بەشی دەیەم:حوكمی سەربڕاوی دەستی ئافرەتێ كە لە بێ نوێژی دابێ
بەروار: 2011/12/16سەردارن: 2949نوسەر: باوکی فیردەوس سەنگاوی

بەشی دەیەم:حوكمی سەربڕاوی دەستی ئافرەتێ كە لە بێ نوێژی دابێ
دروستە بۆ ئافرەت ئاژەڵ سەر ببڕی، ئیتر جیاوازی نییە ئەو ئافرەتە لە بێ نوێژی دا بێ یان لە پاكێتی دا .
بەڵگەش بۆ ئەوە:
جاریەكەی «كعْبِ »كوڕی« مَالِكٍ » مەڕی دەلەوڕاند، شەكێك كەوتەلا‌و ئەویش فریای كەوت‌و سەری بڕی، سەبارەت بەوە پرسیاریان لە پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم كرد: ئەویش فەرمووی: « كُلُوهَا»واتە« بیخۆن ».(1 )
ئەوەی لە«حديث»ەكەوە وەردەگیرێ:
پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم ڕیگەی دا كە سەر بڕاوی دەستی ئەو ئافرەتە بخورێت، ئەوە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە دروستە ئافرەت ئاژەڵ سەر ببڕێت، جا ئەگەر نادروست بووایە، ئەوا پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم ڕێگەی بە خواردنی سەر بڕاوەكەی دەستی نەئەدا، یان ئاگاداری دەكردەوە كە جارێكی تر كاری وا نەكاتەوە.
هەروەها بەڵگەشە لەسەر ئەوەی كە ئەگەر ئافرەت لە بێ نوێژیش دا بێ هەر دروستە بۆی ئاژەڵ سەربڕێت‌و سەربڕاوەكەی دەستیشی دەخورێ، چونكە ئەگەر سەربڕاوی دەستی ئافرەتی حەیزدار نەخورابایە، ئەوا پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم پرسیاری دەكرد كە ئایا ئەو ئافرەتە كە ئاژەڵەكەی سەر بڕیوە لەكاتی سەربڕینەكەدا لە بێ نوێژی دا بووە یان نا؟ جا كە پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم ئەو پرسیارەی نەكردووە بەڵگەیە لەسەر دروستێتی سەربڕینەكەی ئەگەر لە كاتی بێ نوێژیشدا بێ .
هەروەها ئیمامی «إبن تیمیە» بەڕەحمەت بێ لە « الفتاوی الكبری 5 / 69» دا دەفەرموێ: (وَتَجُوزُ ذَكَاةُ الْمَرْأَةِ وَالرَّجُلِ، وَتَذْبَحُ الْمَرْأَةُ وَإِنْ كَانَتْ حَائِضًا، فَإِنَّ حَيْضَتَهَا لَيْسَتْ فِي يَدِهَا، وَذَكَاةُ الْمَرْأَةِ جَائِزَةٌ بِاتِّفَاقِ الْمُسْلِمِينَ ) واتە « سەربڕاوی دەستی ئافرەت‌و پیاو خواردنی دروستە، وە دروستە بۆ ئافرەت ئاژەڵ سەرببڕێت تەنانەت ئەگەر لە بێ نوێژیش دا بێ، چونكە بێ نوێژیەكەی لە دەستی نییە تا بوترێ بۆی نییە ئاژەڵ سەر ببڕێت، بە یەكدەنگی زانایانی موسڵمان سەربڕاوی دەستی ئافرەت دروستە».
====================
(1) صحيح البخاري - كتاب الذبائح والصيد- باب ذبيحة المرأة والأمة - حديث : ‏5192‏.