بسم الله الرحمن الرحيم
الحمدلله وحده، والصلاة والسلام على من لا نبـي بعده :
خوای گەورە ژیانی دونیای بۆ تاقیكردنەوەی بەندەكانی دروست كردووە تاوەكو چاكەكار و خراپەكار لەیەكتر جیاببنەوە ، و لە ڕۆژی قیامەتیشدا هەركەس بە پێی كردەوەی خۆی پاداشت وەربگرێت .
نابێت هیچ كەسیكی ژیر لەم دونیایەدا چاوەڕوانی ژیانێكی تەواو خۆشی بێ كێشە بكات، چونكە خوا سبحانە بەڵێنی تاقیكردنەوەی بەندەكانی داوە لەڕێگەی بەڵا و موسیبەتەكانەوە و خواش بەڵێنی خۆی ناشكێنێت و دەیباتەسەر ، وەكو فەرموویەتی : [وَلَنَبْلُوَنَّكُمْ حَتَّى نَعْلَمَ الْمُجَاهِدِينَ مِنْكُمْ وَالصَّابِرِينَ](محمد : 31 ) واتە : سوێند بە خوا تاقیتان دەكەینەوە تاوەكو تێكۆشەران و ئارامگرەكانتان بزانین و لە دونیادا ئاشكرا ببن .
هەروەها فەرموویەتی:[ الَّذِي خَلَقَ الْمَوْتَ وَالْحَيَاةَ لِيَبْلُوَكُمْ أَيُّكُمْ أَحْسَنُ عَمَلاً]( الملك : 2 ) . واتە : پەروەردگار مردن و ژیانی دروستكردووە بۆ ئەوەی تاقیتان بكاتەوە كامتان كردەوەی چاكترە .
كەواتە تا لە دونیادا بیت هەر بەڵا و ناخۆشیت بەسەردا دێت .
* تاقیكردنەوەت بە پێی باوەڕەكەتە
پرسیار كرا لە پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم : (( أَيُّ النَّاسِ أَشَدُّ بَلَاءً؟ )) واتە : كێ لەناو خەڵكیدا بەڵای لە هەمووی قورسترە؟ ئەویش فەرمووی : ((الْأَنْبِيَاءُ ثُمَّ الْأَمْثَلُ فَالْأَمْثَلُ فَيُبْتَلَى الرَّجُلُ عَلَى حَسَبِ دِينِهِ فَإِنْ كَانَ دِينُهُ صُلْبًا اشْتَدَّ بَلَاؤُهُ وَإِنْ كَانَ فِي دِينِهِ رِقَّةٌ ابْتُلِيَ عَلَى حَسَبِ دِينِهِ )).(رواه ابن ماجه وصححه الألباني) . واتە : پێغەمبەران پاشان پیاوچاكان ( بە پێی پلەیان ) ، پیاو ( هەروەها ژنیش ) بە پێی دینەكەی تاقی دەكرێتەوە ، ئەگەر دینی پتەو بێت ئەوا بەڵای قورستر دەبێت ، ئەگەریش دینەكەی لاوازی تێدا بێت ئەوا بە گوێرەی ئەوە تاقی دەكرێتەوە .
* لە پێش دابەزینی بەڵا و موسیبەت چی دەكەیت؟
پێش دابەزینی بەڵا داوای سەلامەتی و لەشساغی لە خوای گەورە بكە، و نەكەی وەكو ئەو كەسانە بیت كە خۆزگە دەخوازن بەڵایان بەسەردا بێت، چونكە تۆ نازانیت ئایا لەو كاتەدا ئارام دەگریت یاخود پەنا بە خوا هەڵدەگەڕێیتەوە لە ئاینەكەت و كوفر دەكەیت .
* لە پاش دابەزینی بەڵا و موسیبەت چی دەكەیت؟
لێرەدا مەبەستمان لە بەڵا و موسیبەت هەموو ناخۆشیەكە كە بەسەر مرۆڤدا دێت لە نەخۆشی ، مردنی خۆشەویستان ، خەم و خەفەت و بێتاقەتی و .... هتد
لە كاتی توشبوون بە بەڵا :
أ . زۆر دوعا بكە و لە خوای گەورە بپاڕێرەوە، و بزانە كە كەس توانای لابردن و سووككردنی ئەو ناخۆشیەی نیە كە بەسەرتدا هاتووە جگە لە الله، وە هەر ئەویشە وەڵامی پاڕانەوە دەداتەوە و بەهانای لێقەوماوەنەوە دێت ، هەروەكو فەرموویەتی :[وَقَالَ رَبُّكُمْ ادْعُونِي أَسْتَجِبْ لَكُمْ](غافر : 60 ) .
واتە : پەروەردگارتان فەرموویەتی لێم بپاڕێنەوە وەڵامتان دەدەمەوە .
ب . ئارام بگرە " صبر " ، واتە : زمان و ئەندامەكانی تری لاشەت بگریت و بپارێزیت لە توڕەبوون و بێزاری دەربڕین لەو ناخۆشیەی كە تووشت بووە .
بۆ ئەوەی ئارام گرتنیشت لەسەر ئاسان بێت بیر لەم شتانە بكەرەوە :
1 . ئەگەر ئارام نەگریت چی دەكەیت ؟
هیچ شتێكت پێناكرێت جگە لە ناشوكری و خۆ تاوانباركردن چونكە هەموو شتێك بەدەستی ئەو خوایەیە كە ئەو ناخۆشیەی بەسەردا هێناویت .
2 . بیر لە پاداشتی ئارامگرەكان بكەرەوە :
پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی :(( مَا مِنْ مُصِيبَةٍ تُصِيبُ الْمُسْلِمَ إِلَّا كَفَّرَ اللَّهُ بِهَا عَنْهُ حَتَّى الشَّوْكَةِ يُشَاكُهَا )) ( البخاري : 5640 ) . واتە : هەر موسیبەتێك تووشی موسڵمان ببێت ئیللا خوا بە هۆیەوە لە تاوانەكانی دەسڕێتەوە هەتا ئەگەر دڕكێكیش بچێت بە لەشیدا .
3 . لەوانەیە پلەیەكت بۆ دانرابێت لە لای خوای گەورە بەو بەڵایە نەبێت پێی نەگەیت، وەكو پێغەبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی : (( إِنَّ الرَّجُلَ لَتَكُونُ لَهُ الدَّرَجَةُ عِنْدَ اللَّهِ لا يبلغها بِعَمَل حَتَّى يُبْتَلَى بِبلاء في جسمِهِ فَيَبْلُغُهَا بِذَلِكَ )) ( حسن / ابن حبان : 2908 ) . واتە : بێگومان پیاوی واهەیە پلەیەكی بۆ دانراوە لە لای خوا بە كردەوە پێی ناگات تاوەكو تووش دەبێت بە بەڵایەك لە جەستەیدا ، جا خوا بە هۆی ئەو بەڵایەوە دەیگەیەنێت بەو پلەیە .
4 . ئەو بەڵایەی بەسەر تۆدا هاتووە سوكترە لە بەڵای كەسانی تری دەوروبەرت ، جا بۆیە سوپاسی خوا بكە كە بە گەورەتر تووشی نەكردوویت .
5 . بزانە ئەو ناخۆشیەی تووشت هاتووە ماوەیەكی كەمە و لادەچێت بە ویستی خوا سبحانە، جا بۆیە هەوڵا بدە ئەو ماوە كەمە بە جوانی بەڕێ بكەیت و ببیتە یەكێك لە ئارامگرەكان .
6 . ئەو ناخۆشیانەی كە بەسەر موسڵماندا دێت لە دونیادا بۆ سڕینەوەی تاوانەكانی و پلە بەرزكردنەوەیەتی ، جا وریابە .
7 . ئەو موسڵمانانەی تووشی بەڵا دەبن خوای گەورە خۆشی دەوێن – إن شاو الله -، چونكە پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەرموویەتی :(( إِنَّ اللهَ إِذَا أَحَبَّ قَوْمًا ابْتَلَاهُمْ )) ( أخرجه الترمذي وحسنه الألباني ) واتە : ئەگەر خوا گەلێكی خۆش بوێت تاقیان دەكاتەوە
والحمدلله والصلاة والسلام على رسول الله