حوكمی سەیركردنی یاریەكانی تۆپی پێ
بەروار: 2014/06/12سەردارن: 2358نوسەر: وەڵام لە لایەن شێخ (ابن عثیمین )ەوە / وەرگێڕانی : ادریس محمود

الحمدلله وحده، والصلاة والسلام على من لا نبـي بعده، وبعد :
پێشەكی
لەبەرئەوەی گرنگیدان بە سەیركردنی یاریە بێسوودەكان بەتایبەتیش یاری تۆپی پێ‌ لە زیادبووندایە، و پارەی خەیاڵی تێدا بە فیڕۆ دەدرێت و شەڕی لەسەر دروست دەكرێت و خۆشەویستی و ڕق لێبوونەوەی لەسەر بونیاد دەنرێت، بۆیە پێمان خۆش بوو بۆ ڕوونكردنەوەی حوكمەكەی ئەم فەتوایەی زانای پایەبەرز ( ابن عثیمین ) ڕەحمەتی خوای لێبێت وەربگێڕینە سەر زمانی كوردی، خوا سبحانە بیكاتە مایەی سوود بۆ هەموو لایەك ، آمین .
دەقی فەتواكە
پرسیار : ئایا سەیركردنی یاری لە تەلەفزیۆندا دروستە ؟
وەڵام : سەیركردنی یاریەكان لە تەلەفزیۆنەوە من پرسیارت لێدەكەم سوودی چیە؟
پرسیاركەر خۆی : من و كەسێك جیاوازی كەوتە نێوانمان لەسەر ئەم بابەتە جا منیش پێم وت : یەكەم : دەبێتە هۆی كات بەفیڕۆدان و دووەم : عەورەتەكانی تێدا دەردەكەوێت چونكە دایناپۆشن تەنها نیوەی ڕانیان نەبێت ، ئەویش وتی : نەخێر دروستە، منیش وتم : پرسیارت بۆ دەكەم لە ( ابن عثيمین ) .
وەڵام لە لایەن شێخ (ابن عثیمین )ەوە :
پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی : ((من كان يؤمن بالله واليوم الآخر فليقل خيرا أو ليصمت)) واتە : هەركەس باوەڕی بە خوا و ڕۆژی دوایی هەیە با چاكە بڵێت یان بێدەنگ بێت .
جا ئەگەر ڕێگریمان لێكرا بێت لە قسەكردن مەگەر بە چاكە ئەوا كردەوەكردن ئەولاترە، جا سەیركردنی یاری لە واقیعدا چەند مەترسیەكی تێدایە لەوانە :
1 . بە فیڕۆدانی كات, چونكە ئەوەی تووش بووە بە سەیركردنی ئەم یاریانە دەبینیت ئەوەندە پێوەی سەرقاڵە تاوەكو كاتێكی زۆری لەدەست دەچێت، وە لەوانەیە نوێژی بەكۆمەڵی لەدەست بچێت وە لەوانەشە ئەنجامدانی نوێژی لەكاتی خۆیدا لەدەست بچێت .
2 . سەیری كەسانێك دەكات نیوەی ڕانیان دەرخستووە، و ڕانیش لای زۆرێك لە زانایان عەورەتە، وە وای دەبینین كە گەنج بۆی نیە بەشێك لە ڕانی دەربخات بەتایبەتیش ئەگەر زۆر لەسەرووی ئەژنۆیەوە بێت .
3 . لەوانەیە بە گەورەڕاگرتنی كەسانێك بكەوێتە دڵیەوە كە لە فاسقترین یان بێباوەڕترین بەندەكانی خوا بێت، جا گەورەڕاگرتنی كەسێك دەكەوێتە دڵیەوە كە شایستەی بە گەورە ڕاگرتن نیە، و ئەمەش بێگومان شتێكی مەترسی لێكراوە (محذور) .
4 . دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی ماڵ، چونكە ئەم ئامێرە ( تەلەفزیۆن ) بە وزەی كارەبا ئیش دەكات و وزە بەكاردەبات ئەگەرچی بەكاربردنەكەش كەم بێت بەڵام لەبەرئەوەی نەسوودێكی دینی وە نە دونیایی تێدایە بۆیە بە بەفیڕۆدانی ماڵ دادەنرێت .
5 . هەندێك جار سەردەكێشێت بۆ شەڕ و ناكۆكی، جا ئەگەر كەسێك هاندەری ئەم نادیە یان ئەم فەریقە بێت و سەربكەوێت، كەسێكی تر هەیە هاندەری نادیەكەی تر یان فەریقەكەی ترە بەم هۆیەشەوە ناكۆكی و دەمەقاڵێ‌ لە نێوانیاندا دروست دەبێت .
جا لەبەرئەمە دەڵێم : ئامۆژگاریەك بۆ گەنجان بەتایبەتی و بۆ جگە لەوانیش بەگشتی : كاتەكانی خۆیان بەفیڕۆ نەدەن لەسەیركردنی ئەم یاریانە، و با زۆر بیربكەنەوە :
چی دەست دەكەوێت لە سەیركردنی؟ سوودی چیە؟
پاشان لە هەندێك لە یاریەكاندا دەیانبینیت بۆ نموونە ڕادەكەن پاشان هەندێكیان باوەش دەكەن بە هەندێكی تریاندا، وە گەلێك جار هەندێكیان دەچنە سەرشانی هەندێكی تریان وە چەند هەڵسوكەوتێكی تری هاوشێوەی ئەوە دەكەن كە پێچەوانەیە لەگەڵ سیفەتەكانی پیاوەتیدا ( مروءة ) .
وصلی الله وسلم علی نبینا محمد
سەرچاوە : ( لقا‌ء الباب المفتوح : 170 ) .