ماڵپەری بەهەشت

بەشە سەرەکیەکان
پرسیار و وەڵامی شەرعی
ئاماری ماڵپەڕ




ڕێکلام
فەرموودە زۆرەكانی ئەبو هورەیرە ـ رضي الله عنه و گومانێكی بێبنەما

هەرلە كۆنەوە دوژمنانی ئیسلام هەوڵیان داوە بەهەر شێوە وشێوازێك بێت ئیسلام ناشرین و لەكەدار بكەن..
یەكێك لەو هەوڵانەش گومان دروست كردنە لەسەر سوننەتی پێغەمبەری خوا ـ صلى الله عليه و سلم ـوبۆئەم مەبەستەش ڕێگەی جیاوازیان گرتۆتە بەرو یەكێك لەو ڕێگەیانەش كە هەر لە كۆنەوە هەبووەو زۆرێك لە دوژمنانی ئیسلام لەم دوایانەدا لە ژێر ناوی ڕۆژهەڵاتناسیدا برەویان پێداوە بریتییە لە تانەدان (طعن) لە هاوەڵانی بەڕێزی پێغەمبەری خواـ صلى الله عليه و سلم ـبەتایبەتیش گێڕەرەوەكان (رواة) وئەمەش بەمەبەست بووەو بۆ كوێركردنەوەو سڕینەوەی ئەو ڕێگایانە یە كە دەگەنەوە بە پێغەمبەری خوا ـ صلى الله عليه و سلم ـ ودواتریش دابڕینی موسولمَانان لە سوننەت وسەرچاوەكەی، ئەمەش بۆ ئەوان زۆر ئاسانترە لە تانەدانیان ڕاستەوخۆ لە پێغەمبەری خواـ صلى الله عليه و سلم ـ كە دەزانن لای موسوڵمانان بە هیچ شێوەیەك جێگەی قبووڵ نییە وبەم شیوەیەش ئامانجەكەی خۆیان دەپێكن كە تانەدانە لە ئیسلام، وەئەم ڕێگایەش بەداخەوە تا ڕادەیەك سەر كەوتوو بووە بۆ ئەوان چونكە ئەوەتا دەبینین ڕۆڵەی موسوڵمان كەوتۆتە ژێر ئەو كاریگەرییەوە وبە داخەوە هەندێك لەوانەش كە خۆیان بە (ڕۆشنبیر) و(بیرمەند) ی ئیسلامی دەدەنە قەڵەم ئەم كاریگەرییە زیاتر دەكەن چونكە ئەوان وەك (بەبەغا) بە زانین بێت یان نەزانین زۆرێك لەوگومانانە دوبارە دەكەنەوە بۆیە پێویستە موسوڵمان زۆر وریا بێت و وەك دەڵێن هەموو زەردێك بە ئاڵتوون نەزانێت.
یەكێك لەوهاوەڵە بەڕێزانە كە بەر لێشاوی تانەی ناحەزان وكینە لە دڵان كەوتووە (ئەبو هورەیرە) یەـ رضي الله عنه ـ،ئەم هاوەڵە بەڕێزە ناوی ــ بەپێی زۆرێك لە سەرچاوەكان ــ عەبدولڕەحمانی كوڕی صەخرە ولە هۆزی (دەوس) ە، ئەوهۆزەی كە سەرگەورەكەیان ناوی (توفەیل كوڕی عەمری دەوسیی) ە، كە لەسەردەمی مەككەدا چووە خزمەتی پێغەمبەری خواـ صلى الله عليه و سلم ـ وموسوڵمان بوو، كە گەڕایەوە بانگی قەومەكەی كرد بۆ ئیسلام وئەبوهورەیرەش یەكێك بوو لەوانەی وەڵامی بانگەوازەكەی دایەوە و موسوڵمان بوو ــ ئەمەش ئیبن وحەجەر لە(الاصابة) دا تەرجیحی داوە ــ مێژوونوسان لەسەر ئەوە كۆكن كە لە ساڵی (7) ی كۆچییدا هاتۆتە مەدینە و بەشداری فەتحی خەیبەری كردووە كاتێك گەیشتۆتە مەدینە كۆیلەیەكی خۆی لە گەڵدا بووە لە خۆشیاندا ئازادی كردووە (فتح الباري 11/224).
ئەمەش ئەوە دەر دەخات كە كەسێكی هەژار نەبووە بەڵكو دەوڵەمەند بووە بەڵام دەستی لە ماڵ و سامان هەڵگرتووە و شار و شوێنی خۆی بەجێهێشتووەو بە هۆی كۆچ كردنەوە هەژار كەوتووە هەروەك زۆرێك لە كۆچەرانی دیكە لە ئەهلی (صفة) كە خوای گەورە لەبارەیانەوە فەرموویەتی: [ لِلْفُقَرَاءِ الْمُهَاجِرِينَ الَّذِينَ أُخْرِجُوا مِنْ دِيَارِهِمْ وَأَمْوَالِهِمْ يَبْتَغُونَ فَضْلًا مِنَ اللَّهِ وَرِضْوَانًا وَيَنْصُرُونَ اللَّهَ وَرَسُولَهُ أُولَئِكَ هُمُ الصَّادِقُونَ ] (الحشر / 8)
بەڵێ، بەم شێوەیە ئەبوو هورەیرە ـ رضي الله عنه ـ كە گەنجێك بوو لە سییەكانی تەمەنیدا كۆچی كردلەپێناو دینەكەیداو لەو ڕۆژەی گەیشتە پێغەمبەری خوا ـ صلى الله عليه و سلم ـ بەیعەتی پێداوە و لە گەڵیدابووە و لێی جیا نەبۆتەوە ولەشارو لە گەشتەكانیدا ولەگەڵیدا بەسەر ماڵی خێزانەكانیدا گەڕاوە وخزمەتی كردووە و لەبەر ئەمەش یەكێكە لە زاناترین كەسەكان بە ژیان وگوزەرانی پێغەمبەری خواـ صلى الله عليه و سلم ـ و بەبارو دۆخە تایبەتی و گشتییەكانی و ئەو گومانەش كە لێی دەكرێت و دەڵێن فەرموودەی زۆری گێڕاوەتەوە بە پشتیوانی خوا لە چەند خاڵێكدا وەڵامیان دەدەینەوە:
[1ــ هەر ئەبوهورەیرە نییە كە فەرموودەی زۆری گێرِاوەتەوە....]
جگە لە ئەبوهورەیرە ـ رضي الله عنه ـ چەند هاوەڵێكی دیكەش هەن كە بە هەمان شێوە فەرموودەیان زۆر گێڕاوەتەوە لەوانەش (دایكە عائیشە و ئیبن وعومەر و ئەنەسی كوڕی مالیك و ئەبوو سەعیدی خودری و جابری كوڕی عەبدوڵڵا و ئیبن عەبباس) ڕەزای خوای گەورەیان لێبێت،وە زۆر جار یەكێك لەم هاوەڵانە كە فەرموودەیەكیان گێڕاوەتەوە ئەوانی تریش هەمان فەرموودەیان گێڕاوەتەوە، ئەمەش هۆكاری خۆی هەیە وتەنها زۆریی كاتی پێكەوە بونیان لە گەڵ پێغەمبەرداـ صلى الله عليه و سلم ـ هۆكار نییە بۆ ئەو فەرموودە زۆرانە بەڵكو درێژیی تەمەنیان و مانەوەیان بۆ ماوەیەكی زۆر لەدوای پێغەمبەر ـ صلى الله عليه و سلم ـ لە نێو هاوەڵان وتابعیندا ودانیشتنیان بۆگێڕانەوە و وتنەوەی فەرموودە و بوونی قوتابی هۆكارگەلێكی زۆر بە هێزن بۆئەو ناوبانگە، ئەمە لە كاتێكدا پێویستە ئەوە بزانین كە گێڕانەوەو وتنەوەی شتێك جیایە لە زانستی ئەو شتە بۆیە زۆر لە هاوەڵان هەبوون لە ئەبو هورەیرە زاناتربوون وەك چوار خەلیفەكە و گەورەكانی كۆچەران وپشتیوانان بەڵام ئەوان خۆیان یەكلا نەكردبووەوە بۆ بڵاوكردنەوەی زانست و گێڕانەوەی فەرموودە وەك ئەبو هورەیرە، وە هەروەهائەبو هورەیرە ساڵی (58)ی كۆچیی وەفاتی كردووە و ئەمەش مانای وایە نیوە سەدەیەك(50ساڵ) دوای وەفاتی پێغەمبەر ـ صلى الله عليه و سلم ـ ژیاوە و ئەم ماوەیەش فەرموودەی گێڕاوەتەوەو ژیانی خۆی بۆ تەرخانكردووە.وە هۆكارێكی تر ئەوەیە قوتابییەكی زۆری هەبووە كە فەرموودەیان لێ گێڕاوەتەوە ژمارەیان گەیشتۆتە (800) كەس لە هاوەڵان و تابعین و ئەم ژمارەیەش بۆخۆی بەسە بۆ بەربڵاوی فەرموودەكانی.
[2ــ ژمارەی فەرموودەكانی ئەبو هورەیرە ـ رضي الله عنه ـ.]
زۆرجار دەبیستین گومان لە زۆری ژمارەی ئەو فەرموودانە دەكرێت كە گێڕاونەتییەوە بەڵام دەبێت ئەوە بزانین ئەو شەش هاوەڵەی دیكەش كە پێشتر ناویانمان هێنا فەرموودەی هەر یەكەیان لە (1000) زیاترە و ژمارەی فەرموودەكانی ئەبوو هورەیرە وەك لە هەندێ سەرچاوەدا هاتووە لەدەوروبەری (1000) دایە، بەڵام بە شێوەیەكی سەربەخۆ (دكتور محمد ضياءالرحمن الاعظمي) لە كتێبی (ابو هريرة في ضوء مروياته) دەڵێت: ژمارەی فەرموودەكانی لە شەش كتێبە صەحیحەكەدا دەگاتە (1336) فەرموودە، لەوانەش لە هەردووصەحیحی بوخاری و موسلیمدا دەگاتە (609) فەرموودە،ئەمەش ئەوەدەردەخات كە ئەو ژمارەی باسی دەكەن مەرج نییە ئەوەندە بێت، وڕەنگە هەندێك لەوانە لاوازبن یان هەڵەی گێڕەرەوەكان بن یان درۆبن و بەدەم ئەمەوە كرابن كە ئەوانەش زانایانی فەرموودەناس هەموویان شەنوكەو كردووەو ڕاست و ناڕاستیان لەیەك جیا كردۆتەوە و لە گەڵ ئەوەشدا هەر فەرموودەیەك ڕاست بكرێتەوە ئێمەی ئەهلی سوننەو جەماعە وەری دەگرین وبێ دودڵی كاری پێ دەكەین ئەگەر ئەو فەرموودەیە ژمارەی فەرموودەكانی ئەبووهورەیرە بگەیەنێتە (5000) یش،چونكە دڵنیاین لە سەر ڕاستیی ئەو هاوەڵە خۆشەویستە، هەروەك ئیمامی زە هەبی فەرموویەتی: ئەبوهورەیرە بیر پتەوو بووە نەمان بینیوە هەڵە بكات لە فەرموودەدا ــ سیر اعلام النبلأ 198/4ــ وەهەروەها ئیبن وعومەرـ رضي الله عنه ـ فەرموویەتی: ئەی ئەبوو هورەیرە تۆ لە ئێمە زیاترلە گەڵً پێغەمبەری خوادا ـ صلى الله عليه و سلم ـ بوویت و زاناترینمانی بە فەرموودەكانی. ترمذی 3836 وحسنە.وەهەروەها بە ڵگەیەكی تر لەسەر ڕاستگۆیی ئەوەیە هیچ فەرموودەیەكی صەحیحی لێ نەگێڕراوەتەوە ئیللا هاوەڵی دیكەش هەیە ئەو فەرموودەی گێڕاوەتەوە، وەبە دەگمەن دەبینی فەرموودەیەكی گێڕابێتەوەو (شاهيد) ی دیكەی نەبێت.
[3ــ هەژماركردنی كاتی هاوەڵێتی (صحبة) بۆ پێغەمبەری خواـ صلى الله عليه و سلم ـ.]
ماوەی هاوەڵێتی ئەبوهورەیرە لە فەتحی خەیبەرەوە دەست پێ دەكات كە لەساڵی (7) ی كۆچیدابوو تا وەفاتی پێغەمبەر لەساڵی(11)ی كۆچیدا كە ئەمەش دەكاتە(4) ساڵ و بگرە كەمێكیش،و هەركەسێك لەمەكەمتر بڵێت ئەوا یان هەڵەی كردووە لە ژماردندا یان خیانەتی كردووە لە گەیاندندا، وەئەم ماوەیەش كەم نییە بۆكەسێك كەوەك سێبەر لە پێغەمبەری خوا جیانەبۆتەوە وهەمیشە لە گەڵیدا بووە چونكە ئەگەر وا دابنێین ڕۆژی یەك فەرموودەی وەرگرتبێت ئەوا (4)ساڵ دەكاتە (1460) فەرموودە،وەئەگەر ڕۆژی (14) كاتژمێری لەگەڵ پێغەمبەر ـ صلى الله عليه و سلم ـژیابێت ئەوا ماوەی چوار ساڵ دەكاتە (20،440) كاتژمێر كە دەكاتە زیاتر لە كاتەكانی خوێندنی قوتابییەك لە سەرەتاییەوە تا بەدەست هێنانی بڕوانامەی دكتۆرالە هەر بوارێكدا لەم وڵاتانەی خۆماندا، وەئەگەر بەشێوەیەكی تر هەژماری بكەین ئەوا دەبینین لەو ماوەیەدا هەر ڕۆژەی (5)جار نۆێژی لە گەڵدا كردووە كە مانگێك دەكاتە (150) جار وساڵێك (5200)نۆێژ ئەمە جگە لە وتاری هەینییەكان ووتارەكانی دیكەی لە بۆنەو ڕووداوە جیاوازەكان. وەزیاد لەمەش ئەوە سەلمێنراوە كە پرسیاری لە هاوەڵانی تریش كردووە كە پێش ئەو كۆچیان كردووەو هەواڵًی غەزاكان وزانیاریی دیكەشی وەرگرتووە و لەبەری كردووە.
[4 ــ گێرِانەوەی ئەو ژمارە فەرموودە جێگەی سەرسورِمان نییە.]
بۆكەسێك كە چاو كراوەبێت و كەمێك لەژیانی زانایان شارەزابێت یان شتێكی كەمی لەبارەیانەوە بیستبێت ئەوا دەزانێت میژووی ئیسلام ــ لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێزوخۆشەویستیی بۆ ئەبوهورەیرە ــ كەڵە پیاوی وای تیادا هەڵكەوتووە كە نموونەیان پی دەهێنرێتەوە (يضرب بهم المثل) نموونەی ئیمامی شافیعی كە ئاشكرایە (موطأ) ی مالیكی لەبەر بووە، وئیمامی ئەحمەد بە دەیان هەزار فەرموودەی لەبەر بووە، ئیمامی بوخاری هەروەها،ئەمانە ئەوانەن كەزۆربەی موسوڵمانان دەیانناسن ولاپەڕەكانی مێژووجیگەی دەیان نموونەی وای تێدا بۆتەوە،نەك هەر ئەمە بە ڵكو لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا گەنجی وا هەیە بەخاریی و موسلیمی لەبەرە بە (سەنەدو مەتنەوە) وەك ئەوەی قورئانی لەبەرە، وەموسوڵمان هەیە لەم ڕۆژگارەدا چەند هەزار بەیتی شیعری جاهیلی لەبەرە، ئەگەر تەماشای هەندێك لەو پێشبڕكێیانە بكەیت كە لە هەندێك لە ڕاگەیاندنەكانەوە پێشكەش دەكرێت دەبینیت ڕۆڵەی تازە پێگەیشتووانی موسوڵمان چی لەبەرەوچی پێشكەش دەكات، ئەوجا دەبینیت بۆ گەنجێكی وەك ئەبوهورەیرە لە سییەكانی تەمەنیدا بێتە خزمەتی پێغەمبەری خواـ صلى الله عليه و سلم ـ ولێی جیانەبێتەوە تا وەفاتی وپێغەمبەرـ صلى الله عليه و سلم ـدوعای بۆ كردبێت كە علمی لەبیر نەچێتەوە و دوای ئەویش پەنجاساڵ بژێت و خۆی یەكلابكاتەوە بۆ گێڕانەوەی فەرموودە نەك هەر ئاستەم نییە بە ڵكو زۆر ئاساییە لەوەش زۆرتربگێڕێتەوە.

www.ba8.org

بینێرە بۆ هاوڕێکەت
چاپکردن
ستایڵ
  • قەبارەی فۆنت
    • گەورەکردن:
    • zoomin
    • بچوک کردنەوە:
    • zoomout
  • جۆری فۆنت
    • ههەڵبژاردن:
  • ڕەنگی فۆنت
    • هەڵبژاردن:
  • بنەڕەتی کردنەوە
    • بنەرەتی
ڕێکلام