تەوبەكردن چیە؟
بەروار: 2010/08/21سەردارن: 3477نوسەر: كۆكردنەوە و وەرگێڕانی:علي خان

تەوبەكردن لە ئەصڵی زمانی عەرەبیدا: بە مانای هەریەك لە: گەڕانەوە، و هاتنەوە، و پەشیمان بوونەوە دێت.
بەڵام شەرعدا زانایان چەندین پێناسەیان كردوە لەوانە:
1. ((الاسْتِغْفَارُ بِاللِّسَان، والإقْلاعُ بالأَبْدان، وإِضْمَارُ تَرْكِ العَوْدِ بالجَنَان، ومُهَاجَرةُ سَيِّءِ الإِخْوَان، وإِرجَاعُ حُقُوقِ بَنِي الانْسَان)).واتە: ((بریتیە لە داوای لێخۆشبون كردن بە دەم، و پەشیمان بوونەوە و دەستبەردار بوون بە لاشە، و سور بوون و جەختكردنەوە لە دڵەوە لەوەی نەگەڕێیتەوە، و دووركەوتنەوە لە برادەری خراپ، و گەڕانەوەی مافی خەڵك -ئەگەر بە لاتەوە هەبوو-)).
2. ((تَرْكُ الذنبِ عِلْماً بقُبحِه، ونَدَماً عَلى فِعْله، وعَزْمَاً عَلَى أَلّا يَعُودَ إِليْهِ إِذَا قدر، وردُّ المظْلَمَةِ إِنْ كَانَت، أَوْ طَلَب البَرَاءَة مِنْ صَاحِبِها؛ إِخْلاَصَاً لله، ورَجَاءً لِثَوَابِه، وخَوْفَاً مِنْ عِقَابِه، وأَنْ يَكُونَ ذلِكَ قَبْلَ الغَرْغَرَةِ، وقَبْلَ طُلُوع الشَّمْس مِنْ مَغْرِبها)). واتە: ((وازهێنان لە تاوان لە بەر خراپیەكەی، و پەشیمان بونەوە لە كردنەكەی، و سوربوون لەسەر نەگەڕانەوە، و گێڕانەوەی ئەوەی بە ستەم لایەتی یان گەردن ئازایی كردن لە خاوەنەكەی؛ هەموو ئەمانەش تەنها لەبەر خوا و بە هیوای پاداشتی و ترسان لە سزای بێت، ئەبێت ئەمەش پێش سەرە مەرگ و پێش هەڵاتنی خۆر بێت لە خۆر ئاواوە)).
3. (( هِي الرُّجُوعُ ممِا يكْرهه اللهُ ظَاهِراً وبَاطِنَا إِلَى مَا يُحِبّه ظَاهِرا وبَاطِنا )). واتە: ((بریتیە لە گەڕانەوە لەوەی خوا پێی ناخۆشە بە ئاشكرای و شاراوەیەوە بۆ ئەوەی خوا پێی خۆشە بە ئاشكرای و شاراوەیەوە)).
ئەمەشیان پێناسەیەكی گشتگیرە و سەرجەم یاساكانی ئیسلام و هەقیقەتەكانی ئیمان دەگرێتە خۆی.
بەڵێ، تەوبەكردن ڕێگایەكی پارێزراوە لە یەئس و بێ ئومێدی، كانی پڕئاوە بۆ هەموو شەكەتێكی ئاوی سازگار نەدی، سەرچاوەی خێرە بۆ هەموو خێر و خۆشیەكی دونیا و دواڕۆژی ئەبەدی، تەوبەكردن سەر هەموو شتێكە، ژیانەوەیە، هۆی سەرفرازیە، ماڵی یەكەم و ناوەڕاست و كۆتای مرۆڤە، تەوبەكردن سەرەتای بەندە و كۆتاییەتی.
بەڵێ، تەوبەكردن: وازهێنانە لە تاوان تەنها لە ترسی الله، هەستكردنە بە ناقۆڵایی و ناشیرینی تاوان، پەشیمان بوونەوەیە لە تاوانكردن، و سووربوونە لەسەر نەگەڕانەوە بۆ تاوان ئەگەریش بۆی بڕەخسێت و تواناشی هەبێت، تەوبەكردن هەستكردنە بە پەشیمانی لە ئاست ئەو هەڵە و تاوان و خراپی و سەرپێچیانەی كە ڕویانداوە، ڕوو كردنە خوایە لەو تەمەنەی كە ماوە.