الحمد لله رب العالمين والصلاة والسلام على أشرف المرسلين، نبينا محمد وعلى آله وصحبه أجمعين.
وبعد..
ئەوەی سەیرێكی ڕووداوە زۆر و سەیر و سەمەرەكانی ڕۆژگاری ئەمڕۆی ئەم جیهانە بكات ئەوەی بە ڕوونی و ئاشكرایی بۆ دەردەكەوێت كە هەڵسوكەوت و هەڵوێستی زۆرینەی خەڵكی ئەم سەردەمە جێگیر نیە لە سەر ڕایەك و هەمیشە لە گۆڕان و دژیەكیەكی سەیردایە و ئەوەی ئەمڕۆ دەوترێت و باس دەكرێت دەبینی سبەی لێی پەشیمان دەبێتەوە ,وە ئەوەی دوێنێ گرنگترین بابەت بوو ، وە خوێَنی لە سەر دەڕژا ئەمڕۆ پشتگوێ خراوە ، و هەر باسی لێوە ناكرێت , وە ئەوەی پێش چەند ساڵێك بڤە وحەرام بوو ئەمساڵ نۆش وحەڵاڵە و بە پێچەوانەشەوە ! خۆ ئەگەر ئەم خووانە بۆ خەڵكانێكی دونیایی كارێكی ناشرین و مایەی نەنگی بێت ئەوا بێگومان بۆ خەڵكە موسوڵمان و دیندارەكان چەندین جار مایەی نەنگییە و یاری كردنە بە ئیسلام و دەسكاری كردنی حوكم و یاساكانێتی بە پێی حەز و ئارەزووی كەسەكان یان بەرژەوەندی لایەن و حزبەكان و هۆكارێكە بۆ لەكەداركردن وناشرینكردنی ئەم ئیسلامە جوانە.
بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانەش ,هەمیشە خەڵكانێك هەبوون ,ئەگەر چی كەمینەبوون, كە بەردەوام و لە هەموو سەردەمەكان ,كۆن بێت یان تازە ,وە لە هەموو بارەكان, چ لە كاتی خۆشی و ئاشتی بێت یان لە كاتی ترس و تۆقاندن بێت , چ لە كاتی دەسەڵات داریدا بێت یان لە كاتی لاوازی و بێ دەسەڵاتی و لێرە و لەوێ لەم پەڕی رۆژهەڵات بۆ ئەوپەڕی رۆژئاوا هەمیشە و هەردەم بانگەواز وهەوڵ و تێكۆشانیان بۆ حەق و ڕاستی و دروستی و تێگەیاندنی خەڵكی لە ڕێبازی ڕاستەقینەی ئیسلام بووە دوور لە هەموو مەبەستێكی دونیایی یان ئامانجێكی تاكە كەسی وحزبی وە هیچ كات ستەمی ستەمكاران و پارە ڕژاندنی دونیاویستان وای لێ نەكردوون كە بە ئەندازەی تاڵە موویەك لە ڕێگای راست لابدەن و سازش بكەن و لە گەیاندن وڕوونكردنەوەی ڕێبازی حەقی پێغەمبەرایەتی , وە ئەوەی لە سەردەمی پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم بەشێك نەبوبێت لە ئیسلام ئەمڕۆ نایهێننە نێو ئیسلامەوە. وە ئەم ڕاستیە لە هەڵوێست و كردار و گوفتاری ڕێبوارانی ئەهلی حەق لە كۆن و تازەدا بە ڕوونی دەردەكەوێت , لە پێشەوەی هەموشیانەوە پێشەوای حەقویستان پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم كە نە ترس و تۆقاندن و هەڕەشەكردن و دەربەدەركردن و نە ماڵ و سەروەت و پلەوپایەی دونیایی وای لێ كرد كە تا ئەو رۆژەی گەڕایەوە لای پەروەردگاری دەست بەرداری بانگەوازی یەكخواپەرستی بێت , دوای ئەویش خەلیفە جێگیر و هۆشمەندەكانی بە هەمان شێوە بوون تا سەریان نایەوە , ئەوەتا پێشەوا أحمدی كوڕی حەنبەل كە نە ڕق و زیندان و ئەشكەنجە و قامچی خەلیفە موعتەزیلەكان و نە خۆشەویستی و ئەو پلە و پارە زۆرەی كە پێشكەشیان دەكرد وای لێ كرد كە دەست بەرداری حەق وتن بێت , وە هەرگیز شتێك لە (شێخ بن باز) ەوە نەگێڕدراوەتەوە كە تێیدا سازشی لە وتن و كارپێكردنی حەق كردبێت لە سایەی ئەو ناز و خۆشیەی كە خوای گەورە بۆی رەخساندبوو ، وە لە هەمان كاتدا ئەو ستەم نەهامەتی و وڵات بەدەركردنەی بە سەر شێخ ئەلبانیدا هات وای لێ نەكرد كە دەست بەرداری حەق بێت و لە ڕقدا شتێك بڵێت كە پێچەوانەی حەق بێت.