مافەكانی پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم بەسەر باوەڕدارانەوە (بەشی دووەم)
بەروار: 2011/12/15سەردارن: 3912نوسەر: م/ عوبێد محمد أمین

بسم الله الرحمن الرحیم
الحمد لله رب العالمين والصلاة والسلام على نبينا محمد وعلى آله وصحبه أجمعين .
مافی دووەم: گوێڕایەڵی كردنی پێغەمبەری خۆشەویستمان صلى الله عليه وسلم لەهەموو شتێكدا كە فەرمانمان پێ‌ دەكات. بێگومان گوێڕایەڵی كردنی پێغەمبەری خۆشەویستمان صلى الله عليه وسلم شتێكی پێویستەو مەجالی سەرپێچی كردنی تێدا نییە. گوێڕایەڵی كردنی پێشەوامان صلى الله عليه وسلم پێویستە لەبەر چەند هۆیەك لەوانە:
1- لەبەر ئەوەی خوای پەروەردگار فەرمانی پێكردوین كە گوێڕایەڵی فەرمایشتە جوانەكانی پێغەمبەری خۆشەویستمان صلى الله عليه وسلم بكەین و سەرپێچی نەكەین.
خوای گەورە دەفەرمووێت:[ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آَمَنُوا أَطِيعُوا اللَّهَ وَأَطِيعُوا الرَّسُولَ]  (النساء: ٥٩) . واتە: ئەی ئەو كەسانەی كە باوەڕتان هێناوە و باوەڕدارن گوێڕایەڵی خوا و پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم بكەن و لە فەرمانیان دەرمەچن.
ئەم ئایەتە پیرۆزە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە گوێڕایەڵی كردنی پێغەمبەری خۆشەویست صلى الله عليه وسلم گوێڕایەڵی كردنی خوای پەروەردگارە، وەك لە ئایەتێكی تردا دەفەمووێت:  [مَنْ يُطِعِ الرَّسُولَ فَقَدْ أَطَاعَ اللَّهَ](النساء: ٨٠) . واتە: ئەو كەسەی گوێڕایەڵی پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم بكات ئەوە بێگومان گوێڕایەڵی خوای پەروەردگاری كردووە.
ئەم ئایەتە پیرۆزە ڕەدێكی زۆر گەورەیە بۆ سەر ئەو كەسانەی كە جیاوازی دەخەنە نێوان قورئان و فەرموودە ڕاست(صحیح)ەكان بەوەی كە قورئانی پیرۆز وەردەگرن و فەرموودەكان لەبیردەكەن و فەرامۆشیان دەكەن و جێ‌ بەجێیان ناكەن و گرنگیان پێ نادەن و شوێن كەوتنی فەرموودەكان بەلایانەوە واجب نییە، بێگومان ئەم جۆرە كەسانە گومڕاو سەرلێ شێواون وهیچ ڕێزێكیان نییە لای پەروەردگار، چونكە ڕێزی فەرموودەكان ناگرن، بەم گومڕایانە دەوترێت (القرآنيين) پێغەمبەری خۆشەویستمان صلى الله عليه وسلم دەفەرمووێت : ((تركت فيكم شيئين لن تضلوا بعدهما كتاب الله وسنتي)) (صحيح الجامع الصغير: 2937).  واتە: دوو شتم لەناو ئێوەدا بەجێ هێشتوە گەردەستیان پێوەبگرن ئەوە بێگومان گومڕاو سەرلێ شێواو نابن ئەویش بریتی یە لە قورئانی پیرۆزو سوننەتەكانی من.
ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە دەستگرتن بەقورئان و سوننەتەوە بەختەوەری بۆ هەردوو جیهان بۆ خاوەنەكەی مسۆگەر دەكات و بە پێچەوانەشەوە وازهێنان لێیان گومڕاییە.
2- لەبەر ئەوەی پێغەمبەری خۆشەویست صلى الله عليه وسلم بانگەوازی ئوممەتەكەی دەكات بۆسەر ڕێگای ڕاست ودروست، كەبە ویستی خوای پەروەردگار دەیانگەیەنێتە ڕەزامەندی خۆی و بەهەشتی پڕلە نازو نیعمەت.
خوای گەورە دەفەرمووێت: [ وَإِنَّكَ لَتَهْدِي إِلَى صِرَاطٍ مُسْتَقِيمٍ](الشورى: ٥٢) . واتە: بێگومان ئەی پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم تۆ بەویستی خوای پەروەردگار ڕێگای ڕاست نیشانی خەڵكی دەدەیت و ڕێنمووییان دەكەیت بۆ سەر ڕێگای ڕاست و دروست.
كەواتە: پێغەمبەری خۆشەویست صلى الله عليه وسلم دڵسۆزترین كەس و پێشەوایە بۆ ئێمە لەبەر ئەوە ئێمەش لە خۆمان و هەموو كەس وكار و منداڵەكانمان خۆشترمان دەوێت.
3- لەبەر ئەوەی لەگوێراِیەڵی كردنیدا ڕێنموونی تەواو و دروست هەیە.
خوای گەورە دەفەرمووێت: [ وَإِنْ تُطِيعُوهُ تَهْتَدُوا] ( النور: ٥٤)  . واتە: ئەگەر ئێوە گوێڕایەڵی پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلمبكەن ئەوە بێگومان ڕێنموونی دەكرێن و ڕێنموونی وەردەگرن.
ئەم ئایەتە پیرۆزە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە گوێڕایەڵی كردنی پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم هۆكارێكی سەرەكییە بۆ مسۆگەر كردنی ڕێنموونی و ڕۆیشتن لەسەر ڕێگای ڕاست و دروست بەویستی خوای پەروەردگار. وە بەپێچەوانەوە سەرپێچی كردنی پێغەمبەری خۆشەویست صلى الله عليه وسلم گومڕایی و سەرلێ‌ شێواوییە.
4- لەبەر ئەوەی لە گوێڕایەڵی كردنیدا بەختەوەری و مسۆگەر كردنی بەهەشت هەیە.
خوای گەورە دەفەرمووێت: [ وَمَنْ يُطِعِ اللَّهَ وَرَسُولَهُ يُدْخِلْهُ جَنَّاتٍ تَجْرِي مِنْ تَحْتِهَا الْأَنْهَارُ] (النساء: ١٣) . واتە: هەر كەسێك گوێڕایەڵی خوای پەروەردگارو پێغەمبەرەكەی صلى الله عليه وسلم بكات ئەوە خوای پەروەردگار دەیخاتە ناو بەهەشتێكەوە كەچەندەها ڕوبارو جۆگە ئاو بەناو كۆشك و ماڵەكانیاندا دەڕوات.
پێغەمبەری خۆسەویستمان صلى الله عليه وسلم دەفەرمووێت: ((كل أمتي يدخلون الجنة إلا من أبى . قيل: ومن يأبى يارسول الله صلى الله عليه وسلم ؟ قال من أطاعني دخل الجنة ومن عصاني فقد أبى)) (البخاري: 6851).  واتە: هەموو ئوممەتەكەم دەچێتە بەهەشتەوە تەنها ئەو كەسانە نەبێت كەپشت هەڵدەكەن و مل كەچ ناكەن، ووترا ئەی پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم كێ‌ هەیە پشت هەڵ بكاو مل كەچ نەكات؟ فەرمووی: هەركەسێك گوێڕایەڵی من بكات دەچێتە بەهەشتەوە، وەهەركەسێك سەرپێچی لەفەرمانەكانمدا بكات ئەوە پشتی هەڵكردووەو ناچێتە بەهەشتەوە وە لەسەرپێچی كردنیدا ئاگری دۆزەخ هەیە.
خوای گەورە دەفەرمووێت:[ وَمَنْ يَعْصِ اللَّهَ وَرَسُولَهُ وَيَتَعَدَّ حُدُودَهُ يُدْخِلْهُ نَارًا خَالِدًا فِيهَا وَلَهُ عَذَابٌ مُهِينٌ] (النساء: ١٤) . واتە: هەر كەسێك سەرپێچی لە فەرمانەكانی خواو پێغەمبەرەكەیدا صلى الله عليه وسلم بكات و سنورە شەرعییەكان ببەزێنێت ئەوە خوای پەروەردگار دەیخاتە ناو ئاگرەوەو بەهەتاهەتایی تیایدا دەمێنێتەوە دووچاری سزایەكی سەرشۆڕ دەبێ‌ و لەئاگری دۆزەخدا بەسەرشۆڕی دەمێنێتەوە پەنا بەخوای پەروەردگار.

وصلى الله على نبينا محمد وعلى آله وصحبه وسلم.