هەندێك لە پاداشتەكانی قورئان خوێندن
بەروار: 2010/10/18سەردارن: 4227

ئەی ئەو كەسانەی ئومێد و هیواتان بینینی خوای گەورە و شاد بوونە بە بەهەشت .
ئەی ئەو كەسانەی ئاواتتان بینینی پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم و هاوەڵانیەتی .
ئەی ئەو كەسانەی دەتانەوێ‌ پلە بەرزەكانی بەهەشت بە دەست بهێنن و لە ناو باخ و باخاتەكانیدا پیاسە بكەن .
ئەی ئەو كەسانەی دەتانەوێ‌ لە تەنگ و چەڵەمە و غەم و خەفەتی دونیا ڕزگارتان بێت .
ئەی ئەو كەسانەی دەتانەوێ‌ لە ناڕەحەتی ڕووح كێشان ، لە تاریكی ناو گۆڕ ، لە ترس و شڵەژانی كاتی لێپرسینەوەی دواڕۆژ ، لە ناڕەحەتی سەر پردی ( صراط ) ، پاشانیش لە دۆزەخ ڕزگارتان ببێت .
ئەی ئەو كەسانەی دەتانەوێ‌ بە دەستی سەروەری مرۆڤایەتی ، سەروەری پێغەمبەران  محمد صلى الله عليه وسلم  لە ( كوثر ) ئاو بخۆنەوە .
ئەی ئەو كەسانەی دەتانەوێ‌ تامی ژیانێكی خۆش بچێژن و ئەو بەختەوەریە ڕاستەقینەیە بە دەست بهێنن كە مرۆڤەكان بە دوایدا وێڵن .
بە هەموو ئەو كەسانە دەڵێین: قورئان بخوێنن ، هاوڕێ‌ی قورئان بن ، لەگەڵا قورئاندا كاتەكانتان بە سەربەرن ، نەكەن واز لە قورئان بهێنن بە چەند بیانوویەكی لاواز و ناوبۆش ، چونكە هیچ شتێك نیە تۆی بەڕێز پێوەی خەریك بیت ئیللا قورئان لەو شتە بەڕێزتر و گەورەترە ئیتر ئەو شتە هەرچیەك بێت ، چونكە قورئان قسەی خوای گەورەیە .
بەراستی یەكێك لە هۆكارە سەرەكیەكان كە وای لە موسوڵمانان كردووە واز لە قورئان بهێنن : نەزانینی ئەو پاداشتەیە كە بۆ قورئان خوێندن و قورئان خوێنان هەیە ، چونكە ئەگەر موسوڵمان ئەوانە بزانێت ئەوا دەروونی كڵپە دەسێنێت و هانی دەدات بۆ قورئان خوێندن و وازهێنان لە شتە لاوەكیەكان .
[پاداشتەكانی قورئان خوێندن]
1. پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی : (( خيركم من تعلم القرآن وعلمه )) ( رواه البخاري : 5027 ) . واتە: چاكترینتان ئەو كەسانەن كە خۆیان قورئان فێر دەبن وە فێری خەڵكیش دەكەن .
سەرنج بدە نەیوت چاكترینتان ئەو كەسانەن كە زۆرترین موڵكیان هەیە ، و خاوەن بڕوانامە و كۆشك و تەلاری بەرز و سەیارەی مۆدێل بەرزن .
2 . ئەو كەسانەی قورئانیان لەبەرە لە پێش ترن بۆ پێشنوێژی كردن وەكو پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی(( يؤم القوم أقرؤهم لكتاب الله )) ( رواه مسلم ) .
3. پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی : (( إن الله يرفع بهذا الكتاب أقواما ويضع بها آخرين )) ( رواه مسلم ) . واتە : خوا بەم قورئانە كۆمەڵێك خەڵك بەرز دەكاتەوە وە كۆمەڵە خەڵكێكیشی پێ‌ دادەبەزێنێت .
4 . پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی :(( يقال لصاحب القرآن : اقرأ وارتق .... فإن منزلتك عند آخر آية تقرؤها )) ( رواه أبو داود و قال الألباني حسن صحيح : 1464 ) . واتە : بە قورئان خوێن دەوترێت : بخوێنە ، و بەرز بەرەوە ... چونكە پلە و پایەت لە كۆتا ئایەتدایە كە دەیخوێنیت .
5 . پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی : ((من قرأ حرفا من كتاب الله فله به حسنة ، والحسنة بعشر أمثالها ، لا أقول الم حرف ، ولكن ألف حرف ، ولام حرف ، وميم حرف)) ( رواه الترمذي وصححه الألباني : 2910 ) . واتە : هەركەسێك پیتێك لە قورئان بخوێنێت چاكەیەكی بۆ دەنوسرێت ، وە یەك چاكەش بە دە ئەوەندەیە ، ناڵێم ( الم ) پیتێكە ، بەڵكو ئەلیف پیتێكە ، وە لامیش پیتێكە ، وە میمیش پیتێكە .
[دوو وتەی بەنرخی یەكێك لە هاوەڵە بەڕێزەكان]
6 . ( عبد الله )ی كوڕی ( مسعود ) كاتێك كە قورئانی فێری كەسێك دەكرد ، بەسەر ئایەتێكدا تێپەڕ دەبوو ، بە كابرای دەوت : بگرە ، چونكە سوێند بە خوا ئەو ( ئایەتە ) باشترە لە هەرچی شت هەیە لەسەر زەویدا . ( قال الهيثمي في مجمع الزوائد : 7/166 رواه الطبراني ، ورجاله ثقات ) .
7 . دەشتەكیەك ( أعرابی ) دای بە لای ( عبد الله ) ی كوڕی ( مسعود ) دا لە كاتێكدا كە عبدالله خەڵكی فێری قورئان دەكرد ، دەشتەكیەكە وتی : ئەوە ئەوانە چی دەكەن ؟ عبدالله فەرمووی : میراتی محمد صلى الله عليه وسلم بەش دەكەن .
ئەمانەی باسمان كرد بەشێكی زۆر كەم بوون لە پاداشت و فەزڵی قورئان خوێندن ، و قورئان خوێنان ، هیوادارم ناختان بهەژێنێت و واتان لێ‌ بكات لەم ساتە بە دواوە دەست بكەن بە خوێندنەوە و فێربوونی قورئان چونكە ئەوانە تامی ژیان دەزانن كە قورئان خوێنن ، لە خوای گەورە داواكارم هیدایەتمان بدات بۆ قورئان خوێندن و تێگەیشتن لێی و كردەوەپێكردنی ، ێ‌مین .