پشوو مەدە ، تا پشوو بدەی
بەروار: 2014/02/16سەردارن: 3111

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
بەڕێزان و خۆشەویستان : ڕەنگە ئەم ناونیشانەی ‏سەرەوە لای هەندێكتان ڕوون نەبێت و لە مانا و ‏مەبەستەكەی نەگەن ، بەڵام لەم بابەتە كورتەدا مانا و ‏مەبەستەكەی دەخەمە ڕوو بە ئومێدی ئەوەی بتوانی بە ‏وردی بیخوێنیتەوە و سوودی لێ ببینی .‏
بەڕێزان : خوای گەورە مرۆڤ و جنۆكەی تەنها بۆ ئەوە ‏دروست كردوە كە خوای گەورە بپەرستن هەروەكو ‏دەفەرموێت : ‏ ‏‏[وَمَا خَلَقْتُ الْجِنَّ وَالإِنسَ إِلاَّ لِيَعْبُدُونِ] (سورة الذاريات : 56)‏
جا خۆشەویستان مادام زانیمان كە خوای گەورە ‏ئێمەی بۆ بەندایەتی كردنی دروست كردووە ، و لە ‏پاداشتی ئەو بەندایەتییەش بەهەشتی پڕ لە ناز و ‏نیعمەتی هەتا هەتاییمان پێ دەبەخشێت بۆیە ئەبێت لە ‏ئەنجامدانی عیبادەت كردنی خوای گەورە هیچ كات ‏پشوو نەدەین و بەردەوام خەریكی كاری چاكە و خێر ‏بین و هیچ كات هەست بە ماندوبون و بێ تاقەتی نەبین ‏، چونكە ژیانی ئەم دونیایە كورتە و دەڕوات ئەوەی كە ‏دەمێنێتەوە ئەو كردەوە چاكانەیە كە لە كاتی خۆشی و ‏ناخۆشی ، لە كاتی سەرما و گەرما ، لە كاتی تێر و ‏برسێتی ، لەكاتی لەشساغ و نەخۆشی ، لەكاتی ‏دەوڵەمەندی و فەقیری ... ئەنجاممان داوە .‏
بەڵێ خۆشەویستان : ئێمەی موسڵمان لەم دونیایەدا ‏ڕێبوارین و لەسەفەرداین و ماڵی هیچ كەسێكمان لەم ‏دونیایەدا نیە بەڵكو ماڵی هەموو یەكێك لە ئێمە لە ‏بەهەشتدایە بەو مەرجەی كەوا لەم سەفەرە كورتەی ‏دونیاماندا پشوو نەدەین و بەردەوام بین لەسەر ‏ئەنجامدانی پەرستشەكان و خۆمان بە دوور بگرین لە ‏تاوان و خراپەكان و صەبر و ئاراممان هەبێت لەسەر ‏ئەنجامدانی كردەوە چاكەكان و خۆڕاگریش بین ‏لەبەرامبەر بە تاوانەكان و نەفسی بەدكار و شەیتانی ‏نەفرەت لێكراو وامان لێ نەكات كەوا ئەم دونیا چەند ‏ڕۆژیەمان وا لە پێش چاو خۆش و شرین بكات كەوا ‏فكرمان لە خۆشی و ناز و نیعمەتی بەهەشت ببڕێت .‏
بەڵێ خوشكان و برایانی بەڕێزم : تاوەكو توانات هەیە و ‏گەنجیت هەوڵبدە ئەو تەمەنە جوانەت لە عیبادەت ‏كردنی خوای گەورەدا سەرف بكە و پشوو مەدە و ‏توێشوو بۆ قەبر و قیامەتی خۆت كۆبكەرەوە بۆ ئەوەی ‏لە بەهەشتدا بۆ هەتا هەتایە پشوو بدەی ، ئەو ‏بەهەشتەی كە خوای گەورە لەبارەیەوە دەفەرموێت : [‏فَلا تَعْلَمُ نَفْسٌ مَا أُخْفِيَ لَهُمْ مِنْ قُرَّةِ أَعْيُنٍ جَزَاءً بِمَا كَانُوا يَعْمَلُونَ ‏]‎ ‎‏ السجدة: 17 . واتە : جا هیچ كەس لەو ‏بەختەوەرانە نازانێت چی بۆ هەڵگیراوە و شاراوەتەوە ‏لە ناز و نیعمەتی جۆراوجۆر ، كە چاوەكان پێ‌ی گەش ‏دەبنەوە ، لە پاداشتی كار و كردەوەی پاك و چاكیاندا ‏كە ( دونیادا ) ئەنجامیان دەدا .‏
بەڵێ بەڕێزان: خوای گەورە داوای لێ كردووین كەوا ‏پێشبڕكێ بكەین بۆ بەدەستهێنانی لێبوردنی خوایی و ‏بەدەستهێنانی بەهەشت وەك دەفەرموێت :‏[وَسَارِعُوا إِلَى مَغْفِرَةٍ مِنْ رَبِّكُمْ وَجَنَّةٍ عَرْضُهَا السَّمَوَاتُ وَالأَرْضُ ‏أُعِدَّتْ لِلْمُتَّقِينَ] (سورة آل عمران : 133) .واتە : پێشبڕكێ بكەن بۆ لێ بوردنێكی گەورە لەلایەن ‏پەروەرگارتانەوە، وە بۆ بەهەشتێك كە پانییەكەی (بە ‏ئەندازەی) ئاسمانەكان و زەوی یە كە ئامادە كراوە بۆ ‏لە خوا ترسان.‏
بەڵام بەداخەوە زۆرێك لەخەڵكی بە پێچەوانەوە ‏پێشبڕكێ دەكەن بۆ بەدەستهێنانی ماڵی دونیا .‏
دوا وتەم ئەوەیە كە ئەبێت هەمیشە هەوڵ بدەین بۆ ‏ئەوەی خوای گەورە لە خۆمان ڕازی بكەین و هیچ كات ‏هەست بە ماندووی نەكەین و پشوو نەدەین تاوەكو ‏مردن هەر وەكو خوای گەورە دەفەرموێت :‏[وَاعْبُدْ رَبَّكَ حَتَّى يَأْتِيَكَ الْيَقِينُ] (سورة الحجر : 99) واتە : وە پەروەردگارت ‏بپەرستە هەتا مردن یەخەت پێ دەگرێت.‏