(تێڕوانینێك لە گەنجان)بەشی یەكەم: گەنجانێك كە لە سەر ڕێگای ڕاستن
بەروار: 2011/09/27سەردارن: 3733نوسەر: محمد بن صالح العثيمين/و:محسن محمد أحمد

ئەگەر بە تێڕوانینێكی ووردەوە سەیری گەنجان بكەین، دەتوانین بە شێوەیەكی گشتی گەنجان دابەش بكەین بۆ سێ‌ بەش:
یەكەم : گەنجانێك كە لە سەر ڕێگای ڕاستن.
دووەم : گەنجانی لادەر.
سێیەم : گەنجانێك سەرگەردانن لەو نێوەندەدا.
یەكەم: گەنجانێك كە لەسەر ڕێگای ڕاستن: ئەوانەن كە بەتەواوی مانا بڕوایان بە ئیسلام هەیە، بڕوایەك كە بە دینەكەیان ڕازین و دڵخۆشن پێی، وا دەبینن كە بڕوا بون بە ئیسلام دەسكەوتەو سەركەوتنە، وە بێبەش بون لێی زیانیكی ڕون و ئاشكرایە.
* گەنجانێك : بەدڵسۆزی و بە تەنها خوا دەپەرستن و هاوبەشی بۆ دانانێن، هەروەها بەكردار و گوفتار شوێن پێغەمبەری خوا (محمد صلى الله عليه وسلم) دەكەون، چونكە بڕوایان بەوە هەیە كە پێغەمبەری خوای گەورەیە، وە تەنها پێشەوایەكە شایستەی شوێن كەوتن بێت.
* گەنجانێك : كە بەشێوەیەكی تەواو و ڕێك و پێك نوێژ دەكەن ئەوەندەی لە توانایاندا بێت، چونكە بڕوایان بە هەموو ئەو شتانە هەیە كە نوێژ لە خۆی دەگرێت لەسودو بەرژەوەندییە دینی و كۆمەڵایەتیەكان، هەروەها بڕوایان بە هەموو ئەو سزاو چارەنوسە خراپانە هەیە كە بەهۆی لە دەست دانی نوێژەوە بۆ تاك تاكی خەڵكی و گەلان دانراوە.
* گەنجانێك : كە زەكات دەدەن (بە تەواوی و بەبێ‌ كەم و كووڕی) بە كەسانێك كە شایستەی زەكات پێدانن، چونكە بڕوایان بەوە هەیە كە زەكات دان پێداویستی ئیسلام و موسڵمانانی تێدایە، هەروەها یەكێكە لە پێنج پایەكانی ئیسلامە.
* گەنجانێك: مانگی ڕەمەزان بە ڕۆژوو دەبن، ئارەزوو و خۆشیەكان لە خۆیان دەگرنەوە، هاوین بێت یان زستان، چونكە بڕوایان هەیە بەوەی كە بە ڕۆژووبون ڕازی بونی خوای گەورەی پێوەیە، بۆیە ڕەزامەندی پەروەردگاریان هەڵدەبژێرن بەسەر داواكاریەكانی دەرونیان دا.
* گەنجانێك : فەریزەی حەج بەجێ‌ دێنن و دەچن بۆ ماڵی خوا، لەبەر ئەوەی خوای گەورەیان خۆش دەوێت و ماڵی خواشیان خۆش دەوێت، حەز دەكەن بچن بۆ شوێنێك كە بەزەیی و لێبوردنی خوای گەورەی لێیە، وە هاوبەشی بكەن لەگەڵ هەموو ئەو موسڵمانانەی كە دەچن بۆ ئەو شوێنە پیرۆزانە.
* گەنجانێك : بڕوایان بەخوا هەیە كە دروست كاریانەو دروست كاری ئاسمانەكان و زەویە، چونكە نیشانەكانی خوای پەروەردگار دەبینن كە ڕیگا نادەن بە هیچ گومان و دوو دڵیەك بەرامبەر بە بوونی خوای گەورە، وە تێدەگات كە ئەو بونەوەرە فراوانە بەدیهێنراوە لەشێوەو ئەندازە بەڵگەیەكی گومان بڕە لەسەر بوونی داهێنەری ئەو بونەوەرە، وە بەڵگەیە لەسەر تەواویی تواناو دانایی ئەو داهێنەرە كە خوای گەورەیە، لەبەر ئەوەی ناگونجێ‌ ئەو بونەوەرە خۆی خۆی دروست كردبێت، وە ناگونجێ‌ لە خۆیەوەو بە ڕێكەوت (صدفە) دروست بوبێت، چونكە پێش بوون نەبوونە، وە نەبوون ناگونجێ‌ هەبێت، لەبەر ئەوەی لە بووندا نیە، وە ناگونجێ‌ لەخۆیەوە بە (صدفە) بێتە بوون، چونكە ئەو بونەوەرە خاوەن یاسایەكی داهێنراوو یەكگیرە، ئەو ڕێگایەی كە خوای گەورە بۆی داناوە كە لەسەری بڕوات ناگۆڕێت و لێی جیا نابێتەوە، وەك خوای گەورە دەفەرموێت: [وَلَنْ تَجِدَ لِسُنَّةِ اللَّهِ تَبْدِيلاً ] (الأحزاب)
واتە: هەرگیز سوننەتی خوا گۆڕانی بۆ نییە .
وە خوای گەورە دەفەرموێ‌: [ مَا تَرَى فِي خَلْقِ الرَّحْمَنِ مِنْ تَفَاوُتٍ فَارْجِعْ الْبَصَرَ هَلْ تَرَى مِنْ فُطُورٍ (3) ثُمَّ ارْجِعْ الْبَصَرَ كَرَّتَيْنِ يَنقَلِبْ إِلَيْكَ الْبَصَرُ خَاسِئاً وَهُوَ حَسِيرٌ ] الـملك .
واتە: لە دروست كراوەكانی خوای میهرەباندا هیچ ناڕێكی و كەم و كووڕیەك نابینرێت، چاو بگێڕەو ورد بەرەوەو بزانە هیچ ناتەواویەك دەبینیت، دووبارە چاو بگێڕە یەك لە دوای یەك چاوت بە ڕیسوایی و نائومێدی دەگەڕێتەوە بۆ لای خۆت و بێ دەسەڵات دەبێت لەوەی كە هیچ كەم و كووڕیەك ببینێت .
جا ئەگەر ئەم بونەوەرە لەسەر یاساو نیزامێكی یەكگیرە، ڕێگا دەگرێت كە ئەم بونەوەرە بە (صدفە) لە خۆیەوە هاتبێتە بوون، چونكە هاتنە بوون بە (صدفە) یاساكانیشی هەر بە (صدفە) دەبێت، ئەوكاتە شایەنی گۆڕان و تێكچونە لە هەر ساتێكدا بێت.
* گەنجانێك : بڕوایان بە فریشتەكانی (ملائكە) خوای گەورە هەیە، لەبەر ئەوەی خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا باسی فریشتەكانی كردوە، وە بە هەمان شێوە پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) لە فەرموودەكانیدا باسی فریشتەكانی كردوە.
وە لە قورئان و سوننەتدا وەسفی فریشتەكان و عیبادەتیان و ئەو كارانەی كە پێی هەڵدەستن بۆ بەرژەوەندی بونەوەر ، بەڵگەیەكی بیانو بڕە لەسەر بوونیان بەشێوەیەكی ڕاست.
* گەنجانێك : باوەڕیان بەهەموو ئەو كتێبانە هەیە كە خوای گەورە بۆ پێغەمبەرەكانی ناردون كە ڕێ نیشاندەری خەڵكیە بۆ ڕێگای ڕاست، لەبەر ئەوەی عەقڵی خەڵكی ناتوانێت پەی بە هەموو ئەو بەرژەوەندیانە بەرێ كە لە عیبادەت و لایەنەكانی تردا هەن.
* گەنجانێك : باوەڕیان بە هەموو پێغەمبەرانی خوا هەیە كە خوای گەورە ناردونی بۆ خەڵكی بۆ ئەوەی كە بانگیان بكەن بۆ خێرو چاكە، وە فەرمانیان پێ دەكەن بە چاكەو قەدەغەیان دەكەن لە خراپە، بۆ ئەوەی خەڵكی بەڵگەیان نەبێت لە بەرامبەر خوای گەورەدا، وە یەكەم پێغەمبەری خودا (ئادەم)ەو دوایەمینیان (محمد)ە چاكترین دروود و سڵاو لەسەر هەموویان بێت.
* گەنجانێك : بڕوایان بە ڕۆژی دوایی هەیە، ئەو ڕۆژەی كە خوای گەورە زیندووەكان دوای مردنیان زیندوو دەكاتەوە، بۆ ئەوەی بە پێی كردەوەكانیان پاداشتیان بداتەوە، هەر كەسێك بە ئەندازەی كێشی گەردیلەیەك (مثقال ذرة) چاكە بكات لەو ڕۆژەدا دەیبینێتەوە، وە هەر كەسێك بە ئەندازەی كێشی گەردیلەیەك (مثقال ذرة) خراپە بكات دەیبینێتەوە، چونكە ئەوە سەرەنجامی هەموو ژیانی دونیایە، سودو حیكمەتی دونیا لە چیدایە ئەگەر چاكەكار پاداشتی چاكەی خۆی وەرنەگرێتەوەو خراپەكاریش پاداشتی خراپەی خۆی وەرنەگرێتەوە؟ .
* گەنجانێك : باوەڕیان بە قەدەری خوای گەورە هەیە بە خۆشی و ناخۆشیەكەی، بە شێوەیەك بڕوایان وایە كە هەموو شتێك بە قەزاو قەدەری خودایە، لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕیان بە هۆكارەكان و كاریگەریەكانی هەیە، وە بڕوایان وایە خۆشی و بەختەوەری، وە ناخۆشی و ناڕەحەتی هۆكاری خۆیان هەیە.
* گەنجانێك : دینداری دەكەن بە پێی ئامۆژگاریەكانی خوای گەورەو قورئانی پیرۆزو پێغەمبەرەكانی خواو ئامۆژگاری پێشەوایان و موسڵمانان، هەڵسوكەوتیان لەگەڵ موسڵماناندا ڕاشكاوانەو ڕوونە هەر وەكو چۆن حەز دەكەن كە خەڵكی بەو شێوەیە هەڵسوكەوتیان لە گەڵدا بكەن، بەبێ‌ فێڵ و تەڵەكەو شاردنەوە .
* گەنجانێك : بە بەرچاو ڕۆشنی بانگەوازی خەڵكی دەكەن بۆ لای خوای گەورە، بەپێی ئەو ڕێگەو شوێنەی كە خوای گەورە لە قورئانە پیرۆزەكەیدا ڕونی كردۆتەوەو دەفەرمووێت: [ادْعُ إِلَى سَبِيلِ رَبِّكَ بِالْحِكْمَةِ وَالْمَوْعِظَةِ الْحَسَنَةِ وَجَادِلْهُمْ بِالَّتِي هِيَ أَحْسَنُ ] (النحل) .
واتە: خەڵكی بانگ بكە بۆ ڕێگای ڕاستی پەروەردگارت بە لێزانی و دانایی و ئامۆژگاری چاك و شیرین، وە لە گەڵیان بدوێ‌ بە چاكترین شێوەو هەر یەكەیان بە پێی تێگەیشتن و باری تایبەتی خۆی .
* گەنجانێك : فەرمان بە چاكە دەكەن و قەدەغەی خراپە دەكەن، چونكە بڕوایان بەوە هەیە كە ئەو كارەیان دەبێتە هۆی بەختەوەری بۆ هەموو میللەت و گەلێك:[كُنْتُمْ خَيْرَ أُمَّةٍ أُخْرِجَتْ لِلنَّاسِ تَأْمُرُونَ بِالْمَعْرُوفِ وَتَنْهَوْنَ عَنْ الْمُنكَرِ وَتُؤْمِنُونَ بِاللَّهِ ]آل عمران
واتە: ئێوە (موسڵمانان) باشترین ئوممەتن كە خوای گەورە بۆ خەڵكی هێناونە دی، فەرمان دەكەن بەچاكەو وە جڵەو گیری دەكەن لە خراپە وە بڕوا دەهێنن بە خوای گەورە .
* گەنجانێك : لە پێناوی گۆڕینی خراپەدا تێدەكۆشن بەو شێوەیەی كە لە پێغەمەری خواوە (صلى الله عليه وسلم) هاتووە كە فەرموویەتی :  ((مَنْ رَأَى مِنْكُمْ مُنْكَرًا فَلْيُغَيِّرْهُ بِيَدِهِ فَإِنْ لَمْ يَسْتَطِعْ فَبِلِسَانِهِ فَإِنْ لَمْ يَسْتَطِعْ فَبِقَلْبِهِ ...)) رواه مسلم/49
واتە: ئەگەر هەر یەكێك لە ئێوە خراپەیەكی بینی با بەدەست بیگۆڕێت، ئەگەر لە توانایدا نەبوو با بە زمانی بیگۆڕێت (واتە بە ئامۆژگاری)، ئەگەر بەمەش نەی توانی با بەدڵ پێی ناخۆش بێت...
* گەنجانێك : تەنها ڕاستی دەڵێن و ڕاستی وەردەگرن، چونكە ڕاستی ڕێنمایی دەكات بۆ چاكە، وە چاكە ڕینمایی دەكات بۆ بەهەشت، مرۆڤ بەردەوام ڕاستی دەڵێت و بەدوای ڕاستیدا وێڵە تا ئەو كاتەی لای خوای گەورە بەڕاستگۆ دەنوسرێت.
* گەنجانێك : چاكە و خێرو خۆشیان دەوێت بۆ هەموو موسڵمانان بەگشتی لەبەر ئەوەی بڕوایان بە فەرموودەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەیە كە دەفەرموێت : ((لا يُؤْمِنُ أَحَدُكُمْ حَتَّى يُحِبَّ لأَخِيهِ مَا يُحِبُّ لِنَفْسِهِ)) رواه البخاري/13، ومسلم/ 49
واتە: ئیمانتان تەواو نابێت تاوەكو ئەوەی بۆخۆتان پێ خۆشە بۆ براكەشتان پێخۆش نەبێت لە خێرو چاكەدا .
* گەنجانێك : هەست بە لێپرسراوێتی دەكەن بەرامبەر بە خوای گەورە و بەرامبەر بە گەل ونیشتمانەكەیان، هەمیشە بۆ ئەوە تێدەكۆشن كە بەرژەوەندی دین و گەل و نیشتمانی تێدایە دور لە خۆ ویستی و ڕەچاوكردنی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان لەسەر حسابی بەرژەوەندی كەسانی تر .
* گەنجانێك : بۆ خوا تێدەكۆشن و پشت بە خوا تێدەكۆشن و لە پێناوی خوا تێدەكۆشن، بەدڵسۆزی تەنها لە پێناوی خوادا تێدەكۆشن، دوور لە ڕوپامایی و وپلەوپایە و ناوبانگ، پشت بەستو بەخواو بەبێ‌ ئەوەی سەرسام بن بەخۆیان و پشت بەخۆیان و هێزیان ببەستن، وە تێكۆشانیان لەپێناوی خوادا لە چوارچێوەی دینی خوای گەورەیە بەبێ‌ ئەوەی زێدەڕەوی بكەن یان كەمتەرخەمی بكەن، بە زمان و دەست و سەروەت و سامانیان تێدەكۆشن بە پێی داواكاری و پێویستیەكانی ئیسلام و موسڵمانان.
* گەنجانێك : خاوەن ڕەوشت و دینن، ڕازاوەن بە ڕەوشتی جوان وخۆیان لەڕەوشتی خراپ پاككردۆتەوە، دین و ڕێبازیان ڕاستە، نەرم ونیان و سینگ فراوانن، دڵ ودەرون پاك وئارامگرن، لە هەمان كاتدا دووربینن و هەل لەدەست نادەن، لایەنی سۆز و عاتیفەیان زاڵ نابێت بەسەر ژیری و عەقڵ و چاك كاریاندا.
* گەنجانێك : رێك وپێكن و بەدانایی و بێدەنگیەوە كاردەكەن، هەروەها ووردكارن و بەباشی كارەكانیان ڕایی دەكەن، هیچ ساتێكی تەمەنیان بەزایە نادەن و كاتەكانیان لە پێناو سودی خۆیان و گەلەكەیاندا بەكار دەهێنن.
لەگەڵ ئەوەی كە ئەم جۆرە گەنجانە پارێزگاری لە دین و ڕەوشت و هەڵسوكەوتی خۆیان دەكەن، بەهەمان شێوە زۆر دورن لە هەڵوەشێنەرەوەكانی دین وڕەوشت وەكو: كوفرو بێ باوەڕی و خراپەكاری و سەرپێچی خوای گەورە و ڕەوشت نزمی و هەڵسوكەوتی خراپ و ناشیرین.
* ئەم جۆرەی گەنجان جێگای شانازی ئوممەتی ئیسلامەتین ...
وە ئەم گەنجانە هێمای ژیان و بەختەوەری و دینی ئەم ئوممەتەن .
ئەو گەنجانەن كە ئومێد دەكەین كە خوای گەورە بە فەزڵی خۆی بیان كاتە هۆی چاككردنی ئەم ئوممەتەی كە شیرازەی تێكچوە، وە ببنە هۆی ڕوناك كردنەوەی رێگا بۆ ڕێبوارانی ئەم ڕێگایە، وە هەر ئەم گەنجانەن كە دەگەن بە بەختەوەری دونیاو دوا ڕۆژ .

[چاوەڕوانی بەشی دووەم بن بە ناونیشانی: گەنجانی لادەر ]