نامەیەك بۆ برای غەریب و نامۆ..‏
بەروار: 2013/04/16سەردارن: 2807نوسەر: بلال جلال

سڵاوی پاك و موبارەكی خودا ، سڵاوی ئیسلام و ‏ئاشتی ، خۆشەویستی و برایەتی ، یەك دڵی و ‏پاڵاوتەیی ، پێشكەش بە تۆی بەڕێز..‏
برا ئازیزەكم... هەرچەن لە غەریبێكی دوور لە وڵات ‏دەچی و كەسوكارت لا نیە ، بەڵام وشەی غەریب تەنها ‏بۆ ئەوە نیە ، غوربەتی ئەم جارەت هی دوری نیە لە ‏خەڵك و وەتەن ، لە خزم و خێزان ، لە دۆست و هاوەڵان ‏، نا.. نا.. ئەم جارەیان غەریب بوویت ، چونكە وا ‏هەنگاوەكانی ئەم جارەت لە تاوان و لاڕێیی هەڵدەگریت ‏و لە وڵاتی بێ‌ ئاگایی كۆچ دەكەیت بۆ وڵاتی بە ‏ئاگابوون و وریایی، لەو وڵاتەی نەهامەتی دەڕۆیت و ‏ئاوڕ نادەیتەوە ، دەتەوێ‌ بڕۆیت ، ڕۆشتنی یەك ‏جارەكی ، ناتەوێ‌ بژیت و بناسرێیت ، دەتەوێ‌ بڕۆیت ‏و غەریبی هەڵدەبژێریت ، ئای لەو كۆچەت چەند ‏پێچەوانەی كۆچەكانی تری خەڵكە ، كۆچەكانی تری ‏خەڵك نزیكەكان دەگرێنێ‌ و هەست و خۆشەویستیان ‏دەبزوێنێ‌ ..! بەڵام ئەم كۆچەی تۆ بە پێچەوانەوە ، ‏توندیان دەكات ، پەست و مەست ، توڕە و زویر ، ‏لاساریان دەكا ، لە جیاتی دڵ نەرمی و گریان ، هاوارت ‏بەسەردا دەكەن و توڕە دەبن ، تانە و تەشەرت لێ‌ دەدەن ‏، بەبینینت سیس سیس دەبن...!! ئەوە بۆچی وات لێ‌ ‏دەكەن ..؟! خۆ تۆ هەر تۆی ، خۆ هەر خۆتی ...؟! ‏تەنیایت بەسەردا دێنن ، و تاك دەتبینن...!! نامۆ و ‏سەیر و وشك دەتبینن ...!! دەڵێن توندی ، ناپەسەندی ‏، كە تا دوێنێ‌ هەر ئەتۆبووی كاك ئەفەندی..!!‏
بەڵام كاكە كۆچەرییەكەم ، تۆ نامۆنیت ، ئەوەندەش ‏نەنگ و بێ‌ بۆ نیت ، تۆ غەریبی ، با زیز بن لێت ، با ‏پیس بن لێت ، با ببنە گوللە بارانی ڕێت ، خۆت چاك ‏چاكێ ، جوان دەزانی ، ئەوەی بۆ كۆچ.. نزیكانی ‏دوردەبن لێی ، بەڵام ڕاستە كەوا دەڵێن:‏
ئەوەی خودا بەدەست بێنێ‌ چی لەدەست داوە..؟
ئەوەی خودا لە دەست بدات چی بەدەست هێناوە؟
غوربەتی تۆ پشتكردنە لە سەرپێچی و تاوانەكانی ‏رۆژگارت ، پەیوەست بوونتە بەفەرمانی پەروەردگارت ، ‏ئێستاكە تۆ سەرقاڵی خودا لەخۆ ڕازی كردنی ، جا ‏هەروابە ، چەسپاو و دڵ دامەزراوبە ، گوێ‌ مەدە و هەر ‏بەردەوامبە ، دوای ماوەیەك خۆت دەبینی خودا ‏هیدایەتی داویت ، دەشیبینی چۆن بەڕێز بوویت ، ‏بەڵام ئاممان نەكەی هەڵسوكەوتت لەگەڵ پێشترتا ‏یەكسان بێت ، بزانە ئادابەكانی هەڵسوكەت و دین ‏داری چەن سەنگینە ، بزانە وتەكانیان چەن ڕەنگینە ، ‏بۆ ئەوەی جوان و گەورە بیت..‏
وە بەڕاستی ئەو كەسەمان كە وەسفەكانی سەلەفی ‏صالح دەزانێت ، چاك ئاگای لە خۆی دەبێت و جوان ‏دەزانێت چ كارێك دەكات براكەم..‏
جا داواكارم خودا لە غوربەتا بمان بورێ‌ و سەرمان ‏بخات بەسەر ناهەموارییەكاندا.. ئامین