ڕەمەزان مانگی هەوڵدان و تێكۆشان
بەروار: 2010/08/15سەردارن: 2888نوسەر: هاوار عبدالله

إِنَّ الحَمْدَ للهِ نَحْمَدُهُ ، وَنَسْتَعِيْنُهُ ، وَنَسْتَغْفِرُهُ ، وَنَعُوْذً بِاللهِ مِن شُرُوْرِ أَنْفُسِنَا وَمِنْ سَيِّئَاتِ أَعْمَالِنَا ، مَنْ يَهْدِهِ اللهُ فَلا مُضِلَّ لَهُ ، وَمَنْ يُضْلِلْ فَلا هَادِيَ لَهُ ... وَأَشْهَدُ أَنْ لا إِلَهَ إِلاّ اللهُ وَحْدَهُ لا شَرِيْكَ لَهُ ... وَأَشْهَدُ أَنَّ مُحَمَّداً عَبْدُهُ وَرَسُوْلُهُ .
أَمَّا بَعْدُ :
موسڵمانی یەك خوا پەرەست هەموو میللەت و گەلێك پێویستی بە ماوەكی دیاری كراو هەیە بۆ ئارامی و بە خۆداچوونەوە و نوێ‌ كردنەوەی باوەڕ ، ئێمەی موسوڵمانیش خوای پەروەردگار مانگی ڕەمەزانی پێ‌ بەخشیوین بۆ ئەوەی لەڕێگەیەوە بە خۆمانا بچینەوە و هەڵەكانمان ڕاست بكەینەوە و ئارامی ببەخشینە دڵەكانمان ، گەورەیی مانگی ڕەمەزانیش لەوە دایە كە هۆكارێكە بۆ بتەو بوونی باوەڕ و نەهێشتنی گومان ، چونكە تیایدا بەهۆی برسێتی یەوە حاڵی هەژارەكان ئەزانین ، زیاد لەسەر ئەوەش مانگی ڕەمەزان قوتابخانەیەكە بۆ فێربوونی ڕەوشت ، و مانگی هەوڵدان و تێكۆشانە لەپێناو خوای پەروەردگار و بەدەست هێنانی بەهەشت و ڕزگاربوون لە بەندایەتی دونیا .
بازرگانەكانی دونیا هەموو سەرقاڵی ماڵ و سامان كۆكردنەوەن ، ڕێگا نامێنێ‌ نەیگرنە بەر بۆ زیاتر كردنی سەرمایەكانیان ، جا باش وایە ئێمەی موسڵمانان لەمانگی ڕەمەزان لەگەڵ پەروەردگار بازرگانی بكەین بۆ ئەوەی جێگایەكی فراوانتر و بڵندتر لە بەهەشت بەدەست بهێنین ، چونكە مانگی ڕەمەزان یەكێكە لەباشترین مانگەكان بۆ بازرگانی كردن لەپێناو بەدەست هێنانی بەهەشت ، دڵنیابن گەر بە مردوەكان بڵێن ئارەزوی چی ئەكەن یەكێك لەو شتانەی ئارەزوی ئەكەن ڕۆژوو گرتنی مانگی ڕەمەزانە ، جا باش وایە ئێمەی زیندوان تا لە دونیاداین ڕۆژوو بگرین بەرلەوەی بمرین و چاوەڕوانی ئومێدێكی خەیاڵی بكەین كە نایەتە دی ئەویش زیندوو بونەوەیە بۆ ڕۆژوو گرتن . زیندوەكان ئاگەداربن ڕۆژگارێك دێت پەشیمان ئەبنەوە لەو ڕۆژانە بەبێ‌ ڕۆژوو گرتن بەسەرتان بردوە ، دەبا بیرێك لەخۆمان بكەینەوە (11) مانگ بۆ دونیا ئەژین هیچ نەبێت با (1) مانگیش بۆ قیامەتمان بژین ، باشترین هەوڵ دانیش بۆ سەرفرازی و سەركەوتن لە قیامەت دا ڕۆژوو گرتنی مانگی ڕەمەزانە وەك چۆن لە پێغەمبەری خواوە صلى الله عليه وسلم پێمان گەیشتووە بێ‌ كەم و كوڕی ، بۆ ئەوەی بچینە ڕیزی ئەو كەسانەی پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم لەبارەیانەوە فەرموویەتی :((من صام رمضان إيمانا واحتسابا غفر له ما تقدم من ذنبه)) ( متفق علیه ) . واتە : هەر كەسێك ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان بگرێت ، بە مەرجێ‌ بڕوای بە فەرزێتی ئەم كارە هەبێ‌ و چاوەڕوانی پاداشتی ڕۆژی دوایی بێت ، ئەوا خوای پەروەردگار لە هەموو تاوانەكانی ڕابووردوی خۆش ئەبێت .
وە بۆ ئەوەی دوور بین لەو جورە كەسانەی كە پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم لە بارەیانەوە فەرموویەتی : ((ورغم أنف رجل دخل عليه رمضان ثم انسلخ قبل أن يغفر له)) ( صححه الألباني في صحيح سنن الترمذي ومشكاة المصابيح ) . واتە : بێ‌ دەسەڵاتی و سەرشۆڕی بۆ كەسێك مانگی ڕەمەزانی بەسەردا هات و كۆتایی بێت پێش ئەوەی خوا لێی خۆش بێت .