ماڵپەری بەهەشت

بەشە سەرەکیەکان
پرسیار و وەڵامی شەرعی
ئاماری ماڵپەڕ




ڕێکلام
لە خوا بترسـن لە نوێژەكانتان

الحمد لله وحدة، و الصلاة والسلام على من لا نبي بعده....
و بعد:
موسڵمانی بەڕێز: ئەگەر یەكێك لێت بپرسێ‌ لەسەر چ دینێكی بێگومان ئەڵێی موسڵمانم بەبێ‌ ئەوەی بیرێك لەوە بكەیتەوە كە پایەیەكی گرنگی دینەكەت پشتگوێ‌ خستوە كە نوێژ كردنە، هەرورك پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرموویەتی: (بني الإسلام على خمس شهادة أن لا إله إلا الله وأن محمدا رسول الله وإقام الصلاة وإيتاء الزكاة وحج البيت وصوم رمضان) صحيح الجامع 2840.
واتە (ئیسلام لەسەر پێنج شت بنیات نراوە شایەتی بدەی كە هیچ خوایەك نیە شایستەی پەرەستن بێت جگە لە (الله) وە شایەتی بدەی كە هیچ كەسێك شایستەی شوێن كەوتن نیە جگە لە (محمد) (صلى الله عليه وسلم)، وە نوێژ بكەیت، زەكات بدەیت، ڕۆژوی ڕمەزان بگریت، حەجی ماڵی خوا بكەیت. كەواتە نەكردنی نوێژ واتە پشت گوێ‌ خستنی پایەی دووەمی ئیسلام. ئەو نوێژەی كە ئەنجامدانی دەبێتە هۆی زیاد بوونی باوەڕ و نەكردنیشی دەبێتە هۆی كەم بونی
دەی تێفكرە ئەگەر لە دونیادا كۆشك و تەلارێكی زۆر باش و جوانت هەبێ‌ و بەیەكێكی تری خراپ و وێرانەی بگۆڕیتەوە خەڵكی چیت پێ‌ ئەڵێن ؟ شێت و بێ‌ عەقڵ و گەمژە و… هتد.
بەڵام ئاخۆ بیرت لەوە كردۆتەوە بە نوێژ نەكردنت دوا ماڵی جوانی قیامەتت كە لە بەهەشت دایە دەیگۆڕیتەوە بەم ماڵە وێرانەی ئەم دونیا كاتیە ؟! ئەم دونیایەی كەخوای پەروەردگار لەبارەیەوە ئەفەرمووێت:
[ وَمَا الْحَيَاةُ الدُّنْيَا إِلاَّ لَعِبٌ وَلَهْوٌ وَلَلدَّارُ الآخِرَةُ خَيْرٌ لِّلَّذِينَ يَتَّقُونَ أَفَلاَ تَعْقِلُونَ ] (الأنعام: 32).
واتە: بە ئاگا بن كە زۆربەی ژیانی ئەم دونیایە هەر گاڵتە و گەپە و دڵنیابن ئەو ماڵەی تر كە (بەهەشتە) چاكترە بۆ ئەوانەی كە پارێزگاری لەفەرمانەكانی پەروەردگار ئەكەن. دەسا بیرناكەنەوە و ژیر نابن كە پاداشتی قیامەت بۆتان چاكترە ؟
ئامان موسڵمانی بەڕێز شوێنی هەموو نوێژ نەكەرێك لەقیامەتدا سەقەرە هەروەك پەروەردگار ئەفەرموێ‌: [ مَا سَلَكَكُمْ فِي سَقَرَ ] (المدثر:42)
.واتە: وە پێیان ئەڵێن ئەوە چی بوو ئێوەی بەرەو دۆزەخ ڕاپێچ كرد وا ئێستا ئەو سزا سەختە ئەچێژن ؟ ئەوانیش لەوەڵامدا ئەڵێن [ قَالُوا لَمْ نَكُ مِنَ الْمُصَلِّينَ ] (المدثر: 43).
واتە: ئێمە لە نوێژ گەران نەبوین بۆ پەروەرگامان.
ئایە سەقەرت بینیوە ؟ كە خوای پەروەردگار لە بارەیەوە ئەفەرموێ‌:
[ سَأُصْلِيهِ سَقَرَ * وَمَا أَدْرَاكَ مَا سَقَرُ  * لَا تُبْقِي وَلَا تَذَرُ * لَوَّاحَةٌ لِّلْبَشَرِ ] (المدثر: 26  ـ 29)
واتە: لەمەو پاش ئەیخەمە ناو سەقەرەوە، جا تۆ چوزانی سەقەر چییە ئەگەر پێت نەڵێم، ئاگرێكە هیچ شتێك ناهێڵێتەوە لە گۆشت و دەمار و ئەیسوتێنێ‌، و وازیش ناهێنێ‌ و جێ‌ ناهێڵێت پێستی سەرەوە و لاشە رەش دەكاتەوە.
سوێندت ئەدەم بەو پەروەردگارەی گیانی هەموومانی بەدەستە بەرگەی نیو سەعات خۆری هاوین دەگری ؟ ئەو هاوینەی كە لەچاو ئاگری دۆزەخدا وەكو زستانی سەختی كوێستانەكانە، ئاخۆ ئاگری دۆزەخ چۆن ئاگرێك بێت ؟ بۆ تەنها پێنج چركە بیری لێبكەرەوە تا بەئاگا بێیتەوە لەو خەوە قوڵەی تیایدای.
موسڵمانی بەڕێز نوێژنەكەران خۆیان شایەتحاڵی خۆیانن كەدەڵێن: [ لَمْ نَكُ مِنَ الْمُصَلِّينَ ] ، واتە: ئێمە لە نوێژگەران نەبوین بۆ پەروەرگامان.
كاكی ئیماندار: ئەی ئەو كەسەی ئێستا بەكۆمەڵ لەگەڵ هاوڕێكانتا لەسەر زەوی پیاسە دەكەیت و پێدەكەنی و گاڵتە دەكەی، دەزانی مردن و قەبر چی بۆئامادە كردووی ؟ یان باخچەیەك لە باخچەكانی بەهەشت یان چاڵێك لەچاڵەكانی دۆزەخ. ئەگەر نوێژ گەر بیت خۆش بەختی و ئەگەر نوێژ نەكەریش بیت ئەوا بەدبەختی و نەهامەتی و تەنهایی و گریان. باشە لەخۆت بپرسە بۆ كێ‌ و لەپێناو كێ‌ توشی نەهامەتی بیت ؟ هاوڕێكانت ؟ ماڵ و مناڵەكەت ؟ كارو مەشغەڵەتی دونیا ؟
ئەوەش بزانن كە ماڵ و سامانی دونیا تەنها بۆ ئەنجامدانی نوێژ و زەكات دانە زیاتر لەوەی بۆ ڕابواردن بێت هەروەك پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم). فەرموویەتی::(إن الله قال إنا أنزلنا المال لإقام الصلاة وإيتاء الزكاة).  صحيح الجامع: 1781‌
واتە: خوای پەروەردگار فەرمویەتی ئێمە ماڵ سامانمان پێتان بەخشیوە بۆ نوێژكردن و زەكات دان ئەزانی بە نوێژ نەكردنت چ تاوانێكی گەورەت ئەنجام داوە ؟ سەرپێچی ئەم ئایەتەت كردوە [ حافظوا على الصلاة ] (البقرة: 238) واتە: پارێزگاری لە نوێژەكانتان بكەن
موسڵمانی بەڕێز: ئامان نوێژەكانت لەبیر مەكە چونكە قیامەت سەختە و ژیانی دونیایش كاتیە و یەكەمین شتیش لە قیامەتدا لەسەری موحاسەبە دەكرێی نوێژ كردنە هەروەك پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی " أول ما يحاسب به العبد يوم القيامة الصلاة فإن صلحت صلح سائر عمله وإن فسدت فسد سائر عمله " صححه الألباني في صحيح الجامع الصغير برقم: 2573.
واتە: یەكەم شتێك كە لەڕۆژی دواییدا لێپرسینەوەی بەندەی موسڵمانی لەسەر بكرێت نوێژە جا ئەگەر نوێژەكانی باش بوو ئەوا پەرستشەكانی تری باش دەبێت وە ئەگەر خراپ بوون ئەوا پەرستشەكانی تریشی خراپ دەبن).
هەروەها پەروەردگار زوڵم و ستەم لەكەس ناكا، ماڵ وسامانیش بە نوێژنەكەرێك بدات ئەوا پاداشتی نوێژگەرێك بەهەشتی بەرینە كە بەهەموو سامانی دونیا بەدەستی ناهێنی بە تەنها پەرستنی خوای پەروەردگار نەبێت، چونكە پەروەردگار ئەفەرموێت [ قَدْ أَفْلَحَ الْمُؤْمِنُونَ * الَّذِينَ هُمْ فِي صَلَاتِهِمْ خَاشِعُونَ ] (المؤمنون:1 ـ 2). واتە: بەڕاستی خەڵكانی خاوەن باوەڕ و بڕوا دار سەركەوتو و سەرفراز و ڕزگارن، چونكە خاوەنی ئەم سیفەتە بەرزانەن كە پەروەردگار لەبارەیانەوە ئەفەرموێ‌: ئەوانەن كە لە نوێژەكانیاندا خۆ شكێن و ملكەچن و هەردەم بە ترسەوە نوێژ ئەكەن و بەرامبەر بەخوا ئەهلی شەرمن.
موسڵمانی بەڕێز: هەموو نوێژ نەكەرێكیش لە هەردوو دونیادا بێزار و چارە ڕەش دەبێت، ئەمەش پەیمانێكە و پەروەردگار بە نوێژ نەكەرانی دواە وەك دەفەرموێت: [ وَمَنْ أَعْرَضَ عَن ذِكْرِي فَإِنَّ لَهُ مَعِيشَةً ضَنكاً وَنَحْشُرُهُ يَوْمَ الْقِيَامَةِ أَعْمَى * قَالَ رَبِّ لِمَ حَشَرْتَنِي أَعْمَى وَقَدْ كُنتُ بَصِيراً * قَالَ كَذَلِكَ أَتَتْكَ آيَاتُنَا فَنَسِيتَهَا وَكَذَلِكَ الْيَوْمَ تُنسَى ] (طه: 124 ـ 126).
واتە: وە هەر كەسێكیش پشت لەم قورئانەم هەڵبكاو ڕوی وەربگێڕێ‌ بێگومان ژیانێكی سەختی ئەبێ‌ هەرچەند خاوەنی دونیاش بێ‌، و لەڕۆژی قیامەتیشدا بەكوێری حەشر و دادگایی ئەكەین، ئەویش لەو هەڵوێستەدا ئەڵێ‌: پەروەردگارم خۆ من لە دونیادا چاوم ساغ بوو، وە بینا بووم ئەی بۆچی منت بەكوێری حەشر كرد ؟ خوای پەروەردگاریش لە وەڵامدا ئەفەرمووێ‌: كار هەر وایە تۆ بەڵگە و ئایەتە ڕۆشنەكانی ئێمەت بۆهات لەبیرت كرد ئاوا تۆش ئەمڕۆ لە ناو ئاگری دۆزەخدا بە ئیهمال كراوی ئەمێنیتەوە.
چەن سەختە لەو ساتە وەختە پەروەردگار ئیهمالت بكات ؟ هۆكارەكەیشی ئەوكات تەنها خۆتی چونكە پەروەرگار ستەم لە كەس ناكات. هەروەها سەبارەت بە ڕێگای ڕاست ئەفەرموێت [ وَمَن كَانَ فِي هَـذِهِ أَعْمَى فَهُوَ فِي الآخِرَةِ أَعْمَى وَأَضَلُّ سَبِيلاً ] (الإسراء: 72)
واتە: هەر كەسێكیش لەم دونیایەدا لەئاستی حەق كوێر بوبێت واتە: دڵ و دەرونی حەقی وەرنەگرتبێ‌ و لەڕێگای راستی دینی ئیسلام لای دابێ‌ ئەوە لەپاشە ڕۆژیشدا چاوی كوێرە و سەرلێشێواو تریش ئەبێ‌ واتە: هیچ ڕێیەكی هیدایەتیان دەست ناكەوێ‌. دڵنیابە نوێژ كردنیش یەكێكە لەڕێگا ڕاستەكانی ئاینی ئیسلام، بۆیە ئەوەی لەدونیادا چاوەكانی بەنوێژدا هەڵنەهاتبێ‌ یان كەمتەرخەمی كردبێ‌ ئەوا لە دواڕۆژیشدا كوێرە و بە كوێرەوەری و سەرلێشێواوی دەژی.
موسڵمانی بەڕێز: ژیان بۆ هیچ كەسێك تا سەر نیە چۆن تۆ هەواڵی مردنی هاورێ و دۆستەكانتت پێ گەیشت هەواڵی مردنی تۆیش دەگاتە ئەوانی تر، كە مردی ئەوكات كێ‌ نوێژێكت بۆدەكات وەك ئەڵێن بیركردنەوەی دەرەوەی ئاو لە بیر كردنەوەی ناوەوەی ئاو باشترە، چونكە بیركردنەوەی ناو ئاو ئەگەری خنكانی لەگەڵدایە. بۆیە بیركردنەوە لەژیاندا و گەڕانەوە بۆسەر ڕێگای ڕاست زۆر زۆر باشترە لە پەشیمان بونەوەی پاش مردن، چونكە پەشیمان بوونەوەی پاش مردن بێسودە وەك پەروەردگار لەم حاڵەتە ئاگەدارمان ئەكاتەوە و ئەفەرموێ‌: [ حَتَّى إِذَا جَاء أَحَدَهُمُ الْمَوْتُ قَالَ رَبِّ ارْجِعُونِ * لَعَلِّي أَعْمَلُ صَالِحاً فِيمَا تَرَكْتُ كَلَّا إِنَّهَا كَلِمَةٌ هُوَ قَائِلُهَا وَمِن وَرَائِهِم بَرْزَخٌ إِلَى يَوْمِ يُبْعَثُونَ ] (المؤمنون: 99 ـ 100). واتە: خوا نەناسان هەر درێژە بەكاری خراپە و بێ بڕوایی خۆیان ئەدەن تا كاتێ‌ مردن یەخەی یەكە بە یەكەیان دەگرێ‌ و ئەحواڵی ئاخیرەتی بۆ ئاشكرا ئەبێ‌ ئەوكات ئەڵێ‌ پەروەردگارم بمگێرەوە بۆ دونیا بەڵكو ئەوكارە چاكەی كاتی خۆی لەدەستم چوو ئێستە بیكەم، نەخێر هەرگیز ئەو داخوازیە جێبەجێ‌ نابێت ئەویش هەر ئەو قسەیە یەو ئەو بەناچاری دەیكات وە تا ڕۆژێ‌ زیندو دەكرێنەوە بەربەستێكی زۆر گەورەیان لەپێشدایە و ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ دونیا، واتە: هەرگیز ناگەڕێنەوە و هەر لە سزایشدا ئەبن.
ئەمە وەڵامی ئەوكەسانەیە كە لەدونیادا كەم تەرخەمی لەنوێژەكانیان ئەكەن.
موسڵمانی لەخواترس بڕوانە (یزید) ی (الرقاشی) بەنەفسی خۆی دەووت: تیابچیت ئەی یەزید لەپاش مردنت كێ‌ نوێژت بۆ دەكات ؟ وە لە پاش مردنت كێ‌ ڕۆژووت بۆ دەگرێت ؟ لەپاش مردنت كێ‌ بۆت دەپاڕێتەوە كە خوای پەروەردگار لێت ڕازی بێت ؟ پاشان ووتی: ئەی خەڵكینە ! بۆچی ناگرین و هاوار ناكەن بۆ خۆتان لەو بڕەی كە ماوە لە ژیانتان، ئەو كەسەی كە پەیمان و مەوعدی مردنە، و گۆڕیش ماڵیەتی، و خاك و خۆڵیش جێگەیەتی، و كرمیش هاودەمیەتی، و لەگەڵ ئەم حاڵەتەشدا هەر چاوەڕوانی ڕۆژی دواییە، ئایە حاڵی چۆن بێت ؟!!پاشان ـ بەڕەحمەت بێت ـ دەستی كرد بە گریان.
دەی تێفكرە ئەوە حاڵی یەكێك بێت بەو هەموو زوهد و تەقوا و لە خوا ترسانەوە و لەو سەردەمە، ئاخۆ دەبێ‌ ئێمە چی بڵێین لەم سەردەمی سەتەلایت و پڕ لە تاوانە ؟ دەی تێفكرە و عیبرەت لەو وتەیەی سەرەوە وەربگرە، كەمردی كێ‌ نوێژێك لەجیاتی تۆ دەكات ؟ دڵنیابە هیچ كەسێك، چونكە ماوەیەكەو لەبیری هەموان دەچیت، بۆیە موسڵمانی لەخوا ترس خوای گەورە ئەفەرموێ‌:   [ قُل لِّعِبَادِيَ الَّذِينَ آمَنُواْ يُقِيمُواْ الصَّلاَةَ ] (إبراهيم: 31)  واتە: ئەی پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم تۆ بەو بەندانەم بڵێ‌ كە بڕوایان هێناوە بە ڕێكو پێكی نوێژەكانیان بكەن.
جا ئەگەر پەروەردگارت خۆش ئەوێ‌ ئەوا سەرپێچی مەكەو نوێژەكانت بە باشی و بێ‌ كەموو كوڕی ئەنجام بدە. بۆیە لێرەدا لێت دەپرسم تۆ (بەندەی خوای) ی یان (كەسێكی سەربەستی) ئەگەر (بەندەی) ئەوا لەخوا بترسە وە ئەگەر كەسێكی (سەربەستی) لە ئاست جێبەجێ‌ كردنی فەرمانەكانی خوا ئەوا چی دەكەیت خۆت بەرپرسیاردەبیت لە ئەنجامەكەی.
وَآخِرُ دَعْوَانا أَنِ الْحَمْدُ لِلّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ

www.ba8.org

بینێرە بۆ هاوڕێکەت
چاپکردن
ستایڵ
  • قەبارەی فۆنت
    • گەورەکردن:
    • zoomin
    • بچوک کردنەوە:
    • zoomout
  • جۆری فۆنت
    • ههەڵبژاردن:
  • ڕەنگی فۆنت
    • هەڵبژاردن:
  • بنەڕەتی کردنەوە
    • بنەرەتی
ڕێکلام