چاوداخستن لە ئاستی نامەحرەم حوكم و سودەكانی
بەروار: 2012/03/27سەردارن: 4952نوسەر: كوێستان طاهر

إن الحمد لله نحمده و نستعينه ونستغفره ، ونعوذ بالله من شرور أنفسنا ، وسيئات أعمالنا ، من يهده الله فلا مضل له ، ومن يضلل فلا هادي له ، أشهد أن لا إله إلا الله ، وأن محمدا عبده ورسوله ، أما بعد
خوشك و برای لاوم: بەڕاستی یەكێك لە بەخششەكانی خوای پەروەردگار بۆ مرۆڤـ چاوە وەك هەموو ئەندامەكانی تری جەستەی مرۆڤـ بۆیە دەبێ سوپاسی زۆری پەروەردگاری خاوەن بەخشش بكەین.
خوشك و برای بەڕێزم : بزانە كە بەرپرسیاری بەرامبەر چاوەكانت لە پاشەڕۆژدا وەك هەموو ئەندامەكانی تر ، وە خوای گەورە لێت دەپرسێتەوە بەڵكو مۆر دەدا بەسەر دەمتدا و ئەندامەكانت كە لەدونیادا بەپێی فەرمانی خوای گەورە پێیان هەڵنەساوی دەیان هێنێتە قسە كردن و هەموو شایەتیت لەسەر دەدەن ، وەك خوای گەورە دەفەرموێ‌ : [ إِنَّ السَّمْعَ وَالْبَصَرَ وَالْفُؤَادَ كُلُّ أُولئِكَ كَانَ عَنْهُ مَسْؤُولاً ] ( الإسراء:36 ) ، واتا : بەڕاستی ئەندامەكانی بیستن و بینین و دڵ هەموویان كە سێ دروست كراوی خوای گەورەن خاوەنیان بەرپرسە لێیان .
جا لەبەر ئەوە پێویستە بەزەییمان بەخۆدا بێتەوە و چاومان بپارێزین ، چونكە چاو ئامرازی وروژاندنی هەستی مرۆڤە ، بۆیە ئەوەی كە چاوی داناخات دووچاری بێزاری دەبێت و هەمیشە غەم و پەژارەی زیاد دەكات و لەبیر كردنەوە و ئازاردا دەژی .
بۆیە دەبێ سوپاسی پەروەردگاری لەسەر بكەین و لە بێ فەرمانیدا بەكاری نەهێنین و چونكە چاو یەكەم پەیژەی سەركەوتنە بۆ تاوان بۆیە شەیتانیش دەركی بەمە كردووە و زۆرتر لە ڕێگای چاوەوە دەچێتە ناو دڵەوە كەوایە چاوت بپارێزە و ئەو دەرگایەی شەیتانی نەفرین لێ‌ كراو لەسەر خۆت داخە .

بەڵگە لەسەر حەرامێتی نەزەر
خوای گەورە دەفەرموێ‌ : [ قُل لِّلْمُؤْمِنِينَ يَغُضُّوا مِنْ أَبْصَارِهِمْ وَيَحْفَظُوا فُرُوجَهُمْ ذَلِكَ أَزْكَى لَهُمْ إِنَّ اللَّهَ خَبِيرٌ بِمَا يَصْنَعُونَ ] ( سورة النور : 30 ) ، واتا : ئەی پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم بە پیاوانی باوەڕدار بڵێ‌ كە چاویان داخەن و تەماشای حەرامی پێ نەكەن ، وە داوێنی خۆشیان بپارێزن ، ئەوەش چاكترە بۆیان ، بەڕاستی خوای گەورە ئاگادارە بەوەی دەیكەن .
دەبینین خوای گەورە پاش فەرمان كردن بەچاو داخستن فەرمان دەكات بەپاراستنی داوێن چونكە پەیوەندی یەكی گرنگ لەنێوان چاوو داوێندایە كەخوای گەورە سەرنجمانی بۆ ڕادەكێشێ ، چونكە ئاوەڵا كردنی چاوو دانەخستنی كاری خۆی دەكات و ئەو وێنەیەی كەبەچاوی گرتوویەتی هەمیشە دەیباتەوە دونیای خەیاڵاتەوە و دوور نیە تەنها ئەو ڕوانینە بەرەو كاری خراپی تریشی ببات ، لەبەر ئەوەی داخستنی چاو هۆكارێكە بۆ بۆپاك ڕاگرتنی داوێن بۆیە خوای گەورە پێكەوە باسیان دەكات .
وە خوای گەورە وەك فەرمانی بەپیاوان كردووە كە چاویان داخەن بەهەمان شێوە لەپاش ئەو ئایەتە فەرمانی بە ئافرەتانیش كردووە كە چاویان داخەن و ئافرەتانیش هاوشانی پیاوانن لەفەرمان و پاداشت و سزاشدا بۆیە یاسای بۆ ئەوانیش داڕشتووە بۆ ئەوەی پەیڕەوی كەن و بەختەوەری پەروەردگار بەدەست بێنن ، وەك دەفەرموێ‌ : [ وَقُل لِّلْمُؤْمِنَاتِ يَغْضُضْنَ مِنْ أَبْصَارِهِنَّ وَيَحْفَظْنَ فُرُوجَهُنَّ وَلَا يُبْدِينَ زِينَتَهُنَّ ] ( سورة النور : 31 ) ، واتا : وە بە ئافرەتانی باوەڕدار بڵێ چاویان داخەن لە ئاستی حەرام و داوێنیشیان بەپاكی ڕابگرن ، وە جوانی و ڕازاوەیی خۆیان بەدەر نەخەن بۆ جگە لە مەحرەمەكانیان نەبێت .
وەك بینیمان خوای گەورە فەرمان بە هەردوو ڕەگەز دەكات كە چاویان داخەن لەبەرامبەر یەكتر و حەرام كراوەكانی كەدا ، بەهەمان شێوە پاش پاراستنی چاو خوای گەورە فەرمان بەپاك ڕاگرتنی داوێنیش دەكات ، چونكە وەك پێشەوا ( ابن القیم ) دەفەرموی : لە بنچینەدا چاو داخستن بۆ پاراستن و پاك ڕاگرتنی داوێنە ، بۆیە خوای گەورە لە پێشدا باسی كردووە ، وە خوای گەورە چاوی بە ئاوێنەی دڵ داناوە ، جا گەر بەندە چاوی پاراست ئەوە دڵیش ئارەزوو ئیرادەی كەم دەبێتەوە .
خوشك و برای بەئیمانم : وەك حەرامی ڕوانین و نەزەرمان بۆ دەركەوت لە بەڵگەكانی سەرەوەدا دەبا بیر و هۆشمان بەكار خەین و وریا بین و لە ئێستاوە بڕیار بدەین كە خۆمان بپارێزین لە زینای چاو ، گەرچی زینای بچووكیش بێ ، چونكە هەنگاو و ڕاكێشەرە بۆ داوین پیسی ، پێویستە بە یارمەتی خوای گەورە خۆمانی لێ بەدوور بگرین بۆ ئەوەی لەدوا ڕۆژدا زەرەرمەند نەبین و پەشیمان نەبینەوە ، هەموو كات دوا ڕۆژمان لە پێش چاو بێت و هەوڵ بۆ سەرفرازی و سەركەوتنی ئەو ڕۆژە بدەین ئەوەش بەدی نایەت جگە بە خۆ بەهێزكردن بەیادی خوای گەورە و هەست كردن بە چاودێری لە سەرمان و شكاندنی كۆتەكان و ئارام گرتن و سەركەوتن بەسەر نەفس و ئارەزووەكانمان .
وریابە خوشكم .. وریابە برام : بۆ چەند ساتێكی كەمی بڕاوە خۆت مەخە داوی شەیتانی جنۆكە و مرۆڤەكان دوا ڕۆژت لەدەست مەدە با نەبیتە هۆی ڕیسوایی ، وە نەشبیتە جێی گاڵتە پێكردنی ئەندامەكانت ، چەندە ڕووداوێكی ناخۆش و ناهەموارە لە ڕۆژێكدا كە هەموو ئەندامەكانی لاشەت شایەتیت لەسەر دەدەن كە چاویش یەكێكە لەو ئەندامانە كە لە هەموویان زیاتر چێژی لەشتە حەرام كراوەكان بینیوە و خوای گەورە دەیهێنێتە گوفتار و دەڵێ‌ ـ بە من بۆ حەرامی دەڕوانی ـ وە هەر ئەویش بووەتە هۆی ئەنجامدانی زۆربەی تاوانە ڕیسواكەرەكان ، دەی پێش ئەوەی ئەو ڕووداوەت بەسەر بێت و كات بەسەر چێ و بەهاری عومرت بەسەرچێ و گەڵای تەمەنت هەڵوەرێت بگەڕێوە ، چونكە لەوێ‌ گەستنی پەنجەی پەشیمانیش هیچ فریات ناكەوێ و دادت نادات !!

ووتەی زانایان لەسەر تێڕوانین
حەسەنی بەسری ـ ڕەحمەتی خوای لێبێ ـ دەفەرموێ‌ : هەر كەس چاوەكانی بەڕەڵا بكات و بیگێڕێت لە ئەم لاو ئەو لادا ئەوا غەم و پەژارەی زۆر دەبێت .
( ابن الجوزی ) ـ ڕەحمەتی خوای لێبێ ـ دەفەرموێ‌ : بزانە كە بنچینەی عیشق و ئەوین واڵا كردنی چاو و نەزەری حەرامە.
( ابن القیم ) ـ ڕەحمەتی خوای لێبێ ـ دەفەرموێ‌ : سەرەتای هەموو تاوانێك بەهۆی چاوەوەیە ، هەر بۆیە كە فەرمان كراوە بە داخستنی ، چونكە ئەمە پێشەكیەكە بۆ پاراستنی داوێن ، وە هەموو ڕووداوێكیش سەرەتاكەی ڕوانینە .

نەزەر لە فەتوای زانایاندا
پرسیار : حوكمی ڕوانین بۆ ئافرەتی نامەحرەم ( بێگانە ) چیە سەبارەت بە پیاو بۆ ئافرەتان یان ئافرەت بۆ پیاو لە كاتی تەماشاكردنی تەلەفزیۆندا ؟
وەڵام : دروست نیە ، چونكە زۆربەی كات لەسەر تەلەفزیۆن شوێنی حەرامیان بەدیارە و ڕوتن . وە هەروەها لە پیاوانیش خۆیان جوان دەكەن و ڕازاوەن كە ئەمەش جوڵاندنی فیتنە و خراپەكارییە لە زۆربەی كاتدا ( اللجنة الدائمة للبحوث العلمية والإفتاء )

سودەكانی چاو داخستن
بێگومان خوای گەورە كاتێ‌ شتێك قەدەغە دەكات لە بەرامبەریدا پاداشتی بۆ ئەو كەسانە داناوە كە گوێڕایەڵی دەبن ، و لە پێناویدا وەك پەرستشێك خۆیان لەو تاوانە بەدوور دەگرن ، بەهەمان شێوە پاداشتی لەسەر چاوداخستن و پاك ڕاگرتنی داوێنیش داناوە . وەك لەپاش ئەوەی كە فەرمان بەپیاوان و ئافرەتانی باوەڕدار دەكات كە چاویان داخەن و تەماشای حەرامی پێنەكەن ـ كە ئەویش یەكێكە لە تاوانەكان ـ لە كۆتایی فەرمان بەچاو داخستنیاندا دەفەرموێ‌ :[ وَتُوبُوا إِلَى اللَّهِ جَمِيعًا أَيُّهَا الْمُؤْمِنُونَ لَعَلَّكُمْ تُفْلِحُونَ ] ( سورە النور : 31 ) ، واتا : وە هەمووتان تۆبە بكەن و بگەڕێنەوە بۆ لای خوای گەورە بەڵكو سەرفراز بن .
لە فەرمودەیەكی ( صحیح ) ی پێشەوا بوخاری دا هاتووە كە پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەرمویەتی : (( مَنْ يَضْمَنْ لِى مَا بَيْنَ لَحْيَيْهِ وَمَا بَيْنَ رِجْلَيْهِ أَضْمَنْ لَهُ الْجَنَّةَ )) ( رواه البخاري ) ، واتا : وە هەر كەسێ زمانی و ئەوەی لە نێوان ڕانەكانیەتی بپارێزێ‌ ، ئەوا منیش كەفیلی و زامنی بەهەشتی بۆ دەكەم .
داواكارم لەخوای بەبەزەیی یارمەتیمان بدات بۆ گوێڕایەڵی فەرمانەكانی و داخستنی چاومان و ڕاگرتنی دڵ و دەروونمان بەپاكی . هەر ئەویش چاكترین یارمەتی دەر و پشتیوانی بڕوادانە .
وَآخِرُ دَعْوَانا أَنِ الْحَمْدُ لِلّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ