئەم كاتەتان باش بەڕێزان تكام وایە لەخواى گەورە كە ماندبونتان بەخێر بنوسێت و هەروەها بتوانن موسوڵمانان لە تاوان و گوناح بپارێزن. برایان یەك پرسیارم هەیە هیوادارم كەولامم بدەنەوەو خواى گەورە خێرو چاكەتان بنوسێت: من باوكم نەخۆشەو((جەڵتەى دماخ)) لێی یاوەو ((هەردوو گورچیلەى وەستاوە بەشێوەى كۆتاى)) هەموو ڕۆژێ نا ڕۆژى دەچێتە نەخۆشخانەى گورچیلەى دەستكرد و لەوێ بەهۆى ئامێرەوە خوێنەكەى لەناو لەشى دەردەكەن و دەیشۆن و دەى كەنەوە ناو لەشى وە دەست و قاچى چەپی لەكاركەوتووە ((ئایا باوكم ڕۆژوى لەسەرە یان نا)) ؟ وە لەگەڵ ئەمەیا خزمەتكارى ئەو باوكەمان دایكمانە كە زۆر خزمەتى دەكات و پاك ڕایدەگرێ و دەیبات بۆ نەخۆشخانە و ئەهێنێتەوە ئەگەرهات و دایكم پەنجەیەكى بئێشى ئەوا باوكم تەواو پەكى ئەكەوێت چونكە خوشكێكى بچوكمان هەیە كە ناتوانێ هیچ بكات ((ئایا دایكیشم ئەتوانێ ڕۆژو نەگرێت)) بۆ ئەوەى باوكم لەكاتى بێهێزى دایكم بەهۆى ڕۆژوەوە بێبەش نەبێت لەخزمەت ؟ خواى گەورە ماندوبونتان بە خێرو چاكە بۆبنوسیت

وەڵام:بسم الله الرحمن الرحيم
براى بەڕێزمان: پێش ئەوەى بچمە سەر باسى وەڵامەكەت ڕوونكردنەوەیەكت پێشكەش دەكەم بۆ ئەوەى ڕوونكارى زۆرێك لەو باسانە بێت كە موسڵمانان هەیانە سەبارەت بە ڕۆژوو گرتنى مانگى ڕەمەزانى پیرۆز لە كاتى نەخۆشیدا:
خواى پەروەردگار بە میهرەبانێتى خۆى ڕۆژوو شكاندنى بۆ نەخۆش بە ڕەوا داناوە، هەروەكو فەرموویەتى: [ شَهْرُ رَمَضَانَ الَّذِيَ أُنزِلَ فِيهِ الْقُرْآنُ هُدًى لِّلنَّاسِ وَبَيِّنَاتٍ مِّنَ الْهُدَى وَالْفُرْقَانِ فَمَن شَهِدَ مِنكُمُ الشَّهْرَ فَلْيَصُمْهُ وَمَن كَانَ مَرِيضًا أَوْ عَلَى سَفَرٍ فَعِدَّةٌ مِّنْ أَيَّامٍ أُخَرَ يُرِيدُ اللّهُ بِكُمُ الْيُسْرَ وَلاَ يُرِيدُ بِكُمُ الْعُسْرَ َ] [البقرة: 185] .
واتە: مانگى ڕەمەزانى پیرۆز ئەو مانگەیە كە قورئانى پیرۆزى تێدا دابەزێنراوە، بۆ ئەوەى ببێت بە هۆى هیدایەت و ڕوونكارى، و ڕەوایى و ناڕەوایش لە یەك جیا بكاتەوە بۆ موسڵمانان، جا هەریەكێك لە ئێوە نەخۆش بوو یان ڕێبوار و لە سەفەردا بوو، بۆی ڕەوایە بە ڕۆژوو نەبیت، بەڵام پاش ئەو نەخۆشی و ڕێبواریە پێویستە بە ژمارەى ئەو ڕۆژانە قەزاى ڕۆژووەكەى بكاتەوە، خواى پەروەردگار لەم فەرمانەیدا ئەیەوێت كارتان لەسەر ئاسان بكاتەوە و نایەوێ لەسەرتانى قورس بكاتەوە.
شوێنى بەڵگەش لەم ئایەتەدا [ وَمَن كَانَ مَرِيضًا... وَلاَ يُرِيدُ بِكُمُ الْعُسْرَ ] ،، واتا كەشی ئەوەیە: ئەو كەسانەى كە نەخۆشن دەتوانن بەڕۆژوو نەبن و پاشان بەژمارەى ئەو ڕۆژانە قەزاى ڕۆژووەكەیان بكەنەوە.
بەڵام با بزانین نەخۆشى چەند جۆرە لە كاتى ڕۆژوودا ؟ بە پشتیوانى خواى پەروەردگار دەڵێم: نەخۆش دوو جۆرە ئەوەش بەم پێیەى خوارەوە:
جۆرى یەكەم: نەخۆشیەك كە چاوەڕوانى چاك بوونەوەى بكرێت (مرض يرجى برؤه):
ئەم جۆرەیان ئایەتى پێشوو دەیگرێتەوە كە خواى پەروەردگار تێیدا فەرموویەتى: [... وَمَن كَانَ مَرِيضًا... فَعِدَّةٌ مِّنْ أَيَّامٍ أُخَرَ يُرِيدُ اللّهُ بِكُمُ الْيُسْرَ وَلاَ يُرِيدُ بِكُمُ الْعُسْرَ َ ] [البقرة: 185] .
واتە: جا هەریەكێك لە ئێوە نەخۆش بوو ـ واتە: نەخۆشیەك چاوەڕوانى چاك بوونەوەى بكرێت ـ ئەو جۆرە نەخۆشە بۆیان ڕەوایە بە ڕۆژوو نەبیت، بەڵام پاش ئەو نەخۆشیە پێویستە بە ژمارەى ئەو ڕۆژانە قەزاى ڕۆژووەكەى بكاتەوە، خواى پەروەردگار لەم فەرمانەیدا ئەیەوێت كارتان لەسەر ئاسان بكاتەوە و نایەوێ لەسەرتانى قورس بكاتەوە.
جۆرى دووەم: نەخۆشیەك چاوەڕوانى چاك بوونەوەى نەكرێت (مرض لا يرجى برؤه):
بەڵام ئەم جۆرەیان كە چاوەڕوانى چاك بوونەوەى خاوەنەكەى ناكرێت، ئەوا تەنها ئەوەى لە سەرە كە لە بڕى هەر ڕۆژێكدا خواردنى هەژارێك بدات، ئەمەش بە پێوان و بەراورد كردنى (قیاس) نەخۆش لەگەڵ پیاو و ژنى پیردا، هەروەكو (ابن عباس) ـ ڕەزاى خوا لە خۆى و باوكى بێت ـ فەرموویەتى: الشَّيْخُ الكَبيرُ وَالمَرْأةُ الكَبيرةُ لا يَسْتَطيعانِ أنْ يَصُومَا، فَيُطْعِمَا مَكَانَ كُلَّ يَوْمٍ مَسْكِيْنَاً (أخرجه البخاري رقم: (4505). وانظر (شرح السنة): (6 / 316)، و (فتح الباري): (8 / 180)، و (نيل الأوطار): (4 / 315)، و (إرواء الغليل): (4 / 22 ـ 25). وقد نقل في (الإجماع) رقم: (129): الإجماع على ذلك).
واتە: پیاو و ئافرەتى بەتەمەن كە تواناى ڕۆژوو گرتنیان نیە با بەرامبەر بەهەر ڕۆژێك لە ڕۆژووەكەیان نانى هەژارێك بدەن.
كەفارەتەكەشى بە دوو شێوە دەبێت:
1 / گوێلێك یان دوو گۆێل گەنم یان خواردنێكى هاوشێوە وەك برنج دەدات بە هەژاران:
هەروەكو لە فەرموودەى پێشوودا هاتووە لە ڕیوایەتى ئیمامى (الدارقطني) (2 / 207) ـ كە فەرموودەكە بە (صحيح) دادەنێ ـ لە ڕێگەى (منصور) لە (مجاهد) لە (ابن عباس) ەوە و دەگێرێتەوە كە: كاتێك ئەم ئایەتەى خوێندەوە: [ وَعَلَى الَّذِينَ يُطِيقُونَهُ فِدْيَةٌ طَعَامُ مِسْكِينٍ ] فەرمووى: هُوَ الشَّيْخُ الذي لا يَسْتَطيعُ الصِّيامَ فَيُفْطِر، وَيُطْعِمْ عَنْ كُلِّ يَوْمٍ مَسْكِينَاً، نِصْفُ صَاعٍ مِنْ حَنْطَة (بڕوانە پەراوێزى پێشوو).
واتە: مەبەستى ئایەتەكە ئەو پیاوە بە تەمەنانە دەگرێتەوە كە تواناى ڕۆژوو گرتنیان نیە، ئەو كەسانە بەڕۆژوو نابن و بەرامبەر بە هەر ڕۆژێك لە ڕۆژووەكەى خواردنى هەژارێك دەدات، ئەویش بریتى یە لە نیو (صاع) لە گەنم، هەر (صاع) ێك بریتى یە لە چوار گوێل گەنم، كەواتە، نیوەى (صاع) ێك دوو گوێل گەنمە.
وە لە (أبو هریرە) وە رضي الله عنه دەگێڕنەوە فەرموویەتى:((مَنْ أدْرَكَهُ الكِبَرُ فَلَمْ يَسْتَطِعْ أنْ يَصُومَ رَمَضَان، فَعَلَيْهِ لِكُلِّ يَوْمٍ مُدٌّ مِنْ قَمْح)) (أخرجه الدارقني: (2 / 208) وفي سنده عبدالله بن صالح، وهو ضعيف، لكن له شواهد).
واتە: هەر كەسێ گەشتە تەمەنى پیرى و نەیتوانى بە ڕۆژوو بێت لە ڕەمەزاندا لە سەرى پێویستە بەرامبەر بەهەر ڕۆژێك كە بەڕۆژوو نابێت گوێلێك گەنم ببەخشێت.
2 / یان درووست كردنى چێشت و تێركردنى هەژاران بە ژمارەى ئەو ڕۆژانەى كە نەیگرتوون:
هەروەك لە (أنس) ى كوڕى (مالك) ەوە رضي الله عنه: ((أَنَّهُ ضَعُفَ عَن الصَّومِ عَامَاً، فَصَنَعَ جَفْنَةَ ثَريدٍ وَدَعَا ثَلاثينَ مَسْكِينَاً، فَأَشْبَعَهُم)) (أخرجه الدارقني: (2 / 207) وسنده صحيح)
واتە: (أنس) رضي الله عنه ساڵێك لە ساڵەكانى تەمەنى نەى دەتوانى بە ڕۆژوو بێت بەهۆى پیریەوە، لەو كاتەدا قازانێكى زۆر گەورەى تریتى دروست كردوو سی هەژارى بۆ ئەو خواردنە میواندارێتى كرد و هەموویانى تێر كرد.
جا برام لە وەڵامە پرسیارەكەتدا دەڵێم: وا دەردەكەوێت كە نەخۆشى باوكى بەڕێزت ـ داواكارم لە خواى میهرەبان و بە بەزەیى نەخۆشیەكەى بكات بەكەفارەت و پاككارى لە تاوانەكانى ـ بە پێى ئەو ڕوونكردن و باسەى كە تۆ دەیكەیت نەخۆشیەكە چاوەڕوانى چاك بوونەوەى لێ ناكرێت، بۆیە پێویستە هەموو مانگێكى ڕەمەزان بە ژمارەى مانگەكە نانى هەژاى لە بەرامبەردا بدرێت، بە یەكێك لەو دوو شێوەیەى پێشوو كە باسمان لێوە كردن، خواى پەروەردگاریش زاناترە.
تێبینى: نابێت لە برى ئەو خواردنە پارە بدرێت بە هەژاران، بەڵكو پارە دانەكە قەرزارێتى ڕۆژووەكە لە سەر خاوەنەكەى ناخات، بۆ زانینى بۆچوونى ڕاست و هەڵبژاردە بڕوانە نووسراومان: (فەتواى گەورە زانایانى ئەهلى سوننە و جەماعە: ابن باز والألباني وابن العثيمين والوادعي وفوزان واللجنة الدائمة للإفتاء، سەبارەت بە نادرووستێتى سەرفترەدان بە پارە) كە باس لەوە دەكات نابێت خواردندانەكە بە پارە بخەمڵێنرێت و پارەكەى بدرێت بە هەژاران. ئەم نووسراوەش لە سایتى بەهەشت دا www.ba8.org:، بڵاو كراوەتەوە.
بەڵام سەبارەت بە دایكت ئەوا خزمەتگوزارێتى بۆ مێردەكەى نابێت بە عوزر و بیانوویەك بتوانى بەهۆیەوە بە ڕۆژوو نەبێت، ئیللا لە بارودۆخێكى دیارى كراودا، دەبێت كە ئەو بار و دۆخە هاتە پێشەوە پرسیارى سەبارەت بكرێت، خواى بەرز و بڵند و پایە بەرز زاناترە.

وَآخِرُ دَعْوَانا أَنِ الْحَمْدُ لِلّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ
لە لایەن مامۆستا (عدنان بارام) ە وە وەڵام دراوەتەوە


www.ba8.org

بینێرە بۆ هاوڕێکەت
چاپکردن
ستایڵ
  • قەبارەی فۆنت
    • گەورەکردن:
    • zoomin
    • بچوک کردنەوە:
    • zoomout
  • جۆری فۆنت
    • ههەڵبژاردن:
  • ڕەنگی فۆنت
    • هەڵبژاردن:
  • بنەڕەتی کردنەوە
    • بنەرەتی
ڕێکلام