موخه‌يه‌روموسه‌ييه‌ربه‌ پێي فه‌رمووده‌و قورئان وه‌ڵامێك بۆ مولحيدێكي سه‌رگه‌ردان
بەروار: 2017/08/13سەردارن: 1424نوسەر: مامۆستا سۆران ڕەفیق

بسم الله  الرحمن الرحیم 
یەكێك لەو بابەتە گرنگ و هەستەوەرانەی كە زۆر جار پرسیاری لە بارەوە دەكرێت بریتییە لەوەی ئایا مرۆڤ موخەییەرە (واتە مرۆڤ ئازادە لەو كارو كردەوانەی كە لە ژیانیدا بە ویستی خۆی ئەنجامی دەدات )یان موسەییەرە (واتە بەبێ دەسەڵاتی خۆی ئەو كارانە ئەنجام دەدات)و هەر ئەم بابەتەش جارجارێك بە شێوەیەكی ناڕەوا لە لایەن دوو تاقمەوە بەكاردەهێنریت و دەورووژێنرێت كە :
تاقمی یەكەمیان ئەوانەن كە بابەتی موخەیەر بوون و موسەییەر بوون دەكەنە بیانوو بۆ سڕپۆش كردنی تاوانەكانیان و ئەنجام نەدانی ئەو ئەرك و فەرمانانەی كە خوای گەورە پێویستی كردووە لە سەر موسووڵمانان و دەڵێن : ئەگەر خوای گەورە هیدایەتی بدابایەین ئەوا ئێمەش ئاوا نەدەبووین وخوای گەورە ئەمەی لەسەر نووسیوین بۆیە لە گوێڕایەڵیی خوای گەورە دەرچووین .
تاقمی دووەمیشیان ئەو مولحیدو بێباوەڕانەن كە وای پیشان دەدەن ئایینی ئیسلام ئەم بابەتەی یەكلایی نەكردۆتەوە و تا ئێستاش جێگەی مشتومڕە .
ئێمەش لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین ئەم بابەتە ڕوون بكەینەوە بە پێی ئەو بەڵگانەی لە قورئان و سوننەتدا هاتوون (لِيَهْلِكَ مَنْ هَلَكَ عَنْ بَيِّنَةٍ ويَحْيَي مَنْ حَيَّ عَنْ بَيِّنَةٍ)
سەرەتاش لەوەوە دەست پێدەكەین كە بابەتی موخەیەر بوون و موسەییەر بوون بابەتێكە پەیوەستە بە (قەدەر)ەوە وقەدەریش بنچینەیەكە لە بنچینەكانی (باوەڕ) بۆیە هەر لە سەرەتای هاتنی ئیسلامەوە ئەم بابەتە باسكراوەو بڕاوەتەوە و هاوەڵانی بەڕێزی پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم هیچ ڕاجیاوازییەكیان لەم ڕووەوە نەبووە و سەردەمی ئەوان ئەم بابەتە جێگەی مشت ومڕ نەبووە , بەڵام لە دوای هاوەڵان كەسانێك پەیدابوون كە بۆچوونی جیاوازیان هەبوو لەم بابەتەدا و دواتریش بە شێوەیەكی گشتیی دوو كۆمەڵ دەركەوتن كە پێچەوانە كەوتنەوە لە بیرو باوەڕیاندا بەرامبەر بە ئەهلی سوننەت و جەماعەت سەبارەت بە قەدەر , كەئەوانیش :
یەكەمیان : قەدەرییەكانن كە دەڵێن خوای گەورە چاكەو خراپەی دروست نەكردووە بەڵكو ئەوە بەندەكان خۆیانن كە دروستكەری كاروكردەوەكانی خۆیانن و خوای گەورە ئاگای لەو كردەوانە نییە تا ڕوو نەدەن , و ئەم بیرو باوەڕەش دژ بە قورئان و سوننەت و تێگەیشتنی هاوەڵانە ڕەزای خوایان لێبێت , بە بەڵگەی ئەوەی خوای گەورە لە قورئاندا فەرموویەتی : [مَا أَصَابَ مِنْ مُصِيبَةٍ فِي الْأَرْضِ وَلَا فِي أَنْفُسِكُمْ إِلَّا فِي كِتَابٍ مِنْ قَبْلِ أَنْ نَبْرَأَهَا إِنَّ ذَلِكَ عَلَى اللَّهِ يَسِيرٌ] (22-الحدید) واتە " هیچ بەڵاو نارەحەتییەكتان تووش نایەت نەلە زەوی و نە لە نەفسی خۆشتاندا ئیللا لە لەوحی مەحفوزدا نووسراوە پێش ئەوەی دروستیان بكەین و بە دییان بهێنین "
وە حوزەیفە رضي الله عنه فەرموویەتی (إن الله خلق كل صانع وصنعته) (خلق افعال العباد/92) واتە "خوای گەورە هەموو دروستكارو دروستكراوەكەشی دروست كردووە "
هەروەها لە سوننەتدا هاتووە كە عوبادەی كوڕی صامت ڕه‌زاي خواي لێبێت بە كوڕەكەی فەرموو كە لەپێغەمبەری خوای صلى الله علیه وسلم بیستووە كەفەرموویەتی ((إِنَّ أَوَّلَ مَا خَلَقَ اللَّهُ الْقَلَمَ فَقَالَ لَهُ اكْتُبْ. قَالَ رَبِّ وَمَاذَا أَكْتُبُ قَالَ اكْتُبْ مَقَادِيرَ كُلِّ شَىْءٍ حَتَّى تَقُومَ السَّاعَةُ)(سنن ابی داود/ح/4702 صححە الالبانی)) واتە " بەڕاستی خوای گەورە یەكەم شتێك كە دروستی كردبێت پێنووس بووئەنجا پێی فەرموو بنووسە , فەرمووی چی بنووسم پەروەردگارم ؟فەرمووی بڕی دیاری كراوی هەموو شتێك بنووسە تا كاتی هەستانی قیامەت "
دواتر عوبادە بە كوڕەكەی دەڵێت ئەی كوڕی خۆم بیستم پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم دەیفەرموو ((مَنْ مَاتَ عَلَى غَيْرِ هَذَا فَلَيْسَ مِنِّى)) واتە "هەركەسێك لەسەر بیرو باوەڕێكی جیاواز لەمە بمرێت ئەوا لەمن نییە "
وە هەروەها لەفەرموودەیەكی درێژدا لە (صەحيحی موسلیم )دا هاتووە بە ژمارە (102) كە دووكەس دێنە خزمەت عەبدوڵای كوڕی عومەر ڕەزای خوایان لێبێت و دەربارەی ئەوە پرسیاری لێ دەكەن كە كەسانێك لای ئەمان لە بەصرە پەیدا بوون باوەڕیان بەوە نییە كە قەدەر هەیەو دەڵێن شتەكان پێش وەخت نەنووسراون بەڵكو كاتی ڕوودانیان خوای گەورە پێيان دەزانێت بۆیە لە وەڵامدا عەبدوڵای كوڕی عومەر ڕەزای خوایان لێبێت پێیان دەڵێت : "هەواڵ بەو كەسانە بدەن كەمن لێیان بەرییم و ئەوانیش لەمن بەریین و سوێند بەوەی من سوێندی پێدەخۆم ئەگەر هەركەسێكیان هێندەی كێوی ئوحود ئاڵتوونی هەبێت و لە ڕێی خوادا بیبەخشێت خوا لێی قەبووڵ ناكات تا باوەڕ بە قەدەر نەهێنێت " ئەمەش بە شێوەیەكی ڕاشكاوانە تێگەیشتنی هاوەڵانمان بۆدەردەخات سەبارەت بە قەدەر .
دووەمیان :جەبرییەكانن كە دەڵێن مرۆڤ هیچ ڕۆڵێكی نییە لەو كارو كردەوانەدا كە ئەنجامیان دەدات بەڵكو هەمووی خوای گەورە بەسەریدا سەپاندوویەتی و پێی ئەنجام دەدات و ئەم بۆچوونەش بەهەمان شێوە دەقەكانی قورئان و سوننەت و ئەقڵیش بەدرۆی دەخەنەوە , ئەوەتا خوای گەورە لەقورئاندا ئەو كەسانە بە درۆ دەخاتەوە كە دەڵێن گەر خوا ویستی لێ بوایە نەئێمەو نە باو باپیرانیشمان هاوەڵمان بۆ دانەدەنا و فەرموویەتی [سَيَقُولُ الَّذِينَ أَشْرَكُوا لَوْ شَاءَ اللَّهُ مَا أَشْرَكْنَا وَلَا آَبَاؤُنَا وَلَا حَرَّمْنَا مِنْ شَيْءٍ كَذَلِكَ كَذَّبَ الَّذِينَ مِنْ قَبْلِهِمْ] (الانعام/148) و هەر لە هەمان ئایەتدا خوای گەورە فەرموویەتی [قُلْ هَلْ عِنْدَكُمْ مِنْ عِلْمٍ فَتُخْرِجُوهُ لَنَا إِنْ تَتَّبِعُونَ إِلَّا الظَّنَّ وَإِنْ أَنْتُمْ إِلَّا تَخْرُصُونَ] واتە " ئەی موحەممەد پێیان بڵێ ئایا هیچ زانیارییەكتان لایە تا پێمانی نیشان بدەن سەبارەت بەوەی دەیڵێن یاخود لە ڕاستییدا ئێوە دوای گومان كەوتوون و ئێوە تەنها كار بە خەمڵاندن دەكەن "
وە هەروەها دەیان ئایەتی قورئان باس لەوە دەكەن كە خوای گەورە پاداشتی كارو كردەوە چاكەكان بەچاكەو خراپەش بە سزا دەداتەوە بۆنموونە[وَلَا يُنْفِقُونَ نَفَقَةً صَغِيرَةً وَلَا كَبِيرَةً وَلَا يَقْطَعُونَ وَادِيًا إِلَّا كُتِبَ لَهُمْ لِيَجْزِيَهُمُ اللَّهُ أَحْسَنَ مَا كَانُوا يَعْمَلُونَ](التوبە/121)واتە " هیچ بەخششێكی بچووك یان گەورە نابەخشن ودۆڵێك نابڕن ئیللا بۆیان نووسراوە بۆئەوەی خوای گەورە پاداشتی كارە چاكەكانیان بداتەوە "
وە فەرموویەتی : [وَجَعَلْنَا الْأَغْلَالَ فِي أَعْنَاقِ الَّذِينَ كَفَرُوا هَلْ يُجْزَوْنَ إِلَّا مَا كَانُوا يَعْمَلُونَ] واتە " تەوقمان خستۆتە گەردنی ئەوانەی كوفریان كرد ئایا جگە لە پاداشتی كارو كردەوەكانیان بە هیچی تر پاداشت دەدرێنەوە ؟"كە ئەمەش پێی دەڵێن (استفهام انكاری) واتە بە دڵنییاییەوە ئەوپاداشتەی وەری دەگرن دەرەنجامی كارو كردەوەكانیانە ,
وە هەروەها لە فەرموودەیەكی قودسییدا هاتووە كە پێغەمبەری خوا صلى الله علية وسلم لە خوای گەورەوە ڕیوایەتی كردووە : ((يَا عِبَادِى إِنَّمَا هِىَ أَعْمَالُكُمْ أُحْصِيهَا لَكُمْ ثُمَّ أُوَفِّيكُمْ إِيَّاهَا فَمَنْ وَجَدَ خَيْرًا فَلْيَحْمَدِ اللَّهَ وَمَنْ وَجَدَ غَيْرَ ذَلِكَ فَلاَ يَلُومَنَّ إِلاَّ نَفْسَهُ)) (صحیح مسلم/6737) واتە ئەی بەندەكانم ئەوەی هەیە بریتییەلە كارو كردەوەكانی خۆتان و من بۆتانی دەژمێرم و پاشان پاداشتی ئەوەتان دەدەمەوە جا هەركەستان چاكەی بینییەوە با سوپاسی خوا بكات و ئەوەشتان جگە لە چاكەی بینییەوە با جگە لە خۆی سەرزەنشتی كەس نەكات .
وەهەموومان ئەوە دەزانین كە خوای گەورە ئەقڵ و ژیریی و توانای جیاكردنەوەی چاك و خراپ و سوودو زیانی بە مرۆڤەكان داوە و لەولاشەوە پێغەمبەرانی ناردووە و كتێب و شەریعەتی بۆ دابەزاندوون بۆئەوەی هیچ بیانوویەك نەمێنێتەوە بۆ هەركەسێك باوەڕ نەهێنێت و لەسەر كوفرو تاوان وخراپە بەردەوام بێت و لە لایەكی تریشەوە گەر خوای گەورە ئەنجامدانی كارو كردەوەكانی سەپاندبێت بەسەر مرۆڤەكاندا و خۆیان هیچ ڕۆڵێكیان نەبێت , ئەو كاتە هیچ مانایەك بۆ ناردنی پێغەمبەران و ئایین و شەریعەتەكان نامێنێتەوە ولە ولاشەوە سزادانی خراپەكاران لە لایەن خوای گەورەوە ستەم(ظلم) دەبێت و ئەمانەش لە كاری خوای گەورەوە دوورن و خوای گەورە پاك و بێگەردو دوورە چی لەكاری بێ حیكمەت و چی لە ستەمیش وەك فەرموویەتی لە فەرموودەیەكی قودسیدا ((يَا عِبَادِى إِنِّى حَرَّمْتُ الظُّلْمَ عَلَى نَفْسِى وَجَعَلْتُهُ بَيْنَكُمْ مُحَرَّمًا فَلاَ تَظَالَمُوا)) (صحیح مسلم/6737) واتە:ئەی بەندەكانم من ستەمم لەسەر خۆم حەرام كردووە و لە نێوان ئێوەشدا حەرامم كردووە بۆیە ستەم لەیەك مەكەن .
وە ئەوەش وایكردووە ئەم گروپانە لە ڕێگە دەرچن و تووشی ئەم هەڵە لەناوبەرانە ببن گرنگیی دانیانە بە هەندێك دەقی ئایەت و فەرموودە و لێكدانەوەیان بە پێی هەواو ئارەزووی خۆیان و پشتگوێ خستنی كۆمەڵێك دەقی دیكە كە خزمەت بە بۆچوونەكانیان ناكەن , لە كاتێكدا لە بەرامبەر ئەماندا پەیڕەوی ئەهلی سوننەت وجەماعەت بریتی بووە لە تەسلیم بوونی ڕەها بەو دەقانەی كە هەن بەشێوەیەكی گشتی و كۆكردنەوەی هەردوولای بەڵگەكان و زانایانی پێشین لە دەرەنجامی خوێندنەوەیان بۆ دەقەشەرعییەكان گەیشتوونەتە ئەوەی كەمرۆڤ بۆئەوەی بە شێوەیەكی دروست لە قەدەر تێبگات پێویستە باوەڕی بە چوار شت هەبێت :
1. باوەڕ بوون بە زانستی خوای گەورە كە زانستێكی ڕەهایە وەك فەرموویەتی: [وَاللَّهُ بِكُلِّ شَيْءٍ عَلِيمٌ] (التغابن /11) وە پەی بە وردودرشتی هەموو شتەكان دەبات كە فەرموویەتی : [وَعِنْدَهُ مَفَاتِحُ الْغَيْبِ لَا يَعْلَمُهَا إِلَّا هُوَ وَيَعْلَمُ مَا فِي الْبَرِّ وَالْبَحْرِ وَمَا تَسْقُطُ مِنْ وَرَقَةٍ إِلَّا يَعْلَمُهَا] (الانعام /59) واتە" كلیلی هەموونهێنییەكانی لایە و جگە لە خۆی كەس نایزانێت وە هەروەها هەرچی لە دەریاو وشكانیدایە دەیزانێت و وە هیچ گەڵایەك ناكەوێت ئیللا پێی دەزانێت " ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە خوای گەورە بە زانستە ڕەهاكەی دەزانێت كە كێ چاكەكارەو شایەنی بەهەشتەو سەرەنجامی كێش بەرەو دۆزەخەو چی بەسەر بوونەوەرەكاندا دێت و چی بووەو چی دەبێت و ئەوەی دەبێت چۆن دەبێت و ئەوەی نابێت بۆ نابێت .
2. باوەڕبوون بەوەی خوای گەورە بڕو ڕادەی هەموو شتەكانی لە لەوحی مەحفوزدا نووسیوە پێش ئەوەی شتەكان دروست بكات وەك فەرموویەتی : [وَعِنْدَهُ مَفَاتِحُ الْغَيْبِ لَا يَعْلَمُهَا إِلَّا هُوَ وَيَعْلَمُ مَا فِي الْبَرِّ وَالْبَحْرِ وَمَا تَسْقُطُ مِنْ وَرَقَةٍ إِلَّا يَعْلَمُهَا] (حدید/22) وە هەروەها پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم فەرمویەتی ((كَتَبَ اللَّهُ مَقَادِيرَ الْخَلاَئِقِ قَبْلَ أَنْ يَخْلُقَ السَّمَوَاتِ وَالأَرْضَ بِخَمْسِينَ أَلْفَ سَنَةٍ)) (مسلم/6919) بەڵام لەم پرسەدا خەڵكانێك بە هەڵەدا چوون و ئەم نووسینە بە سەپاندن (اجبار) تێگەیشتوون بۆیە پێویستە ئەوە بزانرێت كە ئەم نووسینە پەیوەستە بە زانستە تەواو و ڕەهاكەی خوای گەورەوە واتە خوای گەورە دەزانێت كە فڵانە كەس لە فڵانە ڕۆژدا ئەوكارە ئەنجام دەدات و خوای گەورە ئەمەی نووسیوە لە لەوحی مەحفوزدا و ئەمە بە مانای ئەوە نایەت خوای گەورە ئەم كەسەی ئیجبار كردبێت كە لەو ڕۆژەدا ئەوكارە ئەنجام بدات بۆنموونە گەر ئەوكارە (دزی) بێت ئەوا خوای گەورە نوسیوویەتی كە لەو كاتەدا ئەم كەسە ئەو دزییە ئەنجام دەدات بەڵام خوای گەورە نەی سەپاندووە بەسەریدا كە هەردەبێت ئەو دزییەبكات و بەڵكو خوای گەورە لە ڕێگەی قورئان و شەریعەتەكەیەوەئەوەی ڕوونكردۆتەوە كە دزیی كردن حەرامەو سزای دەست بڕینی بۆ كەسی دز داناوەو لەولاشەوە ئەقڵی بەم كەسە بەخشیوە كە بە هۆیەوە دەتوانێت كارە چاكەكان لەخراپەكان جیابكاتەوە و خۆی لە مەترسییەكان بپارێزێت سەرباری ئەمانەش دەبینین ئەم كەسە خۆی هەڵدەستێ بە دانانی بەرنامە و پلان بۆ دزییەكەی و دەستدەكات بە چاودێریی كردن و هەڵبژاردنی كاتی باش بۆ دزییەكەی بۆیە نابێت ئەم كەسە بیانوو بۆ دزییەكەی بەوە بهێنێتەوە كە لەسەری نووسراوە .
3. باوەڕبوون بە ویستی (مشیئة)خوای گەورە كە هیچ شتێك لەگەردووندا ڕوونادات بەبێ ویستی ئەو وە هەموو ویست و خواستەكان شوێنكەوتەو وابەستەی ویستی خوای گەورەن واتە ئەوەی خوای گەورە بیەوێت دەبێت وئەوەشی خوای گەورە نەیەوێت نابێت وەك خوای گەورە فەرموویەتی : [لِمَنْ شَاءَ مِنْكُمْ أَنْ يَسْتَقِيمَ (28) وَمَا تَشَاءُونَ إِلَّا أَنْ يَشَاءَ اللَّهُ رَبُّ الْعَالَمِينَ] (التكویر / 28-29) دەبینین خوای گەورە لەم ئایەتەدادوو ویست و مەشیئەت باس دەكات كە یەكەمیان مەشیئەتێكە بۆ بەندەكانی جێگیری(اثبات) دەكات [لِمَنْ شَاءَ مِنْكُمْ أَنْ يَسْتَقِيمَ] وە لە هەمان كاتدا ئەم مەشیئەتە لە چوار چێوەی مەشیئەتێكی گەورەتردایە كە مەشیئەتی خوای گەورەیە [وَمَا تَشَاءُونَ إِلَّا أَنْ يَشَاءَ اللَّهُ رَبُّ الْعَالَمِينَ] لێرەشدا پێویستە بزانین كە ویست و مەشیئەتی خوای گەورە دەبێتە دوو بەشەوە ,
یەكەم :ویستی گەردوونی (مشیئة كونیة ) , دووەم :ویستی شەرعی ( مشیئة شرعیة )
جیاوازی نێوان ئەم دوو ویستەش ئەوەیە كە هەموو ئەوەی خوای گەورە دروستی كردووەو بەدی هێناوە دەكەوێتە ژێر ویستی گەردوونییەوە بەوەی پێًی ڕازییە وەك باوەڕ و یەكتاپەرستیی و بەوەشەوە كە پێی ڕازیی نییە وەك كوفرو هاوەڵ بۆ خوا دانان بەڵام لە ژێر ویستی شەرعیی خوای گەورەدا تەنها جێگەی ئەوانە دەبێتەوە كە پێی خۆشەو پێی ڕازییەو بە دینی داناوە وە خوای گەورە لێپرسینەوە لەسەر ئەو قەدەرانە ناكات كە خۆی ویستوویەتی و لەسنوری توانای مرۆڤەكاندا نییە بۆ نموونە لەسەر ئەوەی من كوردم و ئەوی تر عەرەبە یان باڵام كورتە یان درێژە یان پێستم سپییە یان ڕەشە لێپرسینەوەم لێ ناكرێت بەڵام لێپرسینەوە لەو كارانەدەكرێت كە لە ژێر تواناو ویستی كەسەكان خۆیاندان هەروەك پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم فەرموویەتی : ((إِنَّ اللَّهَ لاَ يَنْظُرُ إِلَى صُوَرِكُمْ وَأَمْوَالِكُمْ وَلَكِنْ يَنْظُرُ إِلَى قُلُوبِكُمْ وَأَعْمَالِكُمْ)) (مسلم/6708) واتە خوای گەورە تەماشای شێوەو ماڵ و سامانەكانتان ناكات بەڵكو تەماشای دڵەكانتان (كەجێگەی نییەت و پەرستشەكانی وەك ترس و ئومێدە)و كارو كردەوكانتان دەكات " .
4. باوەڕبوون بە دروست كردن و بەدیهێنان بە شێوەیەك كە هەمووبوونەوەرێك لە گیاندارو بێ گیانەكان ئەو دروستیی كردوون ولە ناویشیاندا مرۆڤی دروست كردووەو هەروەها سیفات و كردەوەكانی مرۆڤیش بەهەمان شێوە دروست كراوی خوای گەورەن ,وەك فەرموویەتی :[وَخَلَقَ كُلَّ شَيْءٍ فَقَدَّرَهُ تَقْدِيرًا] (الفرقان /2)
دوای زانینی ئەمانە دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە مرۆڤ لای ئەهلی سوننە موخەییەرە بەو مانایەی خوای گەورە ئەقڵ وتوانای داوەتێ بۆ ئەوەی چاك وخراپی پێ لەیەك جیابكاتەوەو ئەو دوانەشی كردۆتە هۆكاری تەكلیف كردنی بۆ بەندایەتی كردنی خوا و ئەوەی ئەقڵ وتوانای نەبێت خوای گەورە لێپرسینەوەی لێ ناكات وەك لە فەرموودەدا هاتووە : ((رُفِعَ الْقَلَمُ عَنْ ثَلاَثَةٍ عَنِ النَّائِمِ حَتَّى يَسْتَيْقِظَ وَعَنِ الْمُبْتَلَى حَتَّى يَبْرَأَ وَعَنِ الصَّبِىِّ حَتَّى يَكْبَرَ)) (سنن ابی داود / 4400صححە الالبانی ) وەخوای گەورە فەرموویەتی : [وَقُلِ اعْمَلُوا فَسَيَرَى اللَّهُ عَمَلَكُمْ وَرَسُولُهُ](التوبە/105) ئەوەتا خوای گەورە فەرمان دەكات كە كارو كردەوە ئەنجام بدەن , هەروەها كارو كردەوەكان هۆكاری چونە بەهەشتن وەك فەرموویەتی : [ادْخُلُوا الْجَنَّةَ بِمَا كُنْتُمْ تَعْمَلُونَ] (النحل/32)وە هۆكاری چونە دۆزەخیشن [فَذُوقُوا الْعَذَابَ بِمَا كُنْتُمْ تَكْسِبُونَ](الاعراف/39) وە ئەوەش بەسەر مرۆڤدا دێت هەمووی بە پێی ئەو قەدەرەیە كە خوای گەورە بۆی دیاری كردووەو بۆی نووسیوە و ناتوانێت لەو ویستەی خوای گەورە دەربچێت بەڵام بە بێ ئەوەی سەپاندبێتی بەسەریدا و مرۆڤیش نازانێت چی لەسەر نووسراوە بۆیە پێویستە لەسەری ڕێگەی باش بگرێتە بەر و هەڵ و كۆشش بكات بۆ ئەوەی بەهەشت و ڕەزابوونی خوا بەدەست بهێنێت و تەنها پشت بەوە نەبەستێت كە بۆی نووسراوە چونكە وەك وتمان نازانێت چی بۆ نووسراوە هەروەك لەو فەرموودەیەداهاتووە كە پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم بە هاوەڵانی فەرموو ((مَا مِنْكُمْ مِنْ أَحَدٍ إِلَّا وَقَدْ كُتِبَ مَقْعَدُهُ مِنْ الْجَنَّةِ وَمَقْعَدُهُ مِنْ النَّارِ)) (البخاری/4949) واتە" كەس لە ئێوەنییە ئیللا شوێنی لە بەهەشت یان شوێنی لە ئاگردا نوسراوە " ئەوانیش وتیان (أَفَلَا نَتَّكِلُ عَلَى كِتَابِنَا وَنَدَعُ الْعَمَلَ) ئایا پشت بەو نووسراوە نەبەستین و دەست لە كردەوە هەڵگرین ؟ ئەویش فەرمووی صلى الله علیه وسلم ((اعْمَلُوا فَكُلٌّ مُيَسَّرٌ لِمَا خُلِقَ لَهُ)) واتە كردەوە بكەن چونكە هەمووان ئەوەیان بۆ ئاسان كراوە كە بۆی دروستكراون دواتر ئەو ئایەتەی خوێندەوە [فَأَمَّا مَنْ أَعْطَى وَاتَّقَى (5) وَصَدَّقَ بِالْحُسْنَى (6) فَسَنُيَسِّرُهُ لِلْيُسْرَى (7) وَأَمَّا مَنْ بَخِلَ وَاسْتَغْنَى (8) وَكَذَّبَ بِالْحُسْنَى (9) فَسَنُيَسِّرُهُ لِلْعُسْرَى] (اللیل/ 5-10) واتە ئەوەی ماڵی بەخشی و خۆی لە خراپە پاراست وباوەڕی بە یەكتاپەرستیی خواو ئەوەی لێی دەكەوێتەوە هەبوو ئەوا ئێمەش ڕێگەی چاكەی بۆ ئاسان دەكەین و ڕێنموونی دەكەین بۆ ئەوەی بگاتە بەهەشت , بەڵام ئەوەی بە پێچەوانەوە ماڵی نەبەخشی و دەربەستی سزای خوای گەورە نەهات و گوێی پێ نەدا و یەكتاپەرستیی و ئەوەی لێی دەكەوێتەوە بە درۆزانى ئەوا ئێمەش ئەو هۆكارانەی بۆ ئاسان دەكەین كە بەرەو تەنگانەو لە ناوچوونی دەبات .