چۆن ماڵئاوایی لە مانگی ڕه‌مه‌زان بكەین ؟
بەروار: 2014/07/26سەردارن: 3793نوسەر: هاوار عبدالله

بەداخەوە كاتێك مردویەكمان ئەمرێ‌ تا ماوەی چەن مانگێك یادی ئەكەینەوە ، بەڵام هەر كە ڕەمەزان كۆتایی هات نویژەكانی بەیانیانمان ئەكەینە قوربانی خەوی بەیانی و نیوەڕۆیش ئەكەینە قوربانی نانی جەژن ، و هەر لە گەڵ بەرەڵا بوونی جنۆكە و شەیتانەكان زۆرێكمان جڵەوی ئارەزوو و شەهوەتەكانی خۆیان بەرەڵا دەكەن ، چاوەكان بۆ تەماشا كردنی حەرام و گوێیەكان بۆ بیستنی حەرام ، و قاچەكانیش لەڕەمەزاندا لەڕێگای بەرەو مزگەوت چوون ماندو ئەبوون ، كەچی لەپاش ڕەمەزان بۆ تاوانكاری و بەدوای عەیبەی خەڵكی گەڕان دەبێتە پیشەی زۆرێكمان !!! وە بە چەند ڕۆژێكی كەم قورئان لەیاد ئەكەین !!!
كچانیش هەر لەیەكەم ڕۆژی جەژنەوە دەگەڕێنەوە سەر مكیاج كردن و جل و بەرگ و پۆشاكی مۆدەی تەسك و نیوە ڕووتی ناشەرعی !!! هەروەها گەڕانەوە بۆ سەر ڕێگای گوێگرتن لە گۆرانی و تەماشاكردنی زنجیرە تەلەفزیۆنیەكان !!! گەڕانەوە بۆ سەر تەلیفۆن كردن و عەشقبازی و دەمەتەقێی ناشەرعی !!! بە هەمان شێوە كوڕانیش ، ئەمە جگە لە گەڕان بە دوای عەیبەی خەڵكی و ڕوشاندنی سومعەتیان !!! بە ڕاستی مردنمان باشترە لەم حاڵە كە بەم شێوەیە ماڵئاوایی لەم مانگە پیرۆزە بكەین ، برا و خوشكی ڕۆژوەوان ئەو خوایەی لە ڕەمەزان لێی ئەترسایت و ئاگای لە كردەوەكانت هەبوو هەمان ئەو خوایە لە مانگەكانی تریش ئاگای لە كارەكانتە ، بۆیە تەنها پێت ئەڵێم نوێژی جەماعەت و ڕۆژوو گرتن پەیوەست نیە بە مانگی ڕەمەزانەوە ، هەروەها گوێگرتن لەحەرام و تەماشا كردنی حەرام لە هەموو مانگەكان و لەهەموو كاتێكدا هەر حەرامە ، لەپاش ڕەمەزانیش دەرگای شەونوێژ و صەدەقە كردن و جۆرەكانی چاكە كردن داناخرێت ، بۆیە وەك برایەك پێتان ئەڵێم با ڕەمەزانیش بەسەرچێ‌ ، تۆ هەر لەدڵی خۆتدا وای دانە دوانزە مانگەی ساڵ ڕەمەزانە و ڕۆژانی دوای ڕەمەزانیش هەر وەكو ڕەمەزان لێبكە و بە خواپەرستی بیڕازێنەوە ، هەر بۆیە چۆن پلانێكمان داڕشت بۆ بەڕێ كردنی ڕەمەزان ئەتوانیت بەهەمان شێوە هەمان پلان دابڕێژی بۆ مانگەكانی تر ، چونكە ساردبونەوە لە پەرستن لە پاش ڕەمەزان تاوانێكی گەورەیە و بەرەو ئاكامێكی خراپت ئەبات ئەویش ئەوەیە كە شكت هەبێ‌ لە دەسەڵاتی خوا لەپاش ڕەمەزان ( نعوذ بالله ) بگرە زۆرێكمان خۆشحاڵە بە ماڵئاوایی كردنی مانگی ڕەمەزان !! وەك بڵێ‌ی بارێكی قورسی لە كۆڵ بوبێتەوە !!! حەق وایە بە خۆماندا بچینەوە و لە خۆمان و لەو كەسانەی كە كەمتەرخەمیان كردوە بپرسین و بڵێین : ئایە خوای ڕەمەزان خوای مانگەكانی تریش نیە ؟! كەوا لە مانگەكانی تردا هێندە سست و كەم تەرخەمین ؟!! تۆ بڵێی كەسانێك هەبن وابیر بكەنەوە كە خوای ڕەمەزان باڵادەست و توندوتیژ بێ‌ بۆیە بە باشی دەیپەرستین ؟!!!! كەچی لەبەر ئەوەی خوای مانگەكانی تر كەم دەسەڵات !!! و بەبەزیی یە بەباشی نایپەرستین ( نعوذ بالله ) .
بێگومان وازهێنان لە پەرستنەكان لە دوای ڕەمەزان هیچ كەمتر نیە لەو جۆرە بیركردنەوەی سەرەوە ، با بەو شیوەیەش بیر نەكەنەوە خۆ هیچ نەبێ‌ كردەوەكانیان ئەو بیركردنەوەیەی سەرەوە ئەسەلمێنێ‌ ، چونكە هەموو مانگەكان هی یەك پەروەردگارن و یەك خاوەن و دروستكاریان هەیە ، بۆیە پەرستنی ئەو یەك پەروەردگارە پێویستە بەیەك شێوە بێ‌ نەوەك لەڕەمەزان و شەوال نوێژ بكەین و لەمانگەكانی تر پشوو بە خۆمان بدەین !!!! بەواتایەكی تر لە هەموو مانگەكانی ساڵدا پەرستنی پەروەردگار واجبە لەسەر هەموومان بەبێ‌ گوێدانە ناوی مانگەكان و فەزڵ و گەورەییان . بۆیە كاتێك تەرخان بكە بۆ قورئان خوێندن و شەونوێژ و صەدەقەكردن و گەیاندنی صلەی ڕەحم و پاڕانەوە و مانەوە لەمزگەوت و فێركردی قورئان ... هەموو كارێكی چاكە . بەكورتی لەدڵی خۆتدا ناوی مانگەكان بگۆڕە با ناوی هەموویان ببێ‌ بە ڕەمەزان و بە پەرستن بیانرازێنەوە .

وَآخِرُ دَعْوَانا أَنِ الْحَمْدُ لِلّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ