چۆنێتى عقیقه‌ (گوێزه‌بانه‌) كردن بۆمنداڵ
بەروار: 2017/04/22سەردارن: 4386نوسەر: م.هەڵگورد مصطفی گەڵاڵەیی

پێشەكى
الحمدلله رب العالمين، والصلاة والسلام على نبينا محمد وآله وصحبه ومن تبعهم بإحسان إلى يوم الدين، وبعد.
بەڕێزان بە پشتیوانى خواى گەورە لەم چەند لاپەڕەیە دا باس لە چۆنیەتى عەقیقه (گوێزەبانە) كردن دەكەین بۆ منداڵ، عەقیقە بریتى یە لەو عیبادەتەى كە پێغەمبەرى خوا صلى الله عليه وسلم هانى موسوڵمانانى داوە بە ئەنجام دانى لە كاتى لە دایك بوونى منداڵیان، إن شاء الله بە كورتى باس لە مانا و حوكم و چۆنیەتى ئەم عیبادەتە دەكەین، زۆر بە داخەوە زۆرێك لە موسوڵمانان بێ ئاگان لەم عیبادەتە، كاتێك خواى گەورە منداڵیان پێ دەبەخشێت، لەبەرامبەر ئەم نیعمەتەدا ئامادە نییە عەقیقە (گوێزەبانە، مەڕە منداڵە) بۆ منداڵەكەى بكات لە پێناو خواى گەورە، بەڵكو هەر نازانێت عەقیقە چیشە، داواكارم لە خواى گەورە ئەم نوسراوە بكات بە ووریا كەرەوەو فێربوونى موسوڵمانان لەم عیبادەتەدا.
ماناى ووشەى (العقیقة) 
ووشەى (العقیقة): لە زمانى عەرەبیدا لە ووشەى (العَقُّ) وەرگیراوە كە بە ماناى پچڕان دێت، ئەم ووشەیە لە زمانى عەرەبیدا بەم مووانە دەوترێت كە بە سەرى منداڵ وەیە لە كاتى لە دایك بوون دا، ئینجا لە ڕۆژى حەوتەم دەپچڕێنرێت و دەتراشرێت.
وە لە ڕووى شەرعەوە، ووشەى (العقیقة) بەو ئاژەڵە دەوترێت كەلە ڕۆژى حەوتەمى لە دایك بوونى منداڵدا سەر دەبڕدرێت. الفقه الميسر في ضوء الكتاب والسنة: 196.
حوكمى عەقیقە كردن 
هەندێك لە زانایان ئەم عیبادەتەیان بە واجب داناوە بە بەڵگەى چەند فەرموودەیەكى صحیح، بۆ نموونە عائیشە دایكى باوەڕداران فەرموویەتى: (أَمَرَنَا رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ أَنْ نَعُقَّ عَنْ الْغُلَامِ شَاتَيْنِ وَعَنْ الْجَاڕيَةِ شَاةً) صحيح الارواء 1166. واتە: پێغەمبەرى خوا صلى الله عليه وسلم فرمانى بە ئێمە كرد كە بۆ منداڵى كوڕ دوو مەڕ بكەین بە عەقیقە وە بۆ كچ یەك دانه.
وە لە فەرموودەیەكى تردا فەرموویەتى: ((كُلُّ غُلَامٍ مُرْتَهَنٌ بِعَقِيقَتِهِ)) صحيح الارواء: 1165. واتە: هەموو منداڵێك بارمتەو بەندە بە عەقیقەكەیەوە واتە بەستراو و پەیوەستە بە ئەنجام دانی عەقیقە بۆی كە كرا ئازاد دەبێت.
هەندێك لە زانایان دەڵێن واتە: منداڵ ئەگەر عەقیقەى بۆ نەكرێت و پاشان بمرێت، ئەوا ئەم منداڵە لە ڕۆژى دواییدا شەفاعەت بۆ دایك و باوكى ناكات بۆ چوونە بەهەشت 
وە هەندێك لە زانایان دەڵێن منداڵ ئەگەر عەقیقەى بۆ نەكرێت ناپارێزرێت لە بەلاَو ناخۆشى. 
وە هەندێك زانای تر ئەم عیبادەتەیان بە سونەتى موئەكەدە داناوە، واتە پێغەمبەرى خوا صلى الله عليه وسلم لەسەر ئەم عیبادەتە بەردەوام بووەو وازى لێ نەهێناوە، بۆیە پێویستە موسوڵمانانیش ئەوانەى تواناى عەقیقەكردنیان هەیە شوێن پێغەمبەرى خوا صلى الله عليه وسلم بكەون و ئەم عیبادەتە ئەنجام بدەن و ڕەزیل و دەست گیراو نەبن لە خێرو چاكەكردندا، بەڕاستى ئەو ماڵەى سوودى بۆ مرۆڤ هەیە بریتى یە لەوەى كە لەبەر خاترى خواى گەورە سەرف دەكرێت و بۆى دەبێت بە توێشوێك بۆ ڕۆژى دوایى، جا بۆیە موسوڵمانان نابێت كەم تەرخەم بن لەم عیبادەتە دا بە گومانى ئەوەى هەندێك لە زانایان بە سونەتیان داناوە.
حیكمەت و سوودەكانى عەقیقەكردن 
1- سوپاس كردنى خواى گەورە لەسەر ئەو نیعمەتەى كە بە مرۆڤ دەبەخشێت، بەڕاستى منداڵ نیعمەتێكە لە نیعمەتەكانى دونیا، مرۆڤ دڵى پىَ خۆش دەبێت، هەر بۆیەشە بۆ كوڕ دەبێت دوو مەڕ یان دوو بزن سەر ببڕدرێت بەلاَم بۆ كچ تەنها یەكیان سەر دەبڕدرێت، چونكە خەڵكى زیاتر خۆشحاڵ ترن بە كوڕ، ئەگەر چى لە ئیسلام دا شەرت تەقواو لە خوا ترسانە.
2- پاراستنى منداڵ لە شەیتان و بەڵاو ناخۆشى، هەر وەكو چۆن خواى گەورە ئیسماعیلى كوڕى پێغەمبەر ابراهیمى پاراست لەسەر بڕینى و كردن بەقوربانی بە سەربڕینى ئاژەڵێك لە جیاتى.
3- ئاشنابوون و زانینى خەڵك بە لە دایك بوونى منداڵەكەو ناوزانین و دوعا بۆ كردنی.
4- كۆبوونەوەى فەقیرو دۆست و دراوسىَ بە یەكەوە لەكاتى خواردنى گۆشتى عەقیقەكە. أحكام العقیقة : 9.
ژمارە و چۆنیەتى ئەو ئاژەڵەى دەكرێت بە عەقیقە 
ئەو ئاژەڵەى دەكرێت بە عەقیقە بریتى یە لە (بزن) یان (مەڕ)، بزن دەبێت ساڵێكى تەواو كردبێت چووبێتە ناو دوو ساڵیەوە، وە مەڕ دەبێت شەش مانگ یان ساڵێكى تەواو كردبێت، بۆ منداڵى كوڕ دەبێت دوو دانە لە بزن یان لە مەڕ بكڕێت بە عەقیقە، بەلاَم بۆ كچ تەنها یەك دانە دەكرێت بە عەقیقە، بەلاَم ئەگەر كەسێك تەنها تواناى كڕینى یەك دانەى هەبوو بۆ كوڕەكەى ئەوە دروستە، بەلاَم ئەگەر تواناى دوانى هەبێت ئەوە دەبێت دوان بێت. الشرح الممتع: 492/7.
وە ئەو مەڕو بزنەى دەكرێت بە عەقیقە دەبێت بێ عەیب بن وەكو ئەو مەڕو بزنەى دەكرێن بە قوربانى، وە هەندێك لە زانایان بە دروستیان دانەوە ووشتر یان مانگا بكرێت بە عەقیقە بە مەرجێك مانگا دەبێت دوو ساڵى تەواو كردبێت، وە ووشتر دەبێت پێنج ساڵى تەواو كردبێت، بەلاَم باشتر وایە مەڕ یان بزن بكرێت بە عەقیقە، چونكە تەنها باسى بزن و مەڕ كراوە لە فەرموودە صەحیحەكان، وە دروستە مرۆڤ گۆشتى عەقیقە بكات بە سێ بەشەوە، بەشێكى لێ بخوات، وە بەشێكى بكاتە خێر، وە بەشێكى بكات بە هەدیە، وە باشتر وایە گۆشتەكە بەلێندراوى بدات بە خەڵك و دەعوەتیان بكات، بەلاَم ئەگەر نەگونجا دروستە بە خاوى دابەش بكرێت بەسەر دۆست و دراوسىَ و فەقیران. فتاوى اللجنة الدائمة: 10/457، و 11/442..
وە دروست نیە لە جیاتى حەیوان كڕین و سەربڕین، بە كیلۆ گۆشت لە لاى قەساب بكڕدرێت بۆ مەبەستى عەقیقە.. فتاوى الشبكة الاسلامية:13/015896.
وە دروست نیە لە جیاتى حەیوان سەر بڕین بۆ عەقیقە، پارە بكرێت بە خێر. فتاوى اللجنة الدائمة: 10/465..
وە نابێت مریشك، یان كەڵەشێر، یان مراوى، وە غەیرى ئەوانەش لە پەلەوەر بكرێن بە عەقیقە. فتاوى اللجنة الدائمة: 10/462.
رِۆژى ئەنجام دانى عەقیقە 
سوننەت وایە لە ڕۆژى حەوتەم عەقیقە بكرێت، بۆ نموونە ئەگەر ڕۆژى سێ شەم منداڵەكە لە دایك بوو ئەوە لە حەفتەمین ڕۆژ عەقیقەكەى بۆ دەكرێت كە دەكاتە ڕۆژى دووشەم، وە ئەگەر لە ڕۆژى جومعە لە دایك بوو ئەوە لە ڕۆژى پێنج شەممە عەقیقەى بۆ دەكرێت، وە ئەگەر لە ڕۆژى حەفتەم نەكرا ئەنجام بدرێت، دروستە لە چواردەمین ڕۆژ بكرێت، وە ئەگەر لە چواردەمین ڕۆژ نەكرا دروستە لە بیست و یەكەمین ڕۆژ ئەنجام بدرێت، وە ئەگەر نەگونجا لە بیست و یەكەمین ڕۆژ ئەنجام بدرێت ئەوە دروستە لەهەر ڕۆژێكى تر بێت بە گوێرەى توانا، بەم شێوەیە زانایان ڕەحمەتى خوایان لىَ بێت فەرموویانە. مجموع فتاوى ورسائل العثيمين: 25/221.
تراشینى مووەكانى سەرى منداڵ 
ئەو عەقیقەیەى لە ڕۆژى حەفتەمى لە دایك بوونى منداڵدا ئەنجام دەدرێت، بریتى یە لەسەر بڕینى ئاژەڵ، وە سەر تراشینى منداڵ، وە ناولێنانى وە خەتەنەكردنى، وە دەم شیرن كردنی بە خورمای جوتراو.
شێخ محمد بن صالح العثیمین (ڕەحمەتى خواى گەورەى لێبێت) ووتوویەتى تراشینى مووەكانى سەرى منداڵ تایبەتە بە منداڵى كوڕ، منداڵى كچ سەرى ناتراشێت، بەلاَم ئەگەر پێویست بوو سەرى كچ بتاشرێت بۆ بەهێز بوون و زۆر بوونى پرچى درووستە سەرى بتراشرێت، وە لە دواى تراشینى سەرى منداڵ مووەكانى لەلاى زێڕینگر دەكێشرێت، بە ئەندازەى قورسى مووەكانى زیو دەكرێت بەخێر بۆ فەقیران، یان پارە بە ئەندازەى زیوەكە بكرێتە خێر. مجموع فتاوى ورسائل العثيمين: 25/244.
یان بە ئەندازەى زێڕ، كامیان لە توانا دا بوو دروستە إن شاء الله. فتاوى اللجنة الدائمة: 10/15.
ناونانى منداڵ بە ناوێكى باش و دروست 
ناونانى منداڵ دروستە چ لە سەرەتاى لە دایك بوونى بێت یان لە حەفتەم ڕۆژى بێت، وە واجبە لەسەر دایكان و باوكان ناوێكى باش و شەرعى لە منداڵەكانیان بنێن، نابێت ناوێك بیت لەگەڵ شەریعەتی ئیسلام نەگونجێت، یان نابێت ناوێك بێت ببێتە مایەی گاڵتە كردن پێی.
(خەتەنەكردنى) منداڵ (سونەتكردن) 
شێخ محمد بن صالح العثیمین (ڕەحمەتى خواى گەورەى لێبێت) ووتویەتى: خەتەنە كردنى منداڵى كوڕ واجبە، بەلاَم بۆ كچ سونەتەو واجب نیە، هۆكارى واجبیەتى سونەت كردنى كوڕ بۆ مەسڵەحەتى شەرعى و تەندروستی دەگەڕێتەوە، بۆ نموونە ئەو پارچە گۆشتەى كە لە سەرووى لەشى كوڕ هەیە ئەگەر نەبڕدرێت دەبێتە مایەى كۆبوونەوەو مانەوەى میز لەم شوێنەدا، كاتێك ئەم منداڵە گەورە دەبێت بە شێوەیەكی ناپاكانە نوێژەكەی دەكات،وە لە ڕووى تەندروستیشەوە 
مانەوەى ئەم میزو پیسایە لەناو ئەم پارچە گۆشتە دەبێتە مایەى تووش بوون بە ئیلتهاب و سووتانەوەى، بەلاَم مەبەست لە سوونەت كردنى كچ كەم كردنەوەى شەهوەتیەتى نەك لابردنى پیسایى بێت، بۆیە بۆ ئافرەت سونەتە واجب نیە. فتاوى أركان الاسلام للعثيمين:216.
وە سەبارەت بە ڕۆژى سونەت كردنى منداڵ شێخ ئەلبانی (ڕەحمەتى خواى گەورەى لێبێت) دەڵێت هەندێك لە زانایان بە سونەتیان داناوە ڕۆژى حەفتەم بكرێت، بە بەڵگەى دوو فەرموودە كە هەر یەك لەم دوو فەرموودەیە ئەوەى تریان بەهێز دەكات لە ێیحەتدا، ئەگینا هەر یەك لەم دوو فەرموودانە بە جیا لاوازن، وە هەر ڕۆژێكى تریش بێت دروستە إن شاءالله. تمام المنە: 68.
حوكمى بانگدان و قامەت كردن لە گوێى منداڵ 
بەڕێزان ئەم فەرموودانەى باسى بانگدان دەكات لە گوێچكەى ڕاستى منداڵ، وە قامەت كردن لە گوێچكەى چەپی، زاناى فەرموودە ناس شێخ ئەلبانى (رەحمەتی خوای گەورەی لێبێت) بە لاوازى داناون، بۆیە بانگ و قامەت لە گوێچكەى منداڵ نادرێت. سلسلة الأحاديث الضعيفة والموضوعة وأثرها السيئ في الأمة:1/492.
ئەوكەسەی بەمنداڵی عەقیقەی بۆ نەكراوە 
هەندێك لە زانایان بەسونەتیان داوە بۆ ئەو كەسانەی بەمنداڵی عەقیقەیان بۆ نەكراوە بۆخۆیان عەقیقە بكەن، بەلاَم هەندێكی تریان دەڵێن عەقیقە تەنها لەسەر باوكی منداڵەكەیە، منداڵەكە لەدوای گەورە بوونی لەسەری نیە. تحفة المودود بأحكام المولود:88، رسائل وفتاوى العلامة عبد الله بن عبد الرحمن أبي بطين:186، مجموع فتاوى ورسائل فضيلة الشيخ محمد بن صالح العثيمين:25 / 222.
5ى ذالحجةى 1435ه سۆران 29/9/2014
م.هەڵگورد مصطفی گەڵاڵەیی

بابەتەکانی تر