وێنــەی ڕاستەقینەی دونــــــیـــا
بەروار: 2014/05/18سەردارن: 2976نوسەر: پشتیوان حەسەن كەرەم

الحمدُ لِلهِ ربِّ العالمين والصلاةُ والسلامُ على رسولِ اللهِ الصادق الأمـيـن المبعوثِ رَحــمـةً لِلعالـميـن, أمــا بــعــد:
خوێنەری بەڕێز: ئەم ژیانەی كە من و تۆی تێدا دەژین, بریتی نیە لە ژیانی هەمیشەیی و نەبڕاوە بەشێوەیەك كە پێوەی پەیوەست ببین و پشتی پێ ببەستین و دڵی پێ خۆش بكەین, بەڵكو ئەم ژیانە تەنها قۆناغێكە لەو قۆناغانەی كە هەموو مرۆڤێكی پێدا تێپەڕدەبێت – بە من وتۆشەوە- ئەو قۆناغانەش بریتین لە :
أ- عەدەم (واتە قۆناغی نەبوون بۆنموونە ئێمە لەپێش سەد ساڵەوە نەبوو بووین وخوای گەورە ئێمەی هێناوە سەر ئەم زەمین وژیانە وئێستاش چەندینی تر لەو قۆناغەدان كە بەردەوام دێنە ژیانەوە).
ب- ژیانی دونیا ( ئەم ژیانەیە كە ئێستا ئێمەی تێدا دەژین و بۆ خواپەرستی هاتووینەتە ناوی).
ج- ژیانی بەرزەخ ( واتە ژیانی ناوگۆڕ كەلەپاش كۆتایی هاتنی ئەم ژیانی دونیایە ڕاستەوخۆ دەست پێدەكات و ئێستا چەندین كەس لەو ژیانەدان).
د- ژیانی نەبڕاوەی بەهەشت یان دۆزەخ.
بەڕێزان ئەوەی شایەنی باسە لێرەدا ئومێدەوارم لە پەیامەكەم تێگەیشتبن ئەوەیە كە بزانین ئێمە ئێستا لە چ قۆناغێكی ژیانداین و چ قۆناغێكمان بڕیوەو چەند قۆناغیشمان ماوە بۆ ئەوەی بگەینە ژیانی تەواوەتی كە بۆی دروستكراوین كە بریتیە لە ژیانی ئەو دونیاو چێژوەرگرتن لە خۆشی ونازو نیعمەتەكانی إن شاء الله, وە ئەو خاڵەی كە دەمەوێت لەسەر پیتی دانێم لێرەدا ئەوەیە كە با من وتۆش بەم ژیانی كاتی دونیایە هەڵنەخەڵەتێین و فریونەخۆین و دواڕۆژمان لەبیرنەباتەوە ئەمە لەكاتێكدا ئێمە هەربەسروشت بەرەو مردن ودواڕۆژ دەڕۆین كە دەبوو ڕوومان لێی بێت (چونكە مرۆڤ بەرەو هەر جێگایەك بڕوات ڕووی تێ دەكات) كەچی بەوشێوەیە نیەو پشتمان لێی كردووە و لەسروشتی خۆمان هەڵگەڕاوینەتەوەو خۆشی وحەزو ئارەزووەكانی دونیا فریوی داوین وچاوبەستی كردووین بەشێوەیەك مەگەر هەر ڕۆژی قیامەت, قیامەت بێتەوە بیرمان.
بەداخەوە لێرەو لەوێ‌ دەبینی كە ئەم گیرۆدەی ئارەزووی جنسی بووەو لەزانكۆو پەیمانگاو خوێندنگاكاندا هەموو دونیای لێ بووەتە شەهوەت, ئەو گیرۆدەی پارەوماددە بووەو ژیانی لێ بووەتە پارەوسامان وتەماح هتد.... ئەمەش بەدڵنیاییەوە یان لەبەر ئەوەیە كە ئیمانمان لاوازەو زۆر پەیوەست نین بە دینەكەی خۆمانەوە بۆ ئەوەی یادی مردن و قەبرو قیامەت بكەینەوە وكاری چاكە بكەین یاخود دونیامان لابووەتە لانكەی هەمیشەیی و پاڵمان لێ داوەتەوە وەكو بڵێی نامرین و وێنەی ڕاستەقینەی ژیانی دونیامان لا وون بووەو یان هەرنایزانین و خۆمانی لێ‌ تێ‌ ناگەیەنین بۆ ئەوەی ئالوودەی نەبین, خۆزگا دەرفەت هەبووایە چەند نموونەیەكتان بۆ باس بكەم لە قورئانە شیرینەكەی خوای گەورەدا كە چۆن باسی دونیامان بۆ دەكات ئەوجا باشتر دەتانزانی حەقیقەتی ئەم ژیانە چۆنەو لەپێناوی چیدا ئێمە لێرەین, خوازیارم ئێستا ڕوون بووبێتەوە لاتان مەبەست لە هەڵبژاردنی ئەم بابەتە بۆچی بووە.
پیاوچاكان فەرموویانە چێژو خۆشیەكانی ئەم دونیایە لەدڵدا وەكو تام وچێژی خواردن وایە لە گەدەدا, بۆیە لەكاتی مردندا مرۆڤ هەست بەپەشیمانی وناڕەحەتی دەكات بۆ ئەو هەموو خۆشی نازو نیعمەتە حەرامەی كە كە لەزەتی لێ وەرگرتبوو لە دونیادا وەكو چۆن خواردنێكی خۆش دوای هەرس بوونی لە گەدەدا دەبێتە چی وبۆ كوێ‌ دەڕوات؟ بۆیە خواردن هەتا چەورترو بەلەزەتتر و خۆشتربێت ئەوا پاشەڕۆكەشی قیزەونترو بۆگەنترە, بەو شێوەیە هەتا شەهوەت لە ناخ ودەرووندا بەهێزترو خۆشتربێت ئەوا ناڕەحەتی وپەشیمانیەكەی سەرەمەرگی ناخۆشترو سەختتر دەبێت.
هەندێ لەپێشینان وتوویەتی بە هاوەڵەكەی: وەرن با پێكەوە بڕۆین دونیاتان پیشان بدەم, بردوونی بۆ سەر زبڵكوان (سڕكەوان) و پێی وتوون: تەماشای بەروبووم ومریشكە برژاو و هەنگوین و خواردنە خۆشەكانی مرۆڤ بكەن !!!!
ئازیزان.... ئەو چارەنووسەی بۆی دەڕۆین هەموومان هاوبەشین تێیدا و بۆ یەك داهاتوویش بەڕێوەین و هەموویشمان دەبێت بەم ژیانی دونیایەدا تێپەڕببین, بەڵام ئەوەی جیامان دەكاتەوە تەنها كردەوەكانمانن,[فَرِيقٌ فِي الْجَنَّةِ وَفَرِيقٌ فِي السَّعِيرِ] (الشوری :7)واتە دەستەو تاقمێك لەبەهەشتن ودەستەو تاقمێكی تر لە دۆزەخ.
دەبا پێكەوە بیرێك بكەینەوەو ئەم ساتەوەختەی كە ئەم دێڕانە دەخوێنیتەوە ببێتە خاڵی وەرچەرخان لە تەمەنتدا و ناوبانگ و پارەو پۆست وبڕوانامە و زانكۆ وپەیمانگا و دۆستی خراپ سوودێكمان پێ ناگەیەنن, تەماشایەكی گۆڕستانەكان بكەن ئەوجا باشتر ولەنزیكەوە بۆمان دەردەكەوێت كە پڕن لەكەسانێك كە پێیان وابوو ژیان بەبێ ئەوان ناڕوات !!!