سەرشۆڕی بۆ ئەوانەی قسە بە پیرۆزیەكانمان دەكەن
بەروار: 2012/05/06سەردارن: 4518نوسەر: ستافی ماڵپەڕ

بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
بە ڕاستی جێگەی داخە كە وا ئێمەی میللەتی كوردی موسوڵمان لەم بەشەی جیهانی ئیسلامیدا ناو بە ناو لە هەندێ‌ كەس و لایەنی بە ناو ڕۆشنبیرەوە گوێ‌ بیستی كۆمەڵێك شت دەبین و چاومان بە هەندێ‌ بەرنامە و نووسین دەكەوێت كە گاڵتە بە پیرۆزییەكانی ئێمەی موسوڵمان دەكات و هەر جارەو بە شێوازێك سووكایەتی بە خودا و پێغەمبەرەكەی و ئیسلام و هاوەڵان و پێشین و پیاو چاكی ئیسلام دەكرێت ، لەوەش ناخۆشتر ئەوەیە كاتێك ئێمەی موسوڵمان داوای ڕاگرتنی ئەو كارانە بكەین ، پێمان دەوترێت : ئێوە ئازادی بەرتەسك دەكەنەوە و بوار نادەن كە خەڵكی بە ئازادی ڕای خۆیان دەرببڕن و چییان دەوێت بیڵێن و بیخەنە سەر كەناڵ و لاپەڕەی رۆژنامە و گۆڤارەكان !!!
وەكو بڵێی هێشتا ئەو بە ناو رۆشنبیر و كۆلكە نووسەرانە ستەم لێكراون و بواریان نیە بە ئازادی قسە بكەن ، ئەمە لە كاتێَكدا كە كەسایەتیە سیاسی و پێگە حزبی و بەها نەتەوایەتیەكان كەس ناتوانێت بە ناڕاستەوخۆیش رەخنەیان ئاراستە بكات چ جای ئەوەی گاڵتەیان پێ بكات یان سوكایەتیان پێ بكات ، تەنانەت بۆ هەموو شتێك یاسایەك لە پەرلەمان دانراوە ئەگەر بەزاندنی گڵۆپێكی سوریش بێت لە ڕێگەوبان بەڵام سوكایەتی كردن بەخودای خەڵك نەمانبینیوە هیچ یاسایەكی بۆ ڕێكبخرێت وە دراوە بەدەست ئازادی هەرزە و نەفامانەوە بەناوی ئازادی بیروڕا.
بە ڕاستی سەیرە ! تۆ بڵێی پیرۆزی ئەو كەس و لایەنانە لە پیرۆزی خودا و پێغەمبەر و ئەو هەموو موسوڵمانە زیاتر بێت كە لەم هەرێمە دەژین ؟!
یاخود مەسەلەكە ئەویە كە بە ناوی ئازادی ڕا دەربڕین و میدیای ئازا و بوێرەوە هێرش بكرێتە سەر پیرۆزییەكانی گەورەترین پێكهاتەی ئەم هەرێمە ؟!
ئاخۆ هیچ شتێك نەما لەم كوردستانە كە باسی لێوە بكرێت ، گاڵتە كردن و سوكایەتیكردن بە هەستی خەڵكی موسوڵمان نەبێت .
هۆكارەكان چین ؟ كێ لە بەرپرسە لێی ؟ بە چ مەبەستێك ئەو كارانە دەكرێت ؟ كێ‌ سوود مەندە لەو جۆرە كارانە ؟
ئەمانە و چەندین پرسیاری تر كە بە مێشك و دڵی هەموو موسوڵمانێكی وشیار و هەموو هاووڵاتیەكی بەشەرەفی ئەم هەرێمەدا دێت .
خۆ ئەوە نەبێت ئەم كارانە شتێكی نوێ‌ بن ، بەڵكو بێ باوەڕان و دوژمنانی ئیسلام لە دێر زەمانەوە و هەركاتێ‌ نەیانتوانیوە بەرەنگاری ئیسلام ببنەوە ئەوا پەنایان بردوەتە بەر ئەو جۆرە كارانە كە ئەویش بەڵگەی بێ‌ دەسەڵاتی و لاوازییان بووە نەك بەهێز و شان و شەوكەتیانەوە .
باشە ئەی ئەركی ئێمەی موسوڵمان چییە لە كاتی ڕوودانی وەها كارێكدا كە دوژمنان و ناحەزان دەیكەن بۆ ئیفتزازكردن و توڕەكردنی ئێمە ؟
با ئەو ناحەزانە باش بزانن كە شێوازی وەڵامی ئێمە زۆر لەو شێوازی گاڵتە پێكردنەی ئەوان جێگیر تر و ژیرانە ترە ، ئێمە دەبێت بەو زمانی ئەقڵ و ژیرییە بیان دوێنین كە ئەوان نەیانتوانیوە لێی شارەزا بن و بەكاری بێنن ، بە زمانێك كە ئەو خودا و ئیسلام و پێغەمبەرە فێری كردووین كە لە گەڵ نەزان و بێ ئاگایان دا پێی بدوێین ،ئەمەش ئەگەر سوودی هەبوو ئەگینا پاراستنی بیروباوەڕمان لە هەموو شتێك لە پێشترە وە جەماوەری موسڵمانان دەمكوتیان دەكەن و سنور و هێڵی سوریان هەیە بۆ هەموو زماندرێژێك .
وە پاشان پێیان دەڵێن : ئەو قورئانەی كە ئێوە سووكایەتی پێ دەكەن ، ئەو پەرتووكەیە كە یەكەم ووشەی دابەزی بۆ سەر پێغەمبەرەكەی بریتی بو لە ووشەی ( بخوێنە ) و كۆتا ووشەیش بریتی بو لە ( ستەم لە كەس ناكرێت ) !
ئەو قورئانەی كە ئێوە سووكایەتی پێ دەكەن ، هەر ئەو پەرتووكەیە كە بانگی خەڵك دەكات بۆ زانست و دادپەروەری ، كە ئەم دوو شتە بە كۆڵەكەی كۆمەڵگا پێشكەوتووەكان دادەنرێت .
ئەو قورئانەی كە ئێوە سووكایەتی پێ دەكەن ، هەر ئەو پەرتووكەیە كە بانگی خەڵك دەكات بۆ بیركردنەوە و گەڕان بە دوای زانست و زانیاریدا .
ئەو قورئانەی كە ئێوە سووكایەتی پێ دەكەن ، هەر ئەو پەرتووكەیە كە هانی خەڵك دەدات بۆ لێكۆڵینەوە لە مێژو و پێكهاتەی گەردوون و زیندەوەران .
ئەو پێغەمبەرەی كە ئێوە سووكایەتی پێ دەكەن ، هەر ئەو كەسەیە كە بنەمای بۆ زانستی گەردونناسی دانا بەوەی كە ئەوەی بە خەڵكی ڕاگەیاند كە كرداری خۆرگیران و مانگ گیران هیچ پەیوەندییەكی بە مردنی مرۆڤەوە نیە و ئەو ئەفسانە و شتە پووچانەی بەتاڵ كردەوە لە سەردەمێكدا كە جادو و تاڵە و خورافات باڵی كێشابو بە سەر بیروباوەڕی خەڵكدا .
ئەو ئیسلامەی كە ئێوە سووكایەتی پێ دەكەن و هەر ئەو ڕێبازی ژیانەیە كە وای كردووە خەڵكی باوك و دایك و خوشك و برا و مام و خاڵ و پوور و داپیرو باپیر و نەوە و وەچەی خۆیان بناسنەوە و سۆز و میهرەبانی لە ناویاندا هەبێت لە كاتێكدا كە خەڵكانی دوور لەم دینە هیچ كام لەوانە ناناسن و ئاژەڵ ئاسا ژیان بەسەر دەبەن .
ئەو خودایەی كە ئێوە گاڵتەی پێ دەكەن ، ئەو پەروەردگارەیە كە دروستی كردوی ، پێی گەیاندوی ، رۆزی داوی ، دەست و دەم و چاو و هەزارەها بەخششی پێ داوی ، ئاخۆ شەرم ناتگرێ‌ و بەخۆتدا ناچیتەوە كە سووكایەتی بە زاتێك بكەی كە ئەو هەموو ناز و نیعمەتەی پێ بەخشیوی ؟!
هیوادارین هەمووان بە گشتی و ئەوانەی كە ئەو جۆرە كارانە دەكەن بە خۆیاندا بچنەوە و چیتر كاری وا نەكەن .
بۆیە ئێمە زۆر بە توندی ئەو بەدئەدەبیە مەحكوم و ئیدانە دەكەین ، وەداوامان لە حوكمەت و پەرلەمان و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەوەیە ڕێگە بگرن لە كەسانی نا مەسئول و ئاژاوەگێڕ .
لە كۆتایدا داوكارین لە خوای گەورە بەتاوانی نەزان و نەفامان سزامان نەدات وە وڵاتەكەمان بپارێزێت لە خەشم و قینی خۆی . آمین