ئایا پێغەمبەری خوات(‏‏صلى الله عليه وسلم‏))خۆش دەوێت؟؟؟‎!‎
بەروار: 2012/11/21سەردارن: 3366نوسەر: فلاح حسن

بسم الله الرحمن الرحيم
‏ گومانی تێدا نیە كە هەموو موسڵمانان ,بە بێ‌ جیاوازی , پێغەمبەری خوایان خۆش دەوێت وە ‏دەتوانین بڵێین تەنها شتە كە هەموو موسڵمانان لە كۆن و تازە و زانا و خەڵكی سادە و گەورە و بچوك لە ‏سەری كۆك و هاوڕا بن سەرەڕای جیاوازیان لە زۆر بوارەكانی تری بیروباوەڕ و شتەكانی تردا , ئەگەر چی ‏جیاوازی لە ڕادەی بەكردار (تطبيق) كردنی ئەم خۆشەویستیە شتێكی بەر چاو و هەست پێ كراوە , هەر ‏بۆیە دەبینین خەڵكانێك ئەو خۆشەویستیە بە خۆپیشاندان و ئاژەوە گێڕی و هاوار كردن دەردەبڕن , بە ‏پێچەوانەشەوە خەڵكانێكی تر بە گۆرانی وتن و ئاهەنگ گێڕان و شرینی بەخشینەوە خۆشەویستی ‏دەردەبڕن بە بێ‌ گوێ‌ دانە ئەوەی كە ئایا ئەو كارانە لەگەڵ شەرعدا یەك دەگرنەوە یان نا ؟! لە بەرامبەر ‏ئەمانەش موسڵمانێكی زۆری ورە ڕووخاو هەن كە دەڵێن ئێمە دەسەڵاتی هیچمان نیە و هیچمان پێ ناكرێت .‏
‏ بەڵام موسڵمانی ژیر نابێت لە هیچ كام لەم دوو جۆرە بێت ,نە كارێك بكات كە سوودی بۆ دونیا و دوا ‏رۆژی نیە بەڵكو دەبێتە زیاتر تۆرانی خەڵی لە ئیسلام و ناشرینكردنی و هۆكار دانە دەست دوژمنان ‏وناحەزانی ئیسلام و پێغەمبەرەوە بۆ هێرش كردن وە زیاد لەوەش هیچ مانایەكی خۆشەویستی و ‏سەرخستنی تێدا نیە بۆ پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم ,هەروەك نابێت داماوانە دابنیشێت و بڵێت من هیچم پێ ناكرێت ‏‏,چونكە هەمووان دەزانین كە گەورەترین بەڵگە و نیشانە بۆ خۆشویستنی هەر كەسێك بریتیە لە شوێنكەوتن ‏و چاولێكردن و هەنگاو نان بە پێی ویست و حەزی خۆشەویست. هە بۆیە دەڵێین با هەر یەك لە ئێمەی ‏موسڵمان كە پێغەمبەری خوامان صلى الله عليه وسلم خۆش دەوێت كارێك ئەنجام بدەین كە بەڵگە بێت لە سەر ئەو ئیدعایە ‏و سوودی دواڕۆژی تێدا بێت بۆمان , ڕێگاكانیش بۆ سەلماندنی ئەو خۆشەویستیە زۆر زۆرن بە پێی توانا و ‏پلە و پایە و گەورە و بچوكی دەگۆڕێن بەڵام ئەوەی من مەبەستمە بیخەمە بەردەم خوێنەرانی خۆشەویست ‏ئەوەیە كە ئەوەی من دیاریم كردووە بە هەموو كەسێك دەكرێت , گەورە و بچووك , خوێندەوار و ‏نەخوێندەوار , كچ و كوڕ , كرێكار و مامۆستا , دەوڵەمەند و هەژار ... هتد وە بە ویستی خوای گەورە ‏سودی دواڕۆژی تێدایە بۆ هەمووان, كە ئەویش بریتیە لە ئەنجام دانی دوو كار :‏
‏* تەوبە كردن و گەڕانەوە بۆ لای خوای گەورە لە تاوانێك , بە تایبەت تاوانە گەورەكان و بەیەكجاری وازهێنان لەو ‏تاوانە . ‏
‏*جێبەجێكردنی یەكێك لە سوننەتەكانی پێغەمبەری خۆشەویست ‏صلى الله عليه وسلم‏ بە تایبەت ئەو سوننەتانەی كە زۆرینەی خەڵكی ‏پشتیان لێ كردوە و نامۆ بووە .‏