یەکەم: پێناسەی " الوُضوء " ، وفەزڵەکانی ، وئەحکامەکانی .
بەروار: 2020/07/08سەردارن: 971نوسەر: وەرگێڕانی : ستافی ماڵپەڕ

یەکەم: پێناسەی " الوُضوء " 
" الوُضوء " لەڕووی زمانەوانیەوە لە" الوضاءة " ـەوە هاتووە ، کەئەویش بەمانای : جوانی ، ودرەوشاوەیی ، وپاکی دێت.
و "  الوُضوء " بەزەمی " الواو " کاری دەست نوێژ گرتنە ، بەفەتحی " الواو " ئاوی ئامادەکراوە بۆ دەست نوێژ ، و " المِيضأة " ئەو جێگەیەیە کەدەستی نوێژی تێدا دەگیردرێت.

و "  الوُضوء " لەڕووی عورف وئیستڵاحی بەکار هێنانەوە:
بەندایەتی کردنە بۆ خودا بەشوشتنی چەند ئەندامێکی دیاری کراو ، وبەشێوەیەکی تایبەت(۱).

دووەم: فەزائیلەکانی دەست نوێژ:
1- دەست نوێژ بەشێکە لەئیمان.
2- دەست نوێژ تاوان دەسڕێتەوە.
3- پارێزگاری کردن لەدەست نوێژ نیشانەی باوەڕە.
4- دەست نوێژ یەکێکە لەهۆکارەکانی چوونە بەهەشتەوە.

سێیەم: ئەو شتانەی کەدەست نوێژی بۆ دەگیردرێت
1- دەست نوێژ گرتن بۆ بانگدان(2).
سوننەتە بۆ بانگدان دەست نوێژ بگیردرێت.

2- دەست نوێژ گرتن بۆ نوێژ کردن
ــ حوکمی دەست نوێژ گرتن بۆ نوێژ کردن:
پاکی لەبێ دەست نوێژی ودوور بوون لە لەشگرانی مەرجە بۆ دروستێتی نوێژ(3).

ــ تازەکردنەوەی دەست نوێژ بەهەموو نوێژێك:
تازەکردنەوەی دەست نوێژ بەهەموو نوێژێك سوننەتە(4)، ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکه.

ــ دەست نوێژ گرتن بۆ نوێژی جەنازە:
پاکی لەبێ دەست نوێژی ولەشگرانی مەرجە بۆ دروستێتی نوێژی جەنازە(5).

ــ دەست نوێژ گرتن بۆ  سەژدەی قورئان خوێندن:
زانایان خیلافیان هەیە لەبارەی بەمەرج دانانی دەست نوێژەوە بەنیسبەت سەژدەی قورئان خوێندنەوە ، و دوو بۆچوونیان هەیە دانەیەکانی بەمەرجی دەزانێت ، ئەویتریان بەمەرجی نازانێت(6).

3- دەست نوێژ گرتن بۆ تەواف کردن:
زانایان کۆ دەنگن لەبارەی دروستێتی دەست نوێژ گرتن بۆ تەواف کردن ، بەڵام جیاوازن لەبارەی واجب بوونیەوە(7). 

4-دەست نوێژ گرتن بۆ قورئان خوێندن:
دروستە بۆ کەسێک کەدەست نوێژی نەبێت قورئان بخوێنێت بەبێ ئەوەی دەست بدات لەقورئان ، هەر چەند باشتر وایە دەست نوێژ بگرێت بۆی ؛ هەریەک لە: ابن عبدالبر ، و القاضي عیاض ، والنووي ،وابن تيمية کۆدەنگیان لەبارەی دروستێتی قورئان خوێندنی کەسی بێ دەست نوێژەوە نەقڵ کردووە.

5- دەست نوێژ گرتن بۆ دەست دان لەقورئان:
خوێندەنەوەی قورئان بە بێ دەست نوێژ دروستە چ بە لە بەر كراوی بێت یان لە ناو قورئانەكەدا خۆی بێت یان لە ناو مۆبایلدا بێت چونكە هیچ بەڵگەیەكی صەحیح و صەریح نەهاتووە خوێندەنەوەی قورئان بە بێ دەست نوێژ حەرام و قەدەغە بكات:
دایكە عائیشە ڕەزای خوای لێبێت فەموویەتی: (كان رسول الله  يذكر الله على كل أحيانه) [سلسلة الأحاديث الصحيحة رقم: (406)] واتە: پێغەمبەری خوا  لە هەموو حاڵەتێكدا زیكری خوای دەكرد.
بەڵام باشتر وایە و سوننەتە بە دەست نوێژەوە زیكر و قورئان بخوێنێت، بە بەڵگەی ئەم فەرموودەیە كە پێغەمبەری خوا  فەموویەتی: (إنـي كرهتُ أنْ أذكرَ الله إلاَّ على طهارة) [صحيح أبي داود رقم: (17)] واتە: من پێم باش نى یە زیكری خوا بكەم ئیللا بە پاكی (واتە: بە دەستنوێژەوە) نەبێت.

6- دەست دانی منداڵ لەقورئان بەبێ دەست نوێژ:
دروستە بۆ مێر منداڵ بۆ فێر بوون و لەبەر کردن دەست بدات لەقورئان ، هەر چەند دەست نوێژیشی نەبێت (8) ، ئەمە دەقی قسەی جمهورە لە : حەنەفی ، ومالکی ، وشافعیەکان ، وبۆچوونێکیشە لای حەنبەلیەکان.
 
7- دەست نوێژ گرتن لەکاتی نوستندا:
سوننەتە لەکاتی نوستندا دەست نوێژ بشۆردرێت ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکه.

8- دەست نوێژ گرتن بۆ کەسی لەشگران لەکاتی خواردن وخواردنەوەدا:
کەسی لەشگران گەر ویستی خواردن بخوات وخواردنەوە بخواتەوە یاخود بنوێت ، ئەوا سوننەتە دەست نوێژ بشۆرێت ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: مالکی ، وشافعی ، حەنبەلیەکان ، وابن حزم هەڵی بژاردووە.

9-دەست نوێژ گرتن لەکاتی دوو بارە کردنەوەی جیماع دا:
سوننەتە بۆ کەسی لەش گران گەر ویستی دووبارە جیماع بکات دەست نوێژ بگرێت ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکه ، وبۆچوونی کۆمەڵێک لەهاوەڵان وتابعین ، وزۆرێک لەزانایانە.


(۱) ابن عثیمین دەڵێت: ( گەر بوترێت : ئەوە پێناسەیەکی هەڵەیە ؛ لەبەر ئەوەی دەڵێی: ئەندامانێکی دیاری کراو ، لەکاتێکدا سەر بەشێکە لەئەندامەکان ؟
لە وەڵامادا دەڵێین: ئەوە لەبابی "تغلیب"ـە واتە: بابەتی زۆرینە ، بەو مانایەیی کەزۆربەی ئەندامەکان دەشۆردرێت).[ الشرح الممتع : ۱ / ۱۸۳ ].
(2)لەبابەتی نوێژدا باسی دەکەین.
(3)لەبابەتی نوێژدا باسی دەکەین.
(4) زانایان کۆدەنگن لەسەر ئەوەی دروستە چەند نوێژێک بەیەک دەست نوێژ بکرێت ، ویەکێک لەوانەی کۆدنگی نەقڵ کردووە ابن تیمیة"یە.
(5) لەبابەتی نوێژدا باسی دەکەین.
(6) لەبابەتی نوێژدا باسی دەکەین.
(7) لەبابەتی حەج دا باسی دەکەین.
(8) بەڵام باشتر وایە فەرمانی پێ بکرێت بەدەست نوێژ گرتن ، بەڵکو بەدەست نوێژەوە دەست بدات لەقورئان.