گۆڕانكاری بەرەو باشی و چاكسازی پێویستە سەرەتا لە گەلەوە دەست پێ‌ بكات
بەروار: 2011/04/16سەردارن: 1675نوسەر: د.عبداللطيف أحمد


(إصلاح الشعوب أولا؛ لأن الحكومات هي الصورة الحقيقية للشعوب، وهي الـمجسّم الـمثالي لعقائد وأخلاق وإيجابيات وسلبيات الشعوب) :
زۆرجار لە زۆر وڵات خەڵكی داوای گۆڕانكاری حكومەت و دەوڵەت دەكەن, بەڵام گەر وردبینەوە دەبینین تەنها هەوڵەكەیان لەوەدا دەردەكەوێت كە تەنها گۆڕانكاریەكی دەرەكی ڕوكەشی ڕواڵەتی بێت نەك گۆڕانكاریەكی بنەڕەتی و ڕاستەقینەیی و واقیعی.
چونكە ئەو گۆڕانكاریەی كە گەل دەیەوێت بریتیە لەوەی كە حكومڕانی و سوڵتە بگوازرێتەوە لەسەركردەكانی حكومەت بۆ سەركردەو كاربەدەستانێكی تر, یان وەزیرێك بگۆڕن بە وەزیرێكی تر وە یان بەڕێوبەرێك بگۆڕن بە بەڕێوبەرێكی تر یان حزبێكی حوكمڕان بگۆڕن بە چەند حزبێكی تر, یان ڕژێمی شۆسیالیستی چەپ بگۆڕن بەسەرمایەداری وە یان وە یان ..
وە بێگومان تەنها بەم گۆڕانكاریە سەركەوتن و ئاسودەیی و شارستانیەت و خوشگوزەرانی خەڵكی بەدەست نایەت لەبەر چەند هۆكارێك :
[یەكەمیان] : ئەو كەسە تازەیەی كە حوكم دەگرێتە دەست, ئەویش زۆرجار وادەبێت كە لە شەخصی پێشوی خۆی باشتر و پاكتر نابێت, هەرچەندە پێش دەسەڵات كەوتنەدەست جۆرە نەشونمایەكی سیاسی تیابوو بێت, بەڵام گرنگ ئەوەیە كە كاتێك دەسەڵات و پارە و هێز و حكومەتی دەكەوێتە دەست بە پاكی خۆی بمێنێتەوە!
وە ئەگەر لێپرسراوە لادراوەكە لە ماوەیەكی درێژی چەندان ساڵدا پارەیەكی كۆكردبێتەوە بۆ خۆی ، ئەوا لێپرسراوە تازەكە دەیەوێت لە ماوەیەكی زۆر كورتدا هەمان پارە یان زیاتر كۆبكاتەوە، چونكە مەترسی لاچوونی هەیە!!
وە ئەویش بەپەلەیە كە زوو كەس و كار و عەشیرەت و لایەنگرانی خۆی پڕبكات و دایان بمەزرێنێت و شتیان بداتە دەست!
كەوابوو گەلی ماف خوراو هەروەكو خۆی مایەوە و هیچی قازانج نەكرد كە شیاوی باس بێت, بەڵكو ئەوەی كە سودی بینی تەنها ئەم ستافە تازەیە بوو كە لە سەر شانی میللەت دەسەڵاتیان گرتە دەست.
وە ئەمەش وا لە میللەت دەكات كە بیر لە خۆپیشاندان و ڕاپەڕینێكی تر بكەنەوە و ئەو حزبەش لابدەن و حزبێكی تر بێننە شوێنیان بەڵكو ئەم جارەیان ئیسراحەت بكەن!!!
ئابەم شێوەیە میللەت بەردەوام لە ڕاپەڕین و خۆپیشاندان و فیتنە و كوشتاردا دەژیەت.
كەوابوو بەم شێوەیە گەل بەردەوام لە قوربانیدان دەبێت و بەرهەمەكەشی تەنها كۆمەڵێك دەیخوات و وڵاتیش بەردەوام لە نا ئارامی و نائەمنیدا دەبێت، وە هەردەبێت خەڵكی سەرقاڵی كوشتار و كودەتا و شۆڕش بن و وەكو سۆماڵمان لێبێت!!
وە بێگومان ئەم بارودۆخە نا ئارامیەش زیانی زۆر لە خەڵكی دەدات و وڵات لاواز دەكات و بەرەو دواوەی دەبات .
[دووەمیان] : سوود وەرنەگرتن لە گۆڕانكاری ڕوكەشی هۆكەی ئەوەیە كە گۆڕانكاریەكان هیچ لە واقیعی خەڵك و وڵات ناگۆڕن تاوەكو خەڵكەكە خۆیشی خۆی چاك نەكات و خراپیەكانی نەگۆڕێت بە چاكە , تاوەكو خۆمان واز لە بیروباوەڕی خراپ نەهێنین، واز لە حەرام خواردن و زوڵم و ستەم كردن و خیانەت لەیەكتری كردن و ئیهمالی و ئەنانیەت و دەمارگیری و لاوازی ئیمان و ڕاكردن بەدوای دینار و دۆلار و لاسایی كردنەوەی ڕەوشت و عادات و تەقالیدی غەرب ـ نەك زانست و تەكنەلۆژیایان ـ وە تاوەكو خەڵكی واز لەم هەموو گەندەڵییەی خۆیان نەهێنن و گۆڕانكاری لە خۆیانەوە نەكەن بەرەو چاكە كردن ، ئەوە گۆڕانی سەركردە و هاتنی سەركردەیەكی تازە زۆر لە حاڵی خەڵك خۆش ناكات، چونكە كاریگەریەكی وای نابێت بەسەر ئیرادە و ئارەزوی خەڵكەوە تاوەكو خەڵكەكە خۆیان نەگۆڕن بەرەو چاكە حكومەت چاك نابێت، چونكە:
1 ـ حكومەت لە خەڵك پێك دێت, هەر لە كارمەندێكەوە تابەڕێوبەری دائیرەیەك وە تا وەزیرێك وە تا ئەندام پەڕلەمانێك...گشتیان لەم میللەتەن .
جا با هەر سەركردە و حزبێكی حاكمیش لابچێت گەر خەڵكی باش و ئەمیندار و ڕاستگۆ و ڕەوشت بەرز و دڵسۆز نەبن و بە بەرپرسیارێتی دونیا و قیامەتەوە كارەكان وەرنەگرن ئەوە وەزعەكە هەر وەكو خۆی لێ‌ دێتەوە ، ناڵێم هیچ ئەندازەیەك گۆڕانكاری ڕوونادات بەڵێ‌ سەركردە و حكومەت توانای چاككارییان هەیە بەڵام بەڕێژەیەكی كەمتر لە توانای میللەت!!
ئەگەر حكومەت بتوانێت لە (20%) كاریگەری هەبێت لەواقیع ئەوە گەل لە (80%) كاریگەری هەیە لە ئەرزی واقیع .
بۆ نموونە گەل دەتوانێت بەچەند ڕۆژێك سەركردەیەك دەركات و حكومەتەكە بڕوخێنێ‌ گەر تەنها لە (10%) ی گەل ڕاپەڕێت نەك هەموشیان ئەوە حكومەت دەسەڵاتی نامێنێت و ناتوانێ‌ بەرەنگاریان بكات، بەڵكو دەبێت گۆڕەپانیان بۆ چۆڵ بكات, بەڵام گەر حكومەت بیەوێت گەل دەربكات ناتوانێت !! هەروەك لە میسر و تونس بینیمان كەوابوو گەر میللەت ویستی گۆڕینی هەبێت بەتواناترە لە حكومەت، كەوابوو كاریگەری حكومەت لەسەر واقیع كەمترە لەكاریگەری گەل .
جا ئەمە واپێویست دەكات كە گەلیش هەڵسێت بەچاك كردنی خۆیی و گۆڕینی خراپەكانی بە چاكە، ئەگینا حكومەت ناتوانێت گەل چاك بكات ئەگەر خۆیان خۆیان چاك نەكەن.
بۆ نموونە /من و تۆ دەتوانین خۆمان چاك بكەین إن شا‌ء الله بەڵام ناتوانین براكەمان یان دراوسێكەمان چاك بكەین كەواتە گەر تاك تاك و كۆمەڵ كۆمەڵ هەر لە خێزانەوە دەست پێنەكەین بە گۆڕانكاری ئیجابی لە خۆماندا ئەوە كەس ناتوانێت بمانگۆڕێت بەرەو چاكە نە حكومەت و نە كاربەدەستان .
[بۆ نموونە : ئەگەر سەیری گەندەڵی گەل بكەین دەبینین] :
* كارمەندان بە دڵسۆزی و بەتەواوی دەوامەكەیان وەكو پێویست ناكەن .
* لەچینی مامۆستایان هەیە بە دڵسۆزی وانەكان بە قوتابیان ناڵێنەوە، وە ڕێگا بە غەش و قۆپیەكردنی هەندێ‌ لە قوتابی دەوڵەمەند و دەسەڵاتدارەكان دەدەن و هەیانە خۆی قۆپیەیان بۆ دێنێت.
وە مامۆستای وا هەیە لە كاتی دەوامی ڕەسمی زۆر گوێ‌ بە قوتابیان نادات و پێیان دەڵێت ئێوارە وەرنەوە بۆ دەرسی تایبەت بە پارە.
* وە قوتابیان بەشێكیان قۆپیە و غەش دەكەن و بەتەزویر و غەش قۆناغەكانی خوێندن دەبڕن, وە هیچ گرنگیەكی ئەوتۆ بە خوێندنەكەیان نادەن و تەنانەت ناشخوێننەوە ، وە كە دەریشچوو بە واسیتە و قۆپیەكردن ئەوجار بە واسیتە و بەرتیلیش دادەمەزرێت و ئەمانەتێك هەڵدەگرێت كە پێی ناپارێزرێت و ناتوانێ‌ مافی خۆی پێبدات، وە بە تایبەتیش كە ببێ‌ بە مامۆستا ئەوە هەروەكو چۆن خۆی قۆناغەكانی بڕین ئاواش قوتابیەكانی ڕادەهێنێت چونكە كە دارێك خواربوو سێبەرەكەشی هەر خوار دەردەچێت، وە هەروەها هیچ زانستیەكی ئەوتۆشی پێ‌ نیە كە پێشكەشی قوتابیەكانی بكات، چونكە جام چی تێدابێت ئەوەی لێدەڕژێتەوە.
* پزیشكەكان بەهەمان شێوە هەیانە لە كاتی دەوامی ڕەسمی بەیانیاندا زۆر گوێ‌ بە نەخۆش نادات و پێی دەڵێت ئێوارە وەرەوە بۆ عیادە بە پارە.
* وە هەروەها بەڕێوەبەرەكان هەیانە بەرتیل خۆر و ناڕەوا و ماڵی حكومەت خۆرە بەهەر بیانوویەكەوە بێت، وە هەیانە كاروباری خەڵكی بەڕێوە نابەن و لێیان قورس دەكەن و بێزاریان دەكەن تا ناچاربن بەرتیل بدەن.
* وە هەروەها بازرگان و دەوڵەمەندەكان زۆربەیان زەكات نادەن و بەشی فەقیر لە ماڵەكەیان دەرناكەن، وە بگرە قەرزیشیان لەگەڵ ناكەن بەڵكو بە سوو {ربا} نەبێت مامەڵە ناكەن، وە شت لە سەر خەڵكی گران دەكەن.
* یاخود هەندێ‌ لە كرێكاران ئەركی تەواوی سەرشانیان بەجێ‌ ناهێنن .
بێگومان ئەم هەموو گەندەڵیانەی میللەت بەرهەمی تاڵی گەندەڵی گەورەی حكومەتی لێ‌ دەكەوێتەوە, چونكە ئەم قوتابیە ئیهمالەی بە قۆپیە و واسیتە دەرچووە سبەی دەبێتە مامۆستا یاخود بەرێوبەرێك وە یاخود...لە گەندەڵی زیاتر چی لێ‌ چاوەڕێ‌ دەكرێت .