بـاوەڕبوون بە قەدەر
بەروار: 2010/08/31سەردارن: 4665نوسەر: الشيخ عبد العزيز بن عبد الله بن باز/وەرگێڕانی/مامۆستا: خلیل أحمد

باووەڕبوون بەقەدەر باوەڕبوون بە چوارشت لە خۆ دەگرێ‌ :
یەكەم : خوای گەورە عیلمی ئەوەی ڕویداوە ، و ئەوەش ڕووئەدات زانیویە و دەیزانێ‌ ، باری بەندەكان و زۆری و ئاكامی كردەوەیان دەزانێ‌ وە كاروباریان لە خوا ون نابێ‌ .
وەك دەفەرمووێ‌ : [إِنَّ اللّهَ بِكُلِّ شَيْءٍ عَلِيمٌ][الأنفال : 75 ].  واتە : بەڕاستی خوای پەروەردگار زانا و بە ئاگایە بە هەموو شتێ‌ .
وە دەفەرمووێ‌ : [ لِتَعْلَمُوا أَنَّ اللَّهَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ وَأَنَّ اللَّهَ قَدْ أَحَاطَ بِكُلِّ شَيْءٍ عِلْمًا] [ الطلاق : 12 ] . واتە : تا بزانن كە خوا بەسەر هەموو شتێكدا بەتوانایە و بەڕاستی خوا زانستی بە هەموو شتێك هەیە .
دووەم : خوا ئەوەی تەقدیری كردبێ‌ و بڕیاری دابێ‌ و نوسیویەتی.
وەكو دەفەرمووێ‌ : [ قَدْ عَلِمْنَا مَا تَنْقُصُ الْأَرْضُ مِنْهُمْ وَعِنْدَنَا كِتَابٌ حَفِيظٌ ] [ ق :4 ] . واتە: بەڕاستی ئێمە دەزانین كە خۆڵ چ ڕادەیەك لە لەشیان كەم دەكاتەوە و دەیكاتە خۆڵ ، و كتێبێ‌ كە پارێزەری هەموو شتێكی تێدایە كە (اللوح المحفوظ)ـە لای ئێمەیە .
وە دەفەرمووێ‌ :[وَكُلَّ شَيْءٍ أحْصَيْنَاهُ فِي إِمَامٍ مُبِينٍ ][يس : 12]. واتە : وە هەموو شتیكمان لە لەوحی مەحفوزدا ژماردوە و بەژمارە نوسیومانە .
وە دەفەرموێ‌ :[ أَلَمْ تَعْلَمْ أَنَّ اللَّهَ يَعْلَمُ مَا فِي السَّمَاء وَالْأَرْضِ إِنَّ ذَلِكَ فِي كِتَابٍ إِنَّ ذَلِكَ عَلَى اللَّهِ يَسِيرٌ ] [الحج :70 ]  . واتە : ئایا نازانی كە بە ڕاستی خوا ئەوەی وا لە ئاسمان و زەوی دایە ئەیزانێ‌ ؟ چونكە هەموو ئەوانە لە كتێبدایە نوسراوە ، بەڕاستی ئەوە بۆ خوا زۆر ئاسانە .
سێ‌ یەم : باوەڕبوون بەویستی (تەواو و ڕێگە نەگیراوی) خوا ، واتە : هەرچی بیەوێ‌ ببێ‌ ئەبێ‌َ و ئەوەیشی نەیەوێ‌ ببێ‌ بێگومان نابێ‌
وەكو دەفەرموێ‌ :[إِنَّ اللَّهَ يَفْعَلُ مَا يَشَاء] [الحج : 18] . واتە : بەڕاستی خوا چی بوی دەیكا .
وە دەفەرمووێ‌ :[ إِنَّمَا أَمْرُهُ إِذَا أَرَادَ شَيْئاً أَنْ يَقُولَ لَهُ كُنْ فَيَكُونُ] [يس : 82] . واتە: بەڕاستی فەرمانی ئەو ئەوەیە كە هەر كاتێ‌ بیەوێ‌ شتێ بەدی بهێنێ‌ پێ‌ ی دەڵێ‌ : ببە جا بێ‌ دواكەوتن دێتە دی .
وە دەفەرمووێ‌ : [وَمَا تَشَاءُونَ إِلَّا أَنْ يَشَاءَ اللَّهُ رَبُّ الْعَالَمِينَ] [التكوير : 29 ] .  واتە : ئێوە ئیرادە ناكەن تا پەروەردگاری جیهان ئیرادە نەكات .
چوارەم : هەموو بونەوەران خوا بەدی هێناون ، جگە لەو هیچ بەدیهێنەرو پەروەردگارێكیتر نیە .
وەكو دەفەرموێ‌ : [ اللَّهُ خَالِقُ كُلِّ شَيْءٍ وَهُوَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ وَكِيلٌ ] [الزمر:62] . واتە : خوا بەدیهێنەری هەموو شتێكە و هەر ئەویش پارێزەری هەموو شتێكە وە تەكبیریان بەدەستی ئەوە بەبێ‌ هاوبەش .
وە دەفەرموێ‌ :[ يَا أَيُّهَا النَّاسُ اذْكُرُوا نِعْمَتَ اللَّهِ عَلَيْكُمْ هَلْ مِنْ خَالِقٍ غَيْرُ اللَّهِ يَرْزُقُكُم مِّنَ السَّمَاء وَالْأَرْضِ لَا إِلَهَ إِلَّا هُوَ فَأَنَّى تُؤْفَكُونَ] [ فاطر : 3 ] . واتە : ئەی خەڵكینە نیعمەتێ‌ كە خوا بە ئێوەی داوە بیهێننەوە بیر ، ئایە جگە لەخوا بەدیهێنەری تر هەیە كە لە ئاسمانەكان و زەوی ڕۆزیتان بدات ؟ بێجگە لەو پەرستراوێكی تر نییە ، جا چۆن درۆ دەكەن و لە هەق لائەدەن .
كەوا بوو باوەڕبوون بە قەدەر لای ئەهلی سوننەت باوەڕبوون بەم چوار شتە دەگرێتەوە ، بە پێچەوانەی ئەهلی بیدەعەوە كە هەندێ‌ لەم چوارەیان ئینكار كردوە .
لەباوەڕ بوون بەخوا : باوەڕبونە بەوەی باوەڕ بریتیە لە ووتەو كردەوە ، بەچاكە كردن زیاد دەكات و بەتاوان كردن كەم دەكات ، و دروست نیە هیچ كەس لە موسڵمانان بەكافر دابنرێ‌ بەهۆی كردنی تاوانێكەوە كە لەشیرك و كوفر بچوك تر بێ وەكو داوێن پیسی (زینا) و دزی كردن و سوو خواردن و خواردنەوەی مەی و ئەزیەت دانی دایك و باوك وە چەندین شتی گەورەتر لە تاوانە گەورەكان ، مەگەر حەڵاڵیان بكات لەبەر ئەم ئایەتە [إِنَّ اللّهَ لاَ يَغْفِرُ أَن يُشْرَكَ بِهِ وَيَغْفِرُ مَا دُونَ ذَلِكَ لِمَن يَشَاء] [ سورة النساء : 48 ]. واتە : بەڕاستی هەركەس هاوبەش بۆ خوا دابنێ‌ نایبەخشێ‌ بەڵام كەمتر لەوە یان جگە لەوە بۆ هەركەس بیەوێ‌ ئەی بەخشێ‌ .
وە لە بەر ئەوەی سەلمێنراوە لە پێغەمبەرەوە صلى الله عليه وسلم لە فەرموودەی (متواتر)دا فەرموویەتی :((إنَّ الله يخرج من النار من كان في قلبه مثقال حبة من خردل من إيـمان)) . واتە : بەڕاستی خوا هەركەسێ‌ بە ئەندازەی تۆسقالە خەردەلێك ئیمانی لە دڵدا بێ لە ئاگری دۆزەخ نایهێڵێ‌ .
لە باوەڕبوون بەخوا : ئەوەیە خۆشەویستی و ڕق لێ‌ بوونت هەر لە بەر ئەوە بێ و دۆستایەتی و دژایەتی كردنت لەبەر ئەو بێت ، كەوا بوو باوەڕدارانی خۆش ئەوێ‌ و دۆستایەتیان لەگەڵ ئەكات بەتایبەت هاوەڵانی پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم و ڕقی لە بێ‌ باوەڕانە و دژایەتیان لەگەڵ ئەكات .
ئەهلی سوننە و جەماعە هاوەڵانیان خۆش ئەوێ‌ وە دۆستایەتیان لە گەڵدل دەكەن و باوەڕیان وایە ئەوان باشترینی خەڵكن لە دوای پێغەمبەران ، لە بەر ئەم فەرموودەیەی پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم : ((خير القرون قرني ثم الذين يلونهم ثم الذين يلونهم)) [ متفق عليه ] . واتە : چاكترین خەڵكی ئەوانەن كە لەسەردەمی مندا ژیاون ، ئینجا ئەوانەی دوای ئەوان ، ئینجا دوای ئەوان .
ئەهلی سوونە باوەڕیان وایە باشترین هاوەڵان (أبو بكر)ە پاشان (عمر) پاشان (عثمان) پاشان (علی) ـ خوا لە هەموویان ڕازی بێ‌ ـ دوای ئەوان ئەوانی تر لەو دە كەسەی كە موژدەی بەهەشتیان پێ‌ دراوە ، پاشان هەموو هاوەڵان ـ خوا لە هەموویان ڕازی بێ‌ ـ .
ئەهلی سوننە زمانیان ئەگرن لەوەی كە لە نێوانیاندا ڕویداوە ، باوەڕیان وایە هاوەڵان هەموو لەو كارەدا (مجتهد) بونە ، ئەوەی پێكابێتی ئەوە دوو جار پاداشتی ئەدرێتەوە ، ئەوەیشی نەی پێكابێ‌ ئەوەش هەر یەك پاداشتی ئەدرێتەوە.
ئەهلی سوننە كەسو كاری موسڵمانی پێغەمبەریان خۆش دەوێ و دۆستایەتیان لەگەڵ دەكەن بە هەمان شێوە بۆ خێزانەكانی پێغەمبەر دایكانی ئیمانداران لە هەموویان ڕازین و قسەیان پێ‌ ناڵێین .
ئەهلی سوننە خۆیان بەری دەكەن لە ڕێبازی شیعە كە ڕقیان لە هاوەڵانی پێغەمبەرە و جنێویان پێ‌ ئەدەن ، وە زیادە ڕەوی دەكەن لە سەناگۆی خزم و كەس و كاری پێغەمبەردا صلى الله عليه وسلم لەو پلەو پایەی خوا بۆی داناوون و زیاتریان بۆ دادەنێن ، لە هەمان كاتدا ئەهلی سوننەت خۆیان بەری دەكەن لە ڕێبازی خەواریج ، ئەوانەی كە لە ڕێزی خزم و كەس و كاری پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم كەم دەكەنەوە بەقسەو كرداری خراپ ئەزیەتیان ئەدەن .
هەموو ئەمانەی لەم وتارە كورتەدا خستمانە ڕوو ( لە باسی ئەو بیرو باوەڕە ڕاستەقینەی كە خوا و پێغەمبەری صلى الله عليه وسلم پێ ناردوە) كە بریتییە لە بیروباوەڕی كۆمەڵی ڕزگاربووی ئەهلی سوننە و جەماعە كە پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم دەربارەیان فورموویەتی :((لا تزال طائفة أمتي على حق منصورة لا يضرهم من خذلهم حتى يأتي أمر الله سبحانه)) . واتە : بەردەوام كۆمەڵێك لە ئوممەتی من لەسەر ڕاستی دەمێننەوە تاوەكو فەرمانی خوا دێتە جێ‌ .
وە دەفەرموێ‌ : ((افترقت اليهود على إحدى وسبعين فرقة وافترقت النصارى على اثنتين وسبعين فرقة وستفترق هذه الأمة على ثلاث وسبعين فرقة كلهم في النار إلا واحدة فقال الصحابة : من هي يارسول الله ؟ قال من كان على مثل ما أنا عليه وأصحابـي)) .واتە : یەهودییەكان بوون بەحەفتا و یەك تاقمەوە ، گاورەكان بوون بەحەفتا و دوو تاقمەوە ، موسڵمانانیش لە ئایندەدا دەبن بەحەفتا و سێ تاقمەوە ، هەموویان دەچنە دۆزەخەوە تەنها یەكێكیان نەبێ ، هاوەڵان وتیان ئەی پێغەمبەری خوا ئەو كۆمەڵە كێن ؟ ئەویش فەرمووی : ئەوانەن كە لە سەر سوننەتی من و هاوەڵان دەڕۆن .
ئەمەش ئەو بیروباوەڕەیە كە پێویستە بەتووندی دەستی پێوە بگیرێ و بەردەوام بین لەسەری و وریا بین لەو شتانەی پێچەوانەی دەوەستن ئەوانەی لە بیروباوەڕی ئەهلی سوننە لایان داوە و چەندین ڕێچكەی تریان گرتووەبەر زۆرن ، لەوانەیە ئەوانەی بت و خەڵك و فریشتە و پیاوچاكان و جنۆكە و دار و بەرد و شتانی تر دەپەرەستن ئەمانە وەڵامی بانگەوازەكەی پێغەمبەریان نەداوەتەوە بەڵكو دژایەتی و سەرپێچیان كردووە وەكو قورەیش و تیرەكانی عەرەب بەرامەبەر بە پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم كردیان ، ئەمانە داوایان لە بتە كانیان دەكرد كە پێویستییەكانیان جێبەجێ بكەن و شیفای نەخۆشیندارەكانیان بدەن و سەركەوتوویان بكەن بە سەر دوژمنەكانیاندا، ئەمانیش لە بەرامبەر ئەوانەدا شتیان بۆ سەر دەبرین و نەزریان بۆ دەكردن، لە كاتێكدا كە پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم ئەمەی لێقبوڵ نەكردن و فرمانی پێكردن بە یەكخواپەرستی سەریان سوڕما و ئینكاریان كردوو وتیان :[أَجَعَلَ الْآلِهَةَ إِلَهًا وَاحِدًا] [ص : 5 ] . واتە : ئایا هەموو خواكانی كردووەتە یەكخوا ! بەڕاستی ئەمە شتێكی سەرسوڕهێنەرە !!!
بەردەوام و بێوچان پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم بانگی دەكردن بۆ یەكخواپەرستی و دەیترساندن لە شرك ، وە ڕاستی بانگەوازەكەی بۆ واڵا دەكەردن ، هەتاوەكو خوای گەورە هەندێكی هیدایەت داو پاشان بە كۆمەڵا هاتنە ناو ئاینی ئیسلامەوە ، ئینجا لە دوای بانگەوازێكی بەردەوام و جیهادێكی دور و درێژ لە لایەن پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم و هاوەڵان و شوێنكەوتوانیانەوە ئاینی ئیسلام سەركەوت بە سەر هەموو ئاینەكاندا ، بەڵام پاشان بارودۆخ گۆڕا و نەفامی باڵی كێشا بە سەر زۆربەی خەڵكیدا هەتاوەكو زۆربەی خەڵك گەڕانەوە بۆ ئاینی نەفامی و بت پەرستی بە ئەنجامدانی زیادەڕەوی لە ئاستی پێغەمبەران و پیاوچاكاندا بە هاوار و بانگ لێكردنیان و داوای كۆمەكی كردن لێیان و چەندین شتی تر لە جۆرەكانی شیرك !
ئەمانە واتای (لا إلهَ إلاَّ الله)یان نەدەزانی وەكو كافرانی عەرەب دەیانزانی ! بەردەوام ئەم هاوبەش دانانە لە ناو خەڵكیدا تەشەنەی دەكرد تاوەكو ئەم سەردەمەی خۆمان ، بە هۆی زاڵبوونی نەفامی و دوور كەوتنەوەمان لە سەردەمی پێغەمبەرەوە صلى الله عليه وسلم .
شوبهەی ئەم موشریكانە هەمان شوبهەی ئەوانی پێشووە كە بریتی بوو لە ئایەتی :[هَؤُلاء شُفَعَاؤُنَا عِندَ اللّهِ ] ، واتە : ئەمانە لای خوا تكاكارمانن ، وە ئایەتی : [مَا نَعْبُدُهُمْ إِلَّا لِيُقَرِّبُونَا إِلَى اللَّهِ زُلْفَى ][الزمر: 3 ]. واتە : ئێمە ئەوانە ناپەرستین مەگەر بۆ ئەوەی لە خوامان نزیك بكەنەوە ، خوای گەورە لە قورئاندا ئەم شوبهەیەی پوچەڵ كردەوە و ڕوونی كردەوە هەر كەس جگە لە خوا كەسی تر بپەرستێ هەر كەسێ بێ ئەوە شیرك و كوفری بە خوای گەورە كردووە وەكو دەفەرموێ‌ :[وَيَعْبُدُونَ مِن دُونِ اللّهِ مَا لاَ يَضُرُّهُمْ وَلاَ يَنفَعُهُمْ وَيَقُولُونَ هَؤُلاء شُفَعَاؤُنَا ] [ يونس : 18 ] .  واتە : وە بێجگە لە خوا شتگەلێكی تر دەپەرستن كە نەزیانیان پێ ئەگەیەنن و نەسودێكیان پێ ئەدەن و ئەڵێن ئەمانە لای خوا تكاكارمانن.
خوای گەورە بەم ئایەتە بەرپەرچی داونەتەوە كە دەفەرموێ‌ :[ قُلْ أَتُنَبِّئُونَ اللّهَ بِمَا لاَ يَعْلَمُ فِي السَّمَاوَاتِ وَلاَ فِي الأَرْضِ سُبْحَانَهُ وَتَعَالَى عَمَّا يُشْرِكُونَ ] [ يونس : 18 ] . واتە : بڵێ ئایا خەبەر بە خوا ئەدەن دەربارەی شتێك كە لە ئاسمانەكان و زەویدا سەر و شوێنیان بۆ نییە ؟! پاك و بێگەردی بۆ خوا لەو هاوبەشانەی كە دای ئەنێن .
خوای گەورە لەم چەند ئایەتەی پێشوودا ڕوونی كردەوە كە پەرستنی غەیری ئەو لە پێغەمبەران و پیاوچاكان و ئەوانی تر شیركی گەورەیە ئەگەر چی ئەنجامدەرانی ناوی تری لێبنێن ، خوای گەورە دەفەرموێ‌ :[ وَالَّذِينَ اتَّخَذُوا مِن دُونِهِ أَوْلِيَاء مَا نَعْبُدُهُمْ إِلَّا لِيُقَرِّبُونَا إِلَى اللَّهِ زُلْفَى ] [ الزمر : 3 ] . واتە : وە كەسانێ‌ كە غەیری خوایان بە پەرستراو گرتووە ئەڵێن ئێمە ئەوانە ناپەرستین مەگەر بۆ ئەوەی لە خوامان نزیك بكەنەوە .
خوای گەورە بەم ئایەتە بەرپەرچی داونەتەوە : [إِنَّ اللَّهَ يَحْكُمُ بَيْنَهُمْ فِي مَا هُمْ فِيهِ يَخْتَلِفُونَ إِنَّ اللَّهَ لَا يَهْدِي مَنْ هُوَ كَاذِبٌ كَفَّارٌ ] [ الزمر : 3] . واتە : بەڕاستی خوا لەوەی كە جیاوازیان تێدا هەیە دادوەریان لە نێواندا دەكات بەڕاستی خوا ڕێنوینی كەسانێ‌ ناكات كە درۆزنی بێباوەڕ بێ .
خوای گەورە بەو ئایەتانە ڕوونی كردەوە كە پەرستنەكەیان بۆ جگە لە خوا بەپاڕانەوە ترس و تكا و ئەوانی تر ، كوفرە بە خوا ، وە بە درۆی خستنەوە لەو قسەیەی كە دەیان وت پەرستراوەكانمان لە خوامان نزیك دەكەنەوە .
لەو بیروباوەڕە كوفرانەی كە دژ بە بیروباوەڕی ڕاستەقینەن و پێچەوانەی ڕێبازی پێغەمبەرن صلى الله عليه وسلم ، لەوانە :
* ئەو بیروباوەڕەی كە بێ‌باوەڕ (مُلحد)ـەكانی ئەم سەردەمە هەیانە شوێنكەوتوانی ماركس و لینین و ئەوانی تر لە بانگەواز كارانی(إلحاد) و كوفر ، ئەگەر چی ناوی لێبێنن (سۆسیالیست یان شوعی یان بەعسی یان چەندین ناوی تر) ! بنچینەی ئەو بێباوەڕانە بریتییە لە دروشمی (خوا نییە و ژیان تەنها بریتییە لە مادە ) !!!
هەروەها لە بنچینەكانی تریان ئیناكری كردنی زیندوو بوونەوە و بەهەشت و ئاگری دۆزەخ و باوەڕ نەبوون بە ئاینە ئاسمانیەكان .
بێگومان ئەوەی تەماشای كتبێەكانیان بكات و زمانی حاڵیان دیراسە بكات ئەو شتانەی بۆ دەر ئەكەوێ‌ت ، گومانیش لەوەدا نییە كە ئەم بیروباوەڕە دژ بە هەموو ئاینە ئاسمانیەكانە و خاوەنەكەی لە دونیا و ڕۆژی دواییدا بۆ خراپترین دوا ئەنجام ئەبات .
* لەو بیروباوەڕانە كە دژ بە بیروباوەڕی ڕاستەقینەن ئەوەیە كە هەندێ‌ لە (باطينة)یەكان و هەندێ‌ لە سۆفییەكان هەیانە (كە هەندێ‌ كەس لەوان پێ‌ی ئەڵێن ئەولیا) و باوەڕیان وایە هاوبەشن لە گەڵا خوادا لە بەڕێوەبردنی كاروباری جیهاندا و ناویان دەنێن : (أقطاب ، أوتاد ، أغواث) و چەندین ناوی تر كە خۆیان دایان هێناوە بۆ پەرستراوەكانیان ، ئەمەش خراپترین شیركە لە پەروەردگارێتی خوادا ، كە خراپترە لە شیركی نەفامی عەرەب ، چونكە كافرانی عەرەب ، لە پەروەردگارێتیدا شیركیان ئەنجام نەدابوو ، بەڵكو تەنها لەپەرستندا ، شیرك ئەنجامدانی ئەوان تەنها لە كاتی خۆشیدا بوو، بەڵام لە كاتی سەختیدا خوایان بە دڵسۆزی دەپەرست وەكو خوای گەورە دەفەرموێ‌ :[ فَإِذَا رَكِبُوا فِي الْفُلْكِ دَعَوُا اللَّهَ مُخْلِصِينَ لَهُ الدِّينَ فَلَمَّا نَجَّاهُمْ إِلَى الْبَرِّ إِذَا هُمْ يُشْرِكُونَ ] [ العنكبوت : 65 ]  واتە : جا كاتێ سواری كەشتی بوون بە دڵسۆزی خوای گەورە بانگ دەكەن ، وە كاتێ ئەوانی بردە وشكایی و ڕزگاری كردن شەریكیان بڕیاردەدا .
بەڵام یەكتاپەرستی لە پەروەردگارێتی خوادا دانیان پێدا ئەنا وەكو خوا دەفەرموێ‌ :[ وَلَئِن سَأَلْتَهُم مَّنْ خَلَقَهُمْ لَيَقُولُنَّ اللَّهُ ] [ الزخرف : 87 ] .  واتە : وە ئەگەر لەوانە بپرسی ئایا چ كەسێ ئەوانی بەدی هێناوە بێ گومان دەڵێن خوا .
وە دەفەرموێ‌: [قُلْ مَن يَرْزُقُكُم مِّنَ السَّمَاء وَالأَرْضِ أَمَّن يَمْلِكُ السَّمْعَ والأَبْصَارَ وَمَن يُخْرِجُ الْحَيَّ مِنَ الْمَيِّتِ وَيُخْرِجُ الْمَيَّتَ مِنَ الْحَيِّ وَمَن يُدَبِّرُ الأَمْرَ فَسَيَقُولُونَ اللّهُ فَقُلْ أَفَلاَ تَتَّقُونَ] [يونس: 31 ] .
واتە : بڵێ چ كەسێ لە ئاسمان و زەویەوە ڕۆزیتان ئەدا ؟ وە یان چ كەسێ خاوەن و بەدیهێنەری گوێ‌ و چاوانە ؟ وە چ كەسێ زیندوو لە مردوو یا مردوو لەزیندوو دەردێنێ‌؟ وە چ كەسێ تەكبیری كاروباری دونیا دەكات؟ دەڵین خوا ، تۆش بڵێ ئەی بۆ لە خوا ناترسن و بەتەنها نایپەرستن .
وەچەندین ئایەتی تر لەم مەبەستەدا هاتووە .
* موشریكەكانی ئەم سەردەمە لەوانەی كۆن زیاتریان كردووە ، ئەوەش لەدوو ڕوەوە :
یەكەم : شیركی هەندێكیان لە پەروەردگارێتیدا (الربوبية) .
دووەم : شیرك كردیانیان لە هەردوو كاتی خۆشی وسەختیدا ، ئەوەی تێكەڵاوی كردبن هەواڵیانی زانیبێ و بینیبێتی چ دەكەن ئەم ڕاستییە دەزانی كە چی دەكەن لە پەنای گۆڕی ئیمامی حوسەین و بەدەوریدا لە میصر ، وە لە پەنای گۆڕی (عەیدەروس)دا لە عەدەن ، وە (هادی) لە یەمەن ، وە (ئیبنو عەرەبی) لە شام ، و شێخ (عبدالقادری گەیلانی) لە عیراق ، وە چەندین گۆڕی بەناوبانگی تر كە خەڵكی سادە و عەوام زیادەڕەویان لە ئاستدا كردووە ، كە زۆربەی مافـی خوایان بۆ ئەوان داناوە ! كەم كەسیش هەیە قەدەغەی ئەوەیان لێ بكات و یەكخواپەرستی ڕاستەقینەیان بۆ ڕوون بكاتەوە [إِنَّا لِلّهِ وَإِنَّا إِلَيْهِ رَاجِعونَ] !!!
داوا لە خوای پاك و بێگەرد دەكەین كە بیان گێڕێتەوە بۆ هۆش و ژیری خۆیان ، وە بانگەوازكاران لە نێوانیاندا زۆر كات و یارمەتی كاربەدەستانی موسڵمان و زانایانی موسڵمان
بدات بۆ دژایەتی كردن و لە ناو بردنی ئەم شیركە .
* لەو بیروباوەڕانەی كە دژ بە بیروباوەڕی ڕاستەقینەن لەبەشی ناو و سیفەتەكانی خوادا بیروباوەڕی ئەهلی بیدعەیە، وەكو جەهمییەكان و موعتزیلە و ئەوانەی كە ڕێگەی ئەوانیان گرتە بەر لە نەفـی سیفەتەكانی خوای گەورەدا ، و سیفەتەكانیان پەك خست و وەسفیان كرد بە نەبوو و سیفەتی ووشك و بێ مانا ! گەورەیی و بەرزی بۆ خوای گەورە لەو قسانەیان ، هەروەها ئەوانەش كە نەفـی هەندێ لە سیفەتەكانی خوایان كرد و هەندێكی تریان سەلماند وەكو ئەشعەریەكان كە لەوانە دەژمێررێن ، چونكە سەلماندنی هەندێكی ئەوەیان لە سەر پێویست دەكات ئەوانەی تریش كە نەفیان كردووە و ماناكانیان گۆڕیوە بیان سەلمێنن .
ئەمانەش لەم كارەیاندا پێچەوانەی بەڵگەی نەقڵ و عەقڵیان كردووە ، و لەم مەسەلەیەدا كەوتوونەتە ناسزایی (تناقض)ێكی ڕوون و ئاشكراوە .
بەڵام ئەهلی سوننە و جەماعە بە بێ كەموكوڕی ئەو ناو و سیفەتانەی خوا كە خوا بۆ خۆی داینابێ یان پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم داینابێ ، ئەمانیش سەلماندوویانە و دایان ناوە ، وە خوایان پاك ڕاگرتووە لەوەی بیشوبهێنن بە دروستكراوەكانی پاك ڕاگرتنێك دوور لە پەك خستنی سیفەتەكانی كەوابوو ئیشیان بە هەموو بەڵگەكان كردووە ، نەدەستكاریان كردووە و نەپەكیان خستووە ، تووشی ئەو ناسزاییە نەهاتوون كە غەیری ئەوانی تێكەتووە وەكو باسمان كرد ، ئەم ڕێگەیە ڕێگەی سەرفراز بوونە ، و خۆش بەختی دونیا و ڕۆژی دواییە ، ئەمە ئەو ڕێگە ڕاستەیە كە پێشین و پێشەوایانی ئەم ئوممەتە گربتوویانە بەر ، بەڕاستی پاشماوەی ئەم ئوممەتە چاك نابێ مەگەر بەوەی كە پێشەكی پێ چاك بووە ، كە بیریتییە لە شوێنكەوتنی قورئان و سوننەت و وازهێنانیان لەوەی پێچەوانەیان بووەستن .